چیرۆكی من
عا‌لیا به‌یاتی: دایكێكی پاڵه‌وان بوم
عا‌لیا به‌یاتی (38 ساڵ)

هاوسه‌رگیرم كرد و بوم به‌ ژنی ماڵه‌وه‌ وه‌ك زۆرێك له‌ ژنانی دیكه‌، به‌ڵام بۆ ساتێكیش خه‌ونی ته‌واوكردنی خوێندم له‌ بیر نه‌كرد

عا‌لیا به‌یاتی: دایكێكی پاڵه‌وان بوم

  • 2020-12-27

عا‌لیا به‌یاتی (38 ساڵ)، له‌ژێر فشاری دابونه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی توركمانیدا هاوسه‌رگیری ده‌كات و واز له‌ خوێندن ده‌هێنێت، به‌ڵام به‌و چاره‌نوسه‌ قایل نابێت، له‌ پێناو ته‌واوكردنی خوێندن و خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا تێده‌كوشێت.

 

هاوسه‌رگیری

"له‌ گوندێكی نزیكی شاری موسڵ هاوسه‌رگیریم كرد و وازم له‌ خوێندن هێنا، له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵییه‌وه‌ بوم به‌ ژنی ماڵه‌وه‌ وه‌ك زۆرێك له‌ ژنانی دیكه‌، ته‌نیا سه‌رقاڵی به‌ڕێكردنی كاروباری ناوماڵ بوم، به‌ڵام بۆ ساتێكیش خه‌ونی ته‌واوكردنی خوێندم له‌ بیر نه‌كرد" عا‌لیا به‌یاتی ده‌رباره‌ی ئه‌و كۆت و به‌ندانه‌ی له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێنران، وای وت.

"كاتێك هاوپه‌له‌كانم ده‌بینی خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن و من له‌ ماڵه‌وه‌ بوم، زۆر به‌ داخه‌وه‌ بوم"، ئه‌و ده‌ڵێت له‌ پۆلی دوی ناوه‌ندی و به‌هۆی بارودۆخی تایبه‌تییه‌وه‌ وازی له‌ خوێندن هێناوه‌ دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری كردووه‌.

كاتێك هاوپه‌له‌كانم ده‌بینی خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن و من له‌ ماڵه‌وه‌ بوم، زۆر به‌ داخه‌وه‌ بوم

خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خوێندن بۆ 12 ساڵ له‌گه‌ڵ عا‌لیادا مایه‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ منداڵی له‌دایكبوو، تا جارێكیتر ده‌ستی به‌ خوێندنی ده‌ره‌كی كرده‌وه‌، سه‌رباری ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌ی موحافیزكاری توركمانی.

"تۆ هاوسه‌رگیرت كردووه‌! چی سودێك له‌ بڕوانامه‌ ده‌بینیت؟"، "بڕوانامه‌ و خوێندن بۆ ژنانی خێزاندار شتێكی سه‌ره‌كی و گرنگ نین"، "ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێت پێی ناگه‌یت" ئه‌وانه‌ به‌شێك له‌و ده‌سته‌واژانه‌ن به‌یاتی له‌ خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی ده‌بیست تا ئیراده‌ی لاواز بكه‌ن و له‌ گرنگی هه‌نگاوه‌كانی ده‌رباره‌ی خوێندنه‌كه‌ی كه‌مبكه‌نه‌وه‌.

-36
عا‌لیا به‌یاتی له‌ ئاهه‌نگی ته‌واوكردنی خوێندنی زانكۆ

تێپه‌ڕاندنی به‌ربه‌سته‌كان

"ئه‌و وشه‌ و ده‌سته‌واژانه‌ی ده‌یانوت، بوو به‌ هانده‌رێكی گه‌وره‌ تا زیاتر سوربوم و توانیم به‌ تێكڕای نمره‌ی سه‌دا 75 تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی سێیی ناوه‌ندی ببڕم، ئه‌وه‌ش ته‌نیا به‌ هه‌وڵ و زانیاری خۆم به‌بێ وه‌رگرتنی هیچ وانه‌یه‌كی تایبه‌ت" عالیا وای وت.

چوار ساڵ دوای سێی ناوه‌ندی، به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌كانی شه‌شی ئاماده‌یی به‌شی زانستی كرد، سه‌رباری خراپی باری ته‌ندروستی به‌هۆی دوگیانی به‌ چواره‌م منداڵی‌، به‌ڵام سوربوو له‌سه‌ر ته‌واوكردنی خوێندن.

ئه‌وكات روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یی و كۆمه‌ڵگه‌ بۆوه‌، به‌هۆی دواخستنی تاقیكردنه‌وه‌ی وانه‌ی بیركاری، به‌ڵام له‌ خولی دوه‌می تاقیكردنه‌وه‌كاندا سه‌ركه‌وت و دواتر له‌ كۆلێژی یاسای زانكۆی ئه‌هلی نور له‌ ناحیه‌ی به‌رتڵه‌ وه‌رگیرا.

 

ئاواره‌یی خه‌ریك بوو خه‌ونه‌كه‌ی له‌ناوببات

له‌ ده‌ستپێكی ساڵی یه‌كه‌می خوێندنی زانكۆدا، پێنجه‌م منداڵی له‌دایكبوو، دڵخۆش بوو به‌وه‌ی نزیكی زانكۆكه‌ له‌ ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ واده‌كات ئاگاداری منداڵه‌كانی ببێت.

به‌ڵام ره‌شه‌باكه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی پلانه‌كانیه‌وه‌ هه‌ڵیكرد، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، له‌ نێویاندا ناحیه‌ی به‌رتڵه‌، وایكرد ئاواره‌ی هه‌ولێر بێت.

زانكۆكه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ شوێنی جێگره‌وه‌ له‌ قه‌زای شێخان، هه‌لومه‌رجه‌كه‌ ئاڵۆز و دژوار بوو بۆ ژنێك، به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌ خه‌ونی به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی زانكۆی دانه‌بڕی و له‌ خوێندن به‌رده‌وام بوو.

ڤیدیۆ: عا‌لیا به‌یاتی باس له‌ بارودۆخی كه‌مینه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا ده‌كات / ئاماده‌كردنی رێكخراوی MRG 

"سوپه‌ر ماما"

"من سوپه‌ر ماما (دایكێكی پاڵه‌وان بوم) بوم، به‌ سێ ئاڕاسته‌دا كارمده‌كرد ئه‌وانیش كاروباری ناوماڵ و به‌رپرسیارێتی و چاودێری پێنج منداڵه‌كه‌م، كاركردن له‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، جگه‌ له‌ خوێندنی زانكۆ و تاقیكردنه‌وه‌كان، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ یه‌ككاتدا".

ئێستا، عا‌لیا به‌یاتی به‌ خۆبه‌خشی له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی یاسایی رێكخراوی ئۆدێسا بۆ پێشكه‌وتنی ژنان كارده‌كات، نزیكه‌ی 600 دۆسیه‌ی له‌ دادگاكاندا بینیووه‌ و زۆربه‌ی ئه‌و دۆسیه‌یانه‌ی كاری تێداكردون ده‌رهێنانی پێناسی باری شارستانی، هاوسه‌رگیری یان ته‌ڵاق بون.

من سوپه‌ر ماما بوم، به‌سێ ئاڕاسته‌دا كارمده‌كرد

دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ له‌ژێر ده‌ستی داعش، په‌یجێكی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك كرده‌وه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری یاسایی و پێشكه‌شكردنی راوێژی یاسایی به‌ ژنان.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 2018ی عیراق، عا‌لیا له‌ سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی نیشتمانی دیموكراتی خۆی كاندید كرد، به‌ڵام ده‌رنه‌چوو، ئه‌و ده‌ڵێت ده‌ستكاری ده‌نگه‌كانی لیسته‌كه‌ی كراوه‌ و "به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ده‌نگه‌كانمان فرۆشرا".

"پرۆسه‌ی سیاسی به‌گشتی پاك و بێگه‌رد نییه‌‌"، بۆیه‌ ئاماده‌نییه‌ جارێكیتر خۆی كاندید بكاته‌وه‌ تا وه‌ك ئێستا "گه‌نده‌ڵی" بمێنێت.

عا‌لیا ئێستا ده‌یه‌وێت بچێته‌ په‌یمانگه‌ی باڵای دادوه‌ری و ئاواتی ئه‌وه‌یه‌ له‌ داهاتوودا ببێته‌ دادوه‌ر.

ئه‌و داوای له‌ گه‌نجانی هه‌ردوو ره‌گه‌ز ئه‌وه‌یه‌؛ "رێگه‌مه‌ده‌ن هیچ كه‌سێك نائومێدتان بكات و له‌ ئیراده‌تان كه‌مبكاته‌وه‌، دودڵ مه‌بن له‌ دانانی ئامانجێك و هه‌وڵی به‌دیهێنانی بده‌ن".

 

ئیناس حه‌سه‌ن

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT