چوار ژنی كریستیان لەدەستی داعش رزگاركران

January 30, 2017 at 10:05 am

ئەو چوار ژنە كریستیانیەی لە دەستی داعش رزگاركران گەیەنرانە هەولێر فۆتۆ: پەیجی یەكینەكانی بابلیۆن

كەركوك ناو
فەرماندەی یەكینەكانی بابلیۆن رزگاركردنی چوار ژنی كریستیانی راگەیاند، كە لەلایەن داعش رفێنرابوون، ئەوەش دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەی رەشیدییە لە موسڵ كە ئەو ژنانەی لێبوو.

دورید ئەلیاس، فەرماندەی یەكینەكانی بابلیۆن لە تلكێف بە (كەركوك ناو)ی وت “26-1 یەكینەكانی ئێمە لەگەڵ سوپای عیراق هێرشیان كردە سەر ناوچەی رەشیدییە لە موسڵ‌و كۆنترۆڵمان كرد، دواتریش هەر چوار رفێندراوەكەمان رزگاركرد”.

وتیشی “هەوڵەكانی ئازادكردنی ئەو چوار هاوڵاتییە مەسیحییە لە دەستی داعش دەگەڕێتەوە بۆ مانگێك لەمەوبەر، دوای ئەوەی لە فەرمانگەی ئاسایشی نیشتیمانی عیراقەوە زانیاریمان بەدەستگەیشت لەسەر بوونی چوار كەسی كریستانی لەدەستی داعش لە ناوچەی رەشیدییە لە موسڵ، بەڵام لە هەوڵی یەكەمدا سەركەتوونەبوین”.

ئەو چوار ژنە حەنی مەتی ئیبراهیم (86ساڵ)‌و هەردوو كچەكەی (باسمە زەكی‌و وسهام زەكی) هەروەها لەگەڵ مریەم نۆ ساڵان كچی بەسمەیە رۆژی 29-1 دوای رزگاركردنیان گەیەنرانە هەولێر.

یەكینەكانی بابلیۆن پێكهاتووە لە هێزی كریستیانی، كاكەیی، توركمان، شەبەك‌و ئێزیدی كە سەر بە دەستەی گشتی حەشدی شەعبیی عیراقیەو كۆتایی ساڵی رابردوو لەلایەن پەرلەمانەوە بەڕەسمی ناسێنران‌و خرانە سەر فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات.

ئەو چوار ژنە كریستانییە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە لە موسڵ رفێنران، دوای ئەوەی ئەو رێكخراوە دەستی بەسەر ئەو شارەداگرت‌و بژاردەی (گۆڕینی ئاین، پێدانی جزییە، یان كوشتن)ی خستەبەردەم كریستیانەكانی موسڵ‌و دەشتی نەینەوا.

باسم بەلۆ، قایمقامی قەزای تلكێف بە(كەركوك ناو)ی وت “ئازادكردنی ئەو چوار رفێنراوە مەسیحییە دوای پشكنین‌و چاودێریكردنیان هات لە دەستی داعش”.

رێكخراوی حەمورابی بۆ مافەكانی مرۆڤ‌و یارمەتیدانی ئاوارەكان، شوێنی نیشتەجێبوون‌و پێداویستییەكانی بۆ ئەو خێزانە لە هەولێر دابین كردووە.

لویس خەنو، جێگری سەرۆكی رێكخراوی حەمورابی وتی “باری تەندروستی حەنی (86ساڵ) باش نییە‌و نەخۆشە، بەڵام باری دەروونی‌و تەندروستیی دوو كەچەكەیی‌و كچەزاكەی جێگیرە”.

قایمقامی تلكێف كە خۆی لە پێكهاتەی كریستیانییە دەڵێت “هێشتا خەڵكی دیكەی زۆر ماون لەژێر دەسەڵاتی داعش چ مەسیحی بێت یان ئێزیدیی”.

كریستیانەكانی موسڵ‌و دەشتی نەینەوا كە بە 250 هەزار كەس ئەژماردەكرێن، هاوشانی ئێزدی، توركمان، شەبەك زۆرترین قوربانی دەستی داعش بوون‌و روبەڕوی رفاندن‌و كوشتن‌و بڕینی سرەوەت سامانەكانیان وبونەوە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە.

رێكخراوی حەمورابی، بەڵێنی بەدواداچوونی زیاتر دەدات بۆ رفێندراوەكانی تری پێكهاتە جیاوازەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن