كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان: هەڵبژاردن موسڵ‌و كەركوك ناگرێتەوە

February 6, 2017 at 3:03 pm

شڤان محەمەد
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەواوكردنی تۆماری سەرەتایی دەنگدەرانی رایگەیاند، جگە لە هەردوو پارێزگای موسڵ‌و كەركوك، جەختیشیكردووەتەوە لەوەی هەڵبژاردن ئەو دوو پارێزگایە ناگرێتەوە.

وائیل وائیلی، سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردنەكانی كۆمسیۆن، لە بەیاننامەیەكدا لەسەر ماڵپەڕی رەسمی كۆمسیۆن رایگەیاندووە “تۆماری سەرەتایی دەنگدەران كۆتایی هات، دوای دوورخستنەوەی هەردوو پارێزگای كەركوك‌و نەینەوا لەبەرئەوەی هەڵبژاردن نایانگرێتەوە”.

وتیشی “ژمارەی دەنگدەران لەو پارێزگایانەی كە مافی هەڵبژاردنیان هەیە 17 ملیۆن‌و 207 هەزارو 617 دەنگدەرە… ئەوانەشی تۆماركراون لە سیستمی بایۆمەتری گەیشتۆتە حەوت ملیۆن‌و 740 هەزارو 280 دەنگدەر، كە دەكاتە 43 لە سەدی رێژەی دەنگدەران بەبێ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان‌و نەینەواو كەركوك”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی ماددەی 37ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا‌و قەزاكان، كەركوك بەشداری هەڵبژاردن دەكات بەو مەرجەی چاوبخشێنرێتەوە بە تۆماری دەنگدەران‌و بە میكانیزمێك پۆستەكان بەسەر لایەنەكاندا دابەشبكرێت، بەڵام تائێستا ئەوە نەكراوە. كە هەردوو پێكهاتەی عەرەب‌و توركمان داوای جێبەجێكردنی دەكەن.

محەمەد عوسمان، نوێنەرێكی كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە بارەی بڕیارە نوێیەكەی كۆمسیۆنەوە بە (كەركوك ناو)ی وت “وەكو كورد لە هەوڵداین ماددەی 37  هەڵوەشێتەوە‌و چونكە لەگەڵ ئەو مادەیەدا نین”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بڕیارە 16-9ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان جگە لە هەرێمی كوردستان‌و كەركوك‌و نەینەوا ئەنجامبدرێت.

وائیلی وتیشی “كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 20-2ی ئەمساڵ تۆماری بایۆمەتری دادەخات”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن