لەخه‌ڵكه‌وه

مه‌ریوان به‌ مقه‌سته‌كه‌ی هاوكاری كرێكاران ده‌كات

  • 2021-05-01
مه‌ریوان به‌ مقه‌سته‌كه‌ی هاوكاری كرێكاران ده‌كات
كه‌ركوك/ نیسانی 2021/ مه‌ریوان سه‌عید به بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌م و هه‌ندێكجار بێ به‌رانبه‌ر له‌ مه‌یدانی كرێكاران سه‌رتاشی ده‌كات فۆتۆ: كاروان ساڵحی
كاروان ساڵحی - كه‌ركوك

شوێنی من ئێره‌یه‌؛ مه‌یدانی كرێكاران، لێره‌ هه‌ژار و نه‌دار لای من قژیان چاك ده‌كه‌ن یان ریش ده‌تاشن، بۆ هه‌ندێكیان هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك وه‌رناگرم و ئه‌وانی دیكه‌ش به‌پێی توانای گیرفانیان.

ناوم مه‌ریوان سه‌عید (35 ساڵ)ـم، له‌ منداڵییه‌وه‌ پێمخۆش بوو به‌ سه‌رتاشی خزمه‌تی هه‌ژار و كرێكار بكه‌م، شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و ئاواته‌م هاته‌دی، ئێستا رۆژانه‌ له‌ مه‌یدانی كرێكاران له‌ ئه‌حمه‌د ئاغای كه‌ركوك هاوكاری خه‌ڵك ده‌كه‌م.

كاری سه‌رتاشی من هاوكارییه‌ چونكه‌ ته‌نیا هه‌زار دینار یان 500 دینار وه‌رده‌گرم، بۆ هه‌ندێكیان ئه‌و پاره‌یه‌ش وه‌رناگرم چونكه‌ موشته‌رییه‌كانم كرێكاری هه‌ژارن.

هاوكارییه‌كه‌ی من ته‌نیا كرێكاران نین، ئه‌و كه‌سانه‌ن نه‌دران یان به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، به‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ شه‌قامه‌كاندا ده‌مێننه‌وه‌ و گرفتی ده‌رونییان هه‌یه‌.

من هاوسه‌رگیریم نه‌كردووه‌، 10 ساڵه‌ كاری سه‌رتاشی ده‌كه‌م، دانیشتوی گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوه‌ی كه‌ركوكم و پێشتر دوكانێكم له‌ شه‌قامی پزیشكان هه‌بوو، به‌ڵام وازم هێنا.

هه‌موو پێداویستییه‌كانی من ئێستا كورسییه‌ك، ئاوێنه‌، مقه‌ست و مه‌كینه‌یه‌كی قژ بڕینه‌ له‌ژێر سێبه‌ری دارێكی گۆڕه‌پانی كرێكاران دامناون.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT