لەهەر 771 هاوڵاتییەك یەكێكیان رۆژنامەنوسە
زۆربونی دامەزراوەی میدیایی؛ فەوزا یان ئازادی رۆژنامەوانی؟

هەولێر/ 2021/ رۆژنامەنوسان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا فۆتۆ: تایبەت بە(كەركوك ناو)

مەعاز فەرحان

كەمتر لە هەر پێنج هەزار كەسێك لە دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دەزگایەكی راگەیاندنیان بەردەكەوێت، بەپێی تۆماری سەندیكای رۆژنامەنوسانی هەرێم و وەزارەتی رۆشنبیری، لە هەر 771 كەسێكیش یەكێكیان رۆژنامەنوسن، بەشێك ئەوە بە "سەرئێشە و بێسەروبەرە" ناودەنێن، هەندێكیش پێیانوایە لەگەڵئەوەی كاریگەری نەرێنی لەسەر متمانەی میدیا دروستدەكات، بەڵام هەموو دیمەنەكە بە "رەش" نابینن.

زۆربون و بەردەوامی كردنەوەی دەزگای راگەیاندنی جۆراوجۆر، كە هەندێك ناوی دەنێن "فەوزا"، هۆكاری سەرەكی بۆ خواستی حزب و كەسایەتییە سیاسی، ئابوریی و ئەمنییەكان دەگەڕێننەوە لە دروستكردنی دەزگای میدیایی كە ئامانجی لێی بەرگریكردنە لە بەرژەوەندییەكانیان، ئەمە بەپێی شارەزایانی بواری میدیا وایكردووە متمانەی خەڵك بە میدیا كەمبێتەوە، پێشیلكارییەكان دژ بە رۆژنامەنوسان زیاتربن، لە پاڵئەوەشدا كاریگەری لەسەر پیشەیبیونی میدیا هەبێت.

تا ساڵی 2000 ژمارەی دەزگا راگەیاندنەكان لە هەرێمی كوردستان بە پەنجەكانی دەست دەژمێردران، كە زیاتر بەسەر ئۆرگانە حزبییەكاندا دابەشبوبون، زۆرترینیان پێكهاتبون لە رۆژنامە، گۆڤار، رادیۆ و كەناڵی ناوخۆیی، بەڵام وردە وردە ژمارەكە لە 20 ساڵی رابردودا بەشێوەیەكی پێشبینینەكراو زۆر بوو، هاوتەریب لەگەڵ بونی چەندین تۆڕی كۆمەڵایەتی لە دیارترینیان، فەیسبوك، تویتەر، ئینستگرام، تیلیگرام، واتسەئپ، تیتتۆك... كە رۆژانە دەیان هەزار هەواڵ و بابەتی رۆژنامەوانی بۆ وەرگرانیان دەگوازنەوە.

لە هەر 771 كەس یەكێكیان رۆژنامەنوسن

لە هەرێمی كوردستان و لە 20 ساڵی رابردودا، هەزار و 259 دەزگای راگەیاندن لە كەناڵی ئاسمانی و ناوخۆیی، رادیۆ، رۆژنامە، ماڵپەڕ و گۆڤار لە وەزارەتی رۆشنبیری و سەندكای رۆژنامەنوسانی كوردستان تۆماركراون.

بەپێی داتاكانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، كە دراون بە (كەركوك ناو)، لەو هەزار و 248 دەزگایە 51 ماڵپەڕ، 138 رادیۆ، 31 كەناڵی ئاسمانی، 85 كەناڵی ناوخۆیی، 695 گۆڤار، 259 رۆژنامە – زۆرینەی رۆژنامە و گۆڤارەكان لە ئێستادا راگیراون یان كراون بە پەیج و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك چالاكن- .

Graphic RozhnamaNus-2
ئەم گرافیكە، ژمارەی دەزگا میدیاییە تۆماركراوەكان و ژمارەی رۆژنامەنوسان روندەكاتەوە

مۆڵه‌تی زۆرینەی هەرە زۆری رۆژنامە و گۆڤارەكان، له دوای‌ 2010ەوە دراون، كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنیش لەوانە كەناڵە ناوخۆییەكان بەشێكیان لە دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1991.

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان كە لە 22ی نیسانی 1998 دامەزراوە، لە ئێستادا 8000 هەزار ئەندامی هەیە، پێشبینی دەكرێت لانیكەم هەزار رۆژنامەنوس لە دەرەوەی ئەندامێتی سەندیكا كاری رۆژنامەوانی بكەن.

بەڵام سەندیكا دەڵێت بەپێی پێشبینی ئەوان دوو هه‌زار و 500 ئەندامیان بە كرداری  كاری رۆژنامەوانی دەكەن، هەرچەندە دوو ساڵه‌ ئه‌ندامێتی لە سەندیكا راگیراوە.

ئەو ئامارانە لە كاتێكدایە ژمارەی دانیشتووانی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە) بەپێی دەستەی ئاماری هەرێم بۆ ساڵی 2020 شەش ملیۆن و 171 هەزار و 83 كەسە.

بەو پێیە بۆ هەر چوار هەزار و 901 كەسێك دەزگایەكی راگەیاندنی تۆماركراو بونی هەیە، لە هەر 771 كەسێكیش یەكێكیان كاری رۆژنامەوانی دەكەن.

جگە لە دەزگاكانی راگەیاندن، هەزاران پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پلاتفۆرمی تری میدیایی بەشێوەی رەسمی و بەناوی دەزگای راگەیاندنی جۆراوجۆرەوە كراونەتەوە و هەزارانی تریش ناڕەسمی.

بۆ پەیج و پلاتفۆرمەكانی تری میدیا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان حكومەت هیچ رێوشوێن و رێنماییەكی یاسایی نییە بۆ پێدانی مۆڵەت.

لە عیراق و هەرێمی كوردستان 58.11% خەڵك فەیبسوك بەكاردەهێنن، 33.91%، یوتیوب، 5.34% تویتەر و 1.57%یش ئینستاگرام، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی Tatcounter بۆ چاودێری جوڵە و گەڕانی ئینتەرنێت. 

فەوزا یان ئازادی رادەربڕین؟

ئەو ئامارانە شارەزایانی بواری میدیا و رۆژنامەنوسانی بەسەر دوو بەرەی دژە بەیەكدا دابەشكردووە، بەشێكیان وەكو فەوزا و سەرئێشە ناوی دەبەن، بەشێكیان پێیانوایە بەشێكە لە ئازادی رادەربڕین.

دكتۆر یەحیا رێشاوی، مامۆستای بەشی راگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی، لەو بڕوادایە كە زۆربونی سەكۆكانی ئازادی رادەربڕین دوو لایەنەیە "خراپە و باشە"ی هەیە.

"لە ئەنجامی زۆربونی میدیادا، دەزگای میدیایی نەوعی دروستدەببێت، هەندێك میدیا سود لەوە دەبینن و دەزگا و رۆژنامەنوسی پڕۆڤیشناڵ پێكدەهێنن، لە كاتێكیشدا كە چاودێری نابێت و بەبێ‌ پلان دەزگا دروستدەكرێن لەوانەش میدیای سێبەر، كاریگەری نەرێنی لەسەر متمانەی میدیا دروستدەكات لای وەرگر، كاریگەری لەسەر پیشەبونی كاری میدیاییش دەبێت".

میدیا سێبەر بەو دامەزراوانەی راگەیاندن دەوترێت كە بەناوی سەربەخۆوە هەواڵ و زانیاریی بڵاودەكەنەوە كە تیایدا زانیارییەكانیان خزمەت بەو لایەن و كەسایەتییە سیاسییانە دەكەن كە پاڵپشتی دارایی دامەزراوەكە دەكەن بەبێ ئەوەی بە رەسمی خۆی بە خاوەنی بزانێت.

Austin Distel
ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 17ی حوزەیرانی 2021. فۆتۆ:Austin Distel

ریشاوی وتی "ئێمە نابێت هەموو دیمەنەكە بە رەش ببینین، مادام میدیا زۆرە پێموانوابێت كەواتە حاڵەتێكی نەرێنییە".

ئێمە نابێت هەموو دیمەنەكە بە رەش ببینین، مادام میدیا زۆرە پێموانوابێت كەواتە حاڵەتێكی نەرێنییە

بەڵام نامیق هه‌ورامی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێت ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان هه‌یه‌ به ‌تایبه‌ت میدیا جۆرێك له‌ "سه‌رئێشه‌ی" بۆ كۆمه‌ڵگه‌ دروستكردووه‌. "ئەوەی ئێستا هەیە زۆر بێسەروبەرەیە".

ئەو نمونە بۆ قسەكانی دەهێنێتەوە و دەڵێت "دكتۆرێكی ده‌رونی هاوڕێم هه‌یه‌، بە نه‌خۆشەكەی وتووە، واز لە هه‌واڵ و زانیاریی میدیای كوردی بهێنە"، ئەوەشی وەكو رێگایەك لە رێگاكانی چارەسەركردنی باری دەرونی نەخۆشەكەی گرتۆتەبەر و نامیق هەورامیش وەكو كاریگەری خراپی بەشێك لە میدیا لەسەر خەڵك باسیكرد.

هەرچی رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆیە بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، بە جۆرێك لە گەشبینیەوە لە پرۆسەكە دەڕوانێت  وتی "بەهۆی تەكنەلۆژیای زانیاری ئێستا وایلێهاتووە هەموو كەس رادیۆ و تەلەفزیۆنی خۆی هەبێت، لەڕێی سۆشیالمیدیاوە دەتوانێت بیروبۆچونی خۆی بڵاوبكاتەوە، لەم چوارچێوەیەدا دەبێت تەماشای زۆربونی دەزگاكانی راگەیاندن بكەین ئەویش پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای زانیاریی و بڕوابونە بە فرەیی".

رەحمان غەریب، وتی "ئەم دوو خاڵەیە وا دەكات بڵێین ئەم زیادبونە شتێكی سروشتییە، بەڵام ئەویش كێشەی خۆی هەیە".

ئەو زۆربونەی میدیا بە بڕوای ماردین ئیبراهیم، مامۆستای زانكۆ و رۆژنامەنوس، نیشانەی ئەوەیە كە ئازادی رادەربڕین بونی هەیە، "خەڵك میدیای هەیە و قسە دەكات"، بەڵام ئەوەش بەپێی رێژەیە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر و لە دامەزراوەیەكەوە بۆ دامەزراوەیەكی تر دەگۆڕێت.

پێشێلكاریی بە لێشاو

زیادبونی رۆژنامەنوس و دامەرزاوەی میدیای وایكردووە پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان ساڵ دوای ساڵ زیاتربن، ئەوەش بە پشتبەستن بە ئامارەكان.

بۆ نمونە بەپێی ئامارەكانی سەنتەری میترۆ، لە ساڵی 2019دا 231 پێشێلكاری بەرامبەر 209 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن هەبووە. بەڵام ئامارەكە بۆ ساڵی 2020 زۆر بەرزبۆتەوە و 385 پێشێلكاریی هەبووە بەرامبەر 291 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن.

ماردین ئیبراهیم پێیوایە، بەشێكی كێشەكە لە میدیای ئاراستەكراودایە، كە سەرچاوە داراییەكەیان رون نییە و بۆ بەرژەوەندی گروپێكی دیاریكراو كاردەكەن.

"رەنگە بونی دەزگای نیشتمانی لە نمونەی بی بی سی بەریتانی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگ بێت، لە قازانجی ئازادی رادەبڕین و دیموكراسیدایە".

"بەڵام ئەگەر هاوڵاتی باربكرێت بە زانیاری هەڵە و درۆ ئەوە لە قازانجی ئازادی رادەربڕین و دیموكراسیدا نییە، ئەو هێزانەش پارە ناخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە قازانجی دیموكراسیدا بێت، بەڵكو ئەجێندایەكی سیاسیان هەیە و ئاوەكە لێڵ دەكەن بۆ ئەوەی ستراتیژی خۆیان بەرنە پێشەوە"، ئەوەش بە بڕوای ماردین پێشێلكاریی زیاتر دەكات و خزمەت بە دەزگا و رۆژنامەنوسی پیشەیی ناكات.

ئەگەر هاوڵاتی باربكرێت بە زانیاری هەڵە و درۆ ئەوە لە قازانجی ئازادی رادەربڕین و دیموكراسیدا نییە

لەگەڵ بەرز و نزمی ئامارەكانی پێشێلكاریی لە نێوان ساڵەكاندا، ماردین دەڵێت "مانای ئەوە نییە، ئازادی راده‌ربڕین ئێستا خراپتر بێت له‌ 15 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر... گرفتەكە تەنیا پەیوەندی بە میدیاوە نییە، مادام ده‌زگای دادوه‌ریمان بێلایه‌ن نییه‌، ده‌زگای ئه‌منیمان بێلایه‌ن نییه‌، میدیای پیشه‌یمان نییه‌، هه‌میشه‌ شته‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌كه‌ون كه‌ خراپ بن، واته‌ وزه‌یه‌ك هه‌یه‌ به‌ره‌و خراپتر بڕوات".

رێگری لە روماڵ، دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان بەبێ بڕیاری دادوەر، هەڕەشە و لێدان و سوكایەتی، لە زۆرترین حاڵەتەكانی پێشێلكارین لە دوو ساڵی رابردوو، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسان و رێكخراوەكانی تری بواری میدیا.

بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی ئاشتیی و ئازادی _لە هەولێر_ لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە یەكی كانونی دووەمی 2021 تا 30 حوزەیران، 73 کەیسی پێشێلکاری دژ بە میدیاکار و ڕۆژنامەوانان تۆماركراوە، کە خۆی لە کەیسەکانی زیندانیکردن، دەستبەسەرکردن، رێگریی لە روماڵکردن، لێدان، هەڕەشە و سوکایەتی و بڕیار و مەترسی دەستگیرکردن دەبینێتەوە.

ترس لە هەنگاونان بۆ چارەسەر

پرسی رێكخستنەوەی میدیا، یەكێكە لەو پرسانەی ترس و دودوڵی لەنێو رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن-دا دروستكردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەنگاوەكان بە ئاراستەی كوت و بەندی زیاتری ئازادی رادەربڕین بن.

بۆ نمونە زۆرێك لە رۆژنامەنوسان لەگەڵ پڕۆژە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان-عیراقدا نین و پێیانوایە ئامانج لێی بەرتەسككردنەوەی زیاتری ئازادی رادەربڕینە.

رەحمان غەریب، جەختیكردەوە لەوەی ئەوان سەرنجی زۆریان لەسەر پڕۆژە یاساكە هەیە، وتی "بواری میدیا پێویستی بەوەیە چوارچێوەیەكی یاسایی هەبێت، بەو مانایە نا كۆتوبەند بكەینە دەست ئازادی میدیا و ئینتەرنێت و قسەكردن".

چەند بڕگە و ماددەیەكی پڕۆژە یاساكە، سزای داخستنی  ماڵپەڕ و پەیجەكانی تیایە، لەگەڵ وەرگرتنەوەی مۆڵەتی كاركردن لە سەرنوسەر و رۆژنامەنوسەكان. هەروەها لە ماددەی 12ی پڕۆژە یاساكەدا هاتووە "هەموو ئەو وێبسایت و ئامرازە میدیاییە ئەلکترۆنیانەی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە نابێ بەهیچ شێوەیەک ئەو بابەتانە بڵاوبکەنەوە كە یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بە تاوانی تۆقاندن ناوی بردووە".

نامیق هه‌ورامی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری پرسەكە بەجۆرێكی دیكە دەبینێت و دەڵێت پێویستە جارێكی دیكه‌ چه‌مكه‌كان پێناسه‌ بكرێنه‌وه‌، چه‌مكی ئازادی، چه‌مكی ئازادی بیروڕا و میدیای ئازاد، ئه‌مانه‌ جارێكی دیكه‌ پێناسه‌ نه‌كرێنه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و بێسه‌روبه‌رییه‌ی كه‌ هه‌یه‌، ئەوا زه‌مینه‌سازی ده‌كات بۆ ناوزڕاندن و ئه‌و شتانه‌ی بونه‌ته‌ به‌ڵا بۆ كۆمه‌ڵگه‌، "به‌گشتی میدیا له‌ كوردستان میدیایه‌كی موته‌شه‌نیجه‌، زۆر گرژ و زبره‌".

دكتۆر یەحیا عومەر رێشاوی، مامۆستای زانكۆ، هەرچەندە لەگەڵ ئەوەدایە كاروباری میدیا رێكبخرێتەوە، بەڵام دەڵێت لەحاڵێكدا كە میدیاكان رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەبن و سۆسیال میدیا لەوپەڕی پەرەسەندنیدایە ئەوە "كارێكی ئاسان" نابێت. "تا میدیا گەشەبكات رێكخستنی سەختر دەبێت".

ئەو وتی "چارە ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئەخلاقیات و پرەنسیپانەی كە لە كاری میدیایدا هەیە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT