پەرلەمانی ئەڵمانیا دان بە "جینۆساید"ـی ئێزیدییەكاندا دەنێت

نەینەوا/ 9ـی كانونی یەكەمی 2021/ كەسوكاری قوربانیانی ئێزیدی لەسەر گۆڕی ئازیزانیان لە گوندی كۆچۆی قەزای شنگال فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی بابەشێخ

كەركوك ناو

پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا، كردەوەكانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش" دژ بە كەمینەی ئێزیدیی لە عیراق، وەك "جینۆساید" دەناسێنێت.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو دانپێدانانەی پەرلەمانی ئەڵمانیا، لە دانیشتنی دوێنێ پێنجشەممە 7ـی تەمموزی 2022ـدا بووە.

ماكس لوكس، پەرلەمانتاری پارتی سەوز لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەڵێت دانپێدانان بە "جینۆساید"ـی ئێزیدییەكاندا، هەنگاوێكی سەرەكیی و گرنگە بۆ زاڵبون بەسەر ئەو ئازار و نەهامەتییانەی بەسەر كۆمەڵگەی ئێزیدییدا هات.

داعش له‌ ئابی 2014دا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)ـدا؛ شه‌ش هه‌زار و 417 ئێزیدی رفاند، له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ دوو هه‌زار و 700 كه‌سیان چاره‌نوسیان نادیاره‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

پەرلەمانتارەكەی ئەڵمانیا دەڵێت هێشتا ئێزیدییەكان لە عیراق، لە بارودۆخێكی ناهەمواردا دەژین، "ژیانێكی ئارام و سەلامەت.. پێویستە ئەوە ئامانجمان بێت بۆ كۆمەڵگەی ئێزیدی".

ئەڵمانیا كە ژمارەیەكی زۆر پەنابەری ئێزیدی لە خۆگرتووە، یەكێكە لەو وڵاتانەی رێكاری یاسایی دژی داعش گرتۆتەبەر و لە تشرینی دوەمی ساڵی رابردوشدا، دادگایەكی ئەو وڵاتە، عیراقییەكی بە تۆمەتی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی دژی كەمینەی ئێزیدی سزادا.

له‌ هێرشه‌كانی داعش؛ هەزار و 293 ئێزیدی كوژران، 68 مەزارگە خاپوركران و تائێستاش 80 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزیدییه‌كان دۆزراونەتەوە.

ezidi-13
شێخان/ ئابی 2021/ ساڵیادی هێرشەكانی داعش بۆ شنگال لەپەرستگای لالش فۆتۆ: ئەنجومەنی روحانی ئێزیدی

تیمی لێكۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان لە ساڵی 2021ـیدا بڵاویكردەوە "بەڵگەی رون و باوەڕپێكەری" كۆكردۆتەوە لەسەر تاوانی كۆمەڵكوژی دژی ئێزیدییەكان.

حه‌سۆ هورمی، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ئێزیدی نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی كە ساڵانێكه‌ كار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی 3ی ئاب ده‌كات، پێشتر بە (كه‌ركوك ناو)ی وت زیاتر له‌ 10 په‌رله‌مانی وڵاتانی دنیا دانیان ناوه‌ به‌ جینۆسایدی ئێزیدییه‌كاندا به‌ڵام نه‌بۆته‌ بڕیار له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌، پێشیوابوو بە دانانی دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت ده‌توانرێت هه‌م به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كه‌ خێراتر بكرێت و هه‌میش بۆ ئاینده‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانێكه‌وتوان مسۆگه‌ر بكرێت.

له‌ عیراق هیچ یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ تاوانی كۆمه‌ڵكوژی نییه‌ تا دۆسیه‌ی ئێزیدییه‌كان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كار بۆ به‌ جینۆسایدناساندنی بكرێت.

یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی لە عیراق، روداوه‌كانی ده‌رهه‌ق به‌ ئێزیدی وه‌ك تاوان ناساندووه‌، جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ و 3ی ئابی هه‌موو ساڵێكیشی به‌ رۆژی نیشتمانی بۆ ناساندنی ئه‌و روداوه‌كه‌ دیاریكردووه‌.

په‌رله‌مانی كوردستانیش پێشتر لە پرۆژه‌بڕیارێكدا 3ی ئابی 2014 وه‌ك رۆژی جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان دانا.

هاوڵاتیانی ئێزیدی له‌ عیراق، زیاتر له‌ 550 هه‌زار كه‌س بون، به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری ئێزیدیان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌و ژماره‌یه‌ 360 هه‌زار ئێزیدی ئاواره‌بون كە هێشتا بەشێكیان نەگەڕاونەتەوە، زیاتر له‌ 100 هەزار كه‌سیش بۆ وڵاتانی تر كۆچیانكرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT