كامیل ساڵەیی: نیەتێكی بەمەبەستو پێشوەخت هەیە لەدژی قایمقامیەت
June 12, 2013 at 11:15 am

كامیل ساڵەیی، قایمقامی قەزای ناوەندی پارێزگای كەركوك
قایمقامی ناوەندی كەركوك كامیل ساڵەیی رایگەیاند كە نیەتێكی بەمەبەستو پێشوەخت هەیە لەدژی قایمقامییەت لەكەركوكو دوپاتیشیكردەوە كە مافی ئەوەی هەیە پشكنینی هەموو فەرمانگە حكومییەكان بكات.
كامل ساڵەیی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە دوێنێ 06/11 بەڕێوەچوو رایگەیاند “داوای لێبوردنێكی زۆر دەكەم لە هەموو رۆژنامەنوسانی كەركوك بەهۆی ئەو خراپ مامەڵەكردنەی كە روبەڕویان بویەوە لەفەرمانگەی تۆماری خانوبەرەی دوو.”
وتیشی “لەگەڵ فەرمانگەی تۆماری خانوبەرە هەفتەیەك لەمەوبەر هەمئاهەنگیمان كرد بۆ ئەوەی كاربكەین چارەسەرێك بۆ سكاڵای ئەو هاوڵاتییانە بدۆزینەوە كە لەو فەرمانەیە كارەكانیان راییناكرێت، ئێمە رێككەوتین دوای دانیشتنو گفتوگۆكردن كێشەكانیان بۆ پارێزگاری كەركوكو لایەنی پەیوەندیدار بەرزبكەینەوە، بەمەبەستی چارەسەركردنی بەڵام ئەوەی كە رویدا دەرئەنجامێكی مەترسیدار بوو.”
لەوتەكانیدا ئەوەشی وت “بەڕێوبەری فەرمانگەی تۆماری خانوبەرە بەشەخسی بە منی نەوتوە كە وێنەگرتن لەناوەوەی فەرمانگەكەدا قەدەغەیە، بەڵام ئەو راستەوخۆ رۆیشت بەرەو روی پاسەوانی فەرمانگەكە لەدەرگای سەرەكییەوەو هەڵسا بە روبەڕبونەوە لەگەڵ راگەیاندكاراندا.”
ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو تائێستا نازانێت بۆچی وێنەگرتن قەدەغەیە لەناو فەرمانگەی تۆماری خانوبەرە.
ساڵەیی وتیشی “ئەم شێوە كاركردنە ئەو ئاماژەیە دەبینین كە نیەتێكی پێشوەخت هەیە لەدژی قایمقامیەتو لەدژی ئەو كارانەی كە قیمقامیەت دەیكات بۆ خزمەتی هاوتیانی كەركوك، ئێمە بەهەموو لایەك دەڵێین ئێمە بەگوێرەی دوو مادەی دەستور كاردەكەین لە هەردوكیاندا دەقێكی ئاشكرا هەیەو دەڵێت قایمقام بەرپرسە لەپاراستنی مافی هاوڵاتیانو موڵكیانو پارێزگاری لە مافە حكومییەكانیانو چاككردنەوەی شتومەكەكانیان لەچوارچێوەی سنوری قەزاكەدا.”
هەروەها دەڵێت قایمقام مافی پشكنینو گەڕانی هەیە بەسەر هەموو فەرمانگە حكومییەكاندا.
سەلام ئەنساری ـ كەركوك ناو
ا.م/ ش.خ