قایمقامی كەركوك: پڕۆژەی كارتی نیشتیمانی رانەگیراوە

January 31, 2017 at 2:40 pm

كامیل ساڵەیی، قایمقامی قەزای ناوەندی كەركوك فۆتۆ: ئەرشیف

شڤان محەمەد
قایمقامی كەركوك رەتیدەكاتەوە پڕۆژەی كارتی نیشتیمانی پارێزگاكە راگیرابێت‌و هۆشداریدەدات  كە بە پێناس‌و رەگەزنامەو پسولەی خۆراكی ساختەوە مامەڵە بۆ هاوڵاتیان راییدەكرێت.

ئەو وتانەی كامیل ساڵەیی، بۆ (كەركوك ناو)، دوابەدوای كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هات كە تیایدا بە پێچەوانەی پارێزگاری كەركوكەوە جەختیكردەوە لە بەردەوامی پڕۆژەی پێدانی كارتی نیشتیمانی بۆ هاوڵاتیان.

ساڵەیی وتی “كارەكانی ئەو لیژنانە رانەوەستاوە كە كارتی نیشتیمانی بە هاوڵاتیان دەدەن، پرۆسەكە بەردەوامە‌و لەكاتی دانەوەی كارتەكانیشدا داوای تۆماری 57و پسوڵەی خۆراك لە هاوڵاتیان ناكرێت”.

داواشی لە پارێزگاری كەركوك‌و ئەنجومەنی پارێزگەكە كرد “بەزوترین كات ئەو پرۆسەیە رابگرن، چونكە زەرەر بەكەركوكییەكان دەگەیەنێت، رۆژانە پسوڵەی خۆراك‌و كارتی زانیاریی‌و رەگەزنامەو پێناسی باریكەسێتی تەزویر دەكرێت‌و دێن مامەڵەی پێوە دەكەن”.

ئەوەش لەكاتێكدایە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك 25-1 لەبەیاننامەیەكدا جەختیكردەوە “پڕۆژەكە (كارتی نیشتمانی) تەنیا ئەو هاوڵاتییانە دەگرێتەوە كە ناویان لە لیستەكانی سەرژمێری 57دا تۆماركراوە”.

دوای تەنیا یەك رۆژیش، نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگار كەركوك لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، كە ئیدارەی پارێزگاكە داوای لە بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی‌و پاسپۆرت‌و‌ نیشتەجێبوون كردوە كارەكانی پڕۆژەی كارتی نیشتیمانی یەكگرتوو رابگیرێت.

بەپێی راگەیەندراوەكە، داوای راگرتنەكە تا ئەوكاتەیە كە ناوی (التامیم) دەگۆڕدرێت بە (پارێزگای كەركوك)، كە ئەوەش یەكێكە لە “شوێنەوارەكانی بەعس””و هێشتا نەسڕدراوەتەوە.

پڕۆژەی كارتی نیشتمانی یەكگرتوو، كۆكردنەوەی تەواوی بەڵگەنامە عیراقییەكانە لەنێویاندا رەگەزنامە‌و پێناسی باری شارستانی لەیەك كارتی ئەلیكترۆنیدا، لەئێستادا لەزۆربەی پارێزگاكان بەهەرێمی كوردستانیشەوە دەست بەكارەكانی ئەو پڕۆژەیە كراوە.

ئەو لێدوانە دژ بەیەكانەی پارێزگار‌و قایمقام، لەكاتێكدایە لە ساڵی 2012وە نێوانیان بەتەواوی تێكچووە‌و كەیسی ناكۆكی نێوانیان كە لەدادگایەو یەكلایینەكراوەتەوە، كە یەكتریان بە “گەندەڵی” تۆمەتبار دەكرد.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن