چیرۆكی ئەو منداڵەی بە حەوت مانگی لەدایكی دابڕا‌و بەسێ‌ ساڵی بینییەوە

February 25, 2017 at 9:36 pm

هێشتا زینەی تەمەن سێ‌ ساڵ بەتەواوی لەگەڵ مونیفەی دایكی رانەهاتۆتەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو
مونیفە توند منداڵەكەی لە ئامێز گرتبوو، ناوبەناو ماچێكی دەكرد‌و دەستی بەسەریدا دەهێنا، وەك ئەوەی هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەی نەكردبێت جارێكیتر بیبینێتەوە.

زینە تەمەنی حەوت مانگ بوو كاتێك شەڕی داعش، لە مونیفە زەحوی دابڕی‌و ئێستاش كە یەكترییان بینیوەتەوە، تەمەنی گەیشتۆتە سێ‌ ساڵ‌و دایكی خۆی ناناسێتەوە.

لەسەروبەندی سەرهەڵدانی داعش لەساڵی 2014دا، مونیفە زەحوی‌و هاوسەرەكەی لەشاری موسڵ گیریانخواردو نەیانتوانی هەڵبێن، تەنیا زینەی كچی لەگەڵ خوشك و براكانی تریدا خۆیان گەیاندبووە ناوچە ئارامەكان‌و لەكامپی تازەدێی گەرمیان گیرسابوونەوە.

لەماوەی ئەو دوو ساڵ‌و چەند مانگەی تێپەڕی، مونیفە‌و هاوسەرەكەی لەموسڵ بوون‌و منداڵەكانیشی لە سنوری هەرێمی كوردستان، بەبێ‌ ئەوەی هیچ جۆرە پەیوەندییەك لەنێوانیاندا هەبێت، تا دواجار‌و لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا، مونیفە شوێنی منداڵەكانی دۆزییەوە‌و لەكامپی تازەدێ‌ بەیەكتری شادبوونەتەوە.

مونیفە زەحوی، لەكامپی تازەدێ‌ زینەی كچی لە ئامێز گرتبوو كاتێك بۆ (كەركوك ناو) دوا و وتی “تائێستاش زینە نازانێت من دایكیم، چونكە كاتێك ساوا بوو شەڕ لێی دابڕیم”.

شادبونەوەی منداڵەكان بە مونیفەی دایكیان جیاوازتر بوو، زینە بەوپێیەی پێشتر دایكی نەبینیوە‌و لەگەڵا خوشكە گەورەكەیدا بووە، نەیناسییەوە.

چەكدارانی داعش، لەناوەڕاستی 2014دا‌و بەماوەیەكی كەم دەستگیرت بەسەری شاری موسڵ‌و ناوچەكانی دەوروبەری، لەو ماوەیەشدا هەزاران خێزان بەهۆی كردەوە توندوتیژییەكانی ئەو رێكخراوە‌و خراپی رەوشی ژیانەوە هەڵاتن‌و بەشێكی زۆریش كە نەیانتوانی ئاوارەببن، بەناچاری لەشوێنەكانی خۆیان مانەوە.

زینە لەتەمەنی حەوت مانگیەوە لای خوشكەكەی بووە‌و بەدایكە بانگی كردووە فۆتۆ: كەركوك ناو

“كاتێك شەڕ گەرم بوو لەمنداڵەكانم دابڕام، زینەش لای خوشكە گەورەكەی بوو، رۆیشتبوون بەرەو هەرێم و لەتەمەنی حەوت مانگیەوە ئەو بەخێوی كرد”.

مونیفە خەمەكانی زۆر بوون، باسی لەوەكرد چۆن لە دوو ساڵی رابردوودا هەموو جۆرە ناخۆشیەكی بینیووە و هەمیشە دڵی لای منداڵەكانی بووە، چونكە نەیزانیوە چییان بەسەر هاتووەو شەڕ بەتەواوی لەیەكتری دابڕی بوون.

قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنەكانی موسڵ، كە 19ی ئەم مانگە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری راستی موسڵ دەستیپێكرد دەرفەت بۆ ئاوارەبوونی مونیفە، تا بەدوای منداڵەكانیدا بگەڕێت.

هەفتەی رابردوو، دوای زیاتر لە دوو ساڵ مونیفە توانی خۆی لەگۆرەپانی شەڕ دوور بخاتەوە‌و بگاتە كامپی تازەدێ‌، لەگەڵ گەیشتنیدا یەكەم كاری لەئامێز گرتنی زینە بوو.

“ئێستاش زینە وا دەزانێ‌ خوشكەكەی دایكیەتی نەك من” مونیفە وای وت.

لەسەرهەڵدانی داعشەوە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، نزیكەی سێ‌ ملیۆن عیراقی ئاوارەبوون‌و تائێستاش، نیوەیان گەڕاونەتەوە.

هودا رەمەزان، خوشكی زینەیە‌و تەمەنی نزیكەی 30 ساڵە، ئەو ژیانی هاوسەری پێكەوە ناوە و كوڕێكی هاوتەمەنی زینەی هەیە، لەو ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا هەردوو منداڵەكەی پێكەوە بەخێو كردووە.

ئەو دەڵێت بەشێوەیەك زینەی خوشكی بەخێوكردووە جیاوازی نەبێت لەگەڵ كوڕەكەیدا، “زینە ئەوەندە گوێی لێبوو كوڕەكەم بەدایە بانگی دەكردم، ئەویش لەوەوە فێر بوو، هەر بە دایە بانگم دەكات”.

پێش گەیشتنی دایكیان، هودا دەڵێت بە تەلەفۆن پێكەوە قسەیان كردوە‌و هەر ئەوكاتیش “بەزینەم وت من خوشكی گەورەی تۆم نەك دایكت، ئیشەڵا دایكمان دێت بۆ لای ئێمە”.

شەڕ‌و پێكدادانەكانی لەگەڵ داعش، تائێستاش خەڵكی چەند ناوچەیەك بەتایبەت موسڵ ئاوارە دەكات‌و بەهۆیەوە، دەیان حاڵەتی هاوشێوەی چیرۆكەكەی زینە دروستبووە، بەوپێیەی دایك‌و باوكەكان بەهۆكاری نەخۆشی یان تەمەن تەنیا منداڵەكانیان لەگەڵ خەڵكی تر رەوانەی ناوچە ئارامەكان دەكەن.

كانونی دووەمی 2017، باشوری كەركوك، ئاوارەبوونی سێ‌ منداڵ لە حەویجەوە بەبێ‌ دایك‌و باوكیان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

مونیفە زیاتر لە هەفتەیەكە گەڕاوەتەوە ناو منداڵەكانی، وردەوردە زینە خەریكە لەگەڵیدا ئاشنا دەبێت‌و لێی نزیكدەبێتەوە.

“ئێستا زینە لەدوای دایكم دەگری‌و لەگەڵی دەخەوێت، خەریكە رادێت لەگەڵی”، هودای خوشكە گەورەی زینە وادەڵێت.

ئەوەی خێزانەكەی مونیفە دەگەڕێنێتەوە دۆخی جاران، كۆبوونەوەیانە لەماڵەكەی خۆیان، بۆیە زۆرێكیان ئومێدیان بەوەیە زوو كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی موسڵ بێت كە چوار مانگە دەستیپێكردووە‌و تائێستاش، چەندین گەڕەكی ناوەندی شارەكە كۆنتڕۆڵكراونەتەوە.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن