لەخه‌ڵكه‌وه

ئازاد كلتور و مێژوی شنگال ده‌پارێزێت

  • 2021-04-08
ئازاد كلتور و مێژوی شنگال ده‌پارێزێت
نه‌ینه‌وا/ 2021/ ئازاد حسێن له‌ نێو ژورێكی بچوكی ماڵه‌كه‌یدا كه‌ كردویه‌تی به‌ شوێنی كۆكردنه‌وه‌ی شمه‌كی كۆنی شنگال فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو
عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

ناوم ئازاد حسێن خه‌لیل، ته‌مه‌ن 25 ساڵه‌، خولیای من كۆكردنه‌وه‌ی شمه‌كی كلتوری و كۆنه‌، بۆیه‌ ژورێكی بچوكی خانوه‌كه‌م كردۆته‌ مۆزه‌خانه‌.

من خه‌ڵكی گوندی عوزێرمم له‌ ناحیه‌ی گرعوزێری قه‌زای شنگال، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ ئاواره‌یی، له‌ 2018دا گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ زێدی خۆم و ده‌ستمكرد به‌ كۆكردنه‌وه‌ی پارچه‌ و شه‌می كۆن.

له‌ ماوه‌ی ته‌نیا دو ساڵدا توانیومه‌ 250 پارچه‌ و شمه‌كی كۆن و كلتوری شنگال كۆبكه‌مه‌وه‌، ئێستا هه‌ر به‌دوای شمه‌كی كۆندا ده‌گه‌ڕێم، به‌ هه‌ر كه‌سێكیش ده‌گه‌م داواده‌كه‌م له‌و كاره‌دا هاوكاریم بكه‌ن، چونكه‌ ده‌مه‌وێت كلتور و مێژوی شاره‌كه‌م له‌ فه‌وتان بپارێزم.

له‌ نێو شمه‌كه‌ كۆنه‌كاندا پێداویستییه‌كانی ناوماڵ و كاری كشتوكاڵی و چه‌ندین پارچه‌ی دیكه‌ هه‌ن.

دوای ته‌واوكردنی قۆناغی سێیی ناوه‌ندی، به‌هۆی شه‌ڕی داعش و بارودۆخی ئاواره‌ییه‌وه‌ وازم له‌ خوێندن هێنا، ئێستا لێپرسراوی هونه‌رم له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شنگال، جگه‌له‌وه‌ش شیعر ده‌نوسم.

گه‌وره‌ترین كێشه‌ی به‌رده‌م خولیای من له‌ كۆكردنه‌وه‌ی شمه‌كی كۆندا، بچوكی شوێنه‌كه‌مه‌، پێویستم به‌ شوێن و هاوكاری لایه‌نێكی حكومی یان رێكخراوێكیشه‌، تا گرنگی زیاتر به‌ شنگال بده‌ین كه‌ ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ شوێنه‌وار.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT