- Kirkuknow - https://kirkuknow.com/kurdish -

شەڕ لە نێوان دوو هێزی كوردی لە زێدی ئێزدییەكان روودەدات

سۆران محەمەد‌و فەرمان سادق
شەڕ لەنێوان ئەو دوو هێزە كوردییە لە ناحیەیەكی سنووری شەنگال دەستپێكرد كە لە ئێوارەی پێنجشەممەوە روبەڕوی یەكتر وەستاونەتەوە‌و بەهۆییەوە لە هەردوولا كوژراو بریندار هەیە، ئەوەش لەكاتێكدایە ناوچەكە مەدەنی لێیەو مەترسی هەیە پریشكی شەڕەكەیان بەربكەوێت.

شەڕەكە كاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی 3-3ی لەنێوان ژمارەیەك چەكداری لەشكری رۆژ‌و یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) لەسنووری ناحیەی سنونێ‌ دەستیپێكرد.

عەقید محەمەد (ئەبوجووان) فەرماندە لە لەشكری رۆژ بە(كەركوك ناو)ی وت “شەڕەكە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی كاتژمێر حەوت هەڵگیرسا، شەوی رابردوو هەردوولایەنمان لەجوڵەی بەردەوامدا بووین… هێزەكانی ئێمە دەستپێشخەربووین، چونكە یەبەشە رێگرییان لێكردین بچینە خانەسورێ – سەر بەشەنگال- بۆ دەوام”.

لەشكری رۆژ، هێزێكە لە پێشمەرگەكانی رۆژئاوای كوردستان (كوردستانی سوریا)، لەچەند ساڵی رابردوودا لەلایەن هێزەكانی زێرەڤانی سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مەشقیان پێكراوە‌و پڕچەككراون، بە نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان هەژماردەكرێن.

لەو شەڕەدا، هەردوولا چەكی سوك‌و مامناوەندیان دژ بەیەك بەكارهێناوە، هەرچەندە كوژارو بریندار لەنێویاندا هەیە، بەڵام ئامارەكە جارێ دیار نییە.

ئەبوجوان وتی “شەڕەكە بەردەوامە… هێشتا هیچ رێنماییەك لەسەر هەوڵی ئاگربەست بەئێمە نەگەیشتووە‌و دەمانەوێت بچینە ناحییەكەوە”.

عەگید جفیان، فەرماندەی لە هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەشەنگال – یەبەشە بەشێكە لەو هێزە- بە (كەركوك ناو)ی وت “هێزێكی زۆری لەشكری رۆژ ویستویانە بچنە ناو خانەسورێ‌و سنونێ، بەڵام هێزەكانی پاراستنی گەل‌و یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال‌و ئاسایشی سەر بە ئەنجومەنی گەلی شەنگال ڕوبەڕویان بوونەتەوەو رێگرمان لێكردوون”.

قەزای شەنگال/ ناحیەی سنونێ/3-3ی 2017، شەڕی نێوان لەشكری رۆژ‌و هێزەكانی یەبەشە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

یەبەشە، هێزێكی پێكهاتووە لە پێكهاتەی ئێزیدی‌و بەنزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەژماردەكرێت‌و هەر لەلایەن ئەوانیشەوە، لەچەند ساڵی رابردوودا مەشقیان پێكراوە‌و هاوكاریكراون.

عەگید جفیان وتیشی “لایەنی دەسپێشخەر بۆ شەڕەكە هێزەكانی پێشمەرگە ڕۆژ بوون، ئێمە رێگەنادەین جارێكی تر شەنگال داگیربكرێت”. هەروەها هێزەكانی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمیشی تۆمەتباركرد بەلایەنگیری بۆ لەشكری رۆژو وتی “ئەوانەی كە شەڕ بەرامبەر ئێمە دەكەن تەنها پێشمەرگەی ڕۆژ نین، بەڵكو هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانیش بوون”.

ئەو تۆمەباركردنە لەكاتێكدایە هەڵگورد حیكمەت، وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم، جەختدەكاتەوە كە لەكاتێكدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری ناحیەی سنونێ، “خەریكی پرۆسەیەكی ئاسایی جێگۆڕكێی یەكەكان بوون، لەلایەن گروپێكی سەر بە پەكەكەوە رێگریان لێ كراوەو دواتریش تەقەیان لەهێزی پێشمەرگە كردووە”.

“ئێمە رایدەگەیەنین كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئازادە لەوەی كەی‌و لە كوێ بیەوێت لەناو سنووری خاكی كوردستان جموجۆڵ‌و جێگۆڕكێی هێزەكانی بكات، بۆ ئەوەش ئیجازە لە كەس وەرناگرێت”، هەڵگورد وای وت.

شەڕەكە لە ناحیەی سنونێ‌‌و خانەسورێ روویداوە كە خەڵكی مەدەنی لێییەو پێشتر داعش كۆنترۆڵیكردبوو، سنونێ دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای شەنگال، ئەو قەزایەش لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، زۆرینەی دانیشتوانەكەی لەپێكهاتەی ئاینی ئێزیدیە‌و یەكێكە لە “ناوچەی جێناكۆك”ی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان.

ئەبوجوان  فەرماندەكەی لەشكری رۆژ بە (كەركوك ناو)ی وت “خەڵكی ناحییەكە لەناو ماڵەكانیاندان نەهاتوونەتە دەرەوە، بۆیە رەنگە ئەگەر دەرفەتیان هەبێت ئەوا لێرە دەردەچن بۆ شوێنێكی دیكەی ئارام”.

پێشتر عەقید قادر شێخ مەمی، ئامرهێزی لەشكری رۆژ بە(كەركوك ناو)ی وت كە بەمەبەستی چوونیان بۆ دەوامی فەرمی لە ناوچەی خانەسۆرێ، هێزەكانی یەبەشە “بازگەیان لەنێوان سنونێ‌و خانەسۆرێ دانابوو و رێگرییان لێكردین… گفتوگۆكمان لەگەڵدا كردن تا رێگەمان پێبدەن، بەڵام سوودی نەبوو”.

بەڵام عەگید جفیان دەڵێت ئەوان هۆكاری شەڕەكە نین، وتی “شەڕەكە دوای چوونی مەسعود بارزانی بۆ توركیاو كۆبوونەویە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا ڕویداوە، دیارە ئەم شەڕە بە فەرمانی توركیا دەكرێت، ئێمە هەمیشە نەفرەتمان لەشەڕی براكوژی كردووە، بەڵام ئەگەر هێرشمان بۆ بكرێت ئەوا ئێمەش وەڵامیان دەدەینەوە”.

ئەو كێشەیە لەكاتێكدایە، پەكەكە‌و پارتی دیموكراتی كوردستان كە بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، وەكو دوو حزبی سەرەكی كوردی لە شەنگال ناكۆكیی قوڵی سیاسییان هەیە، لەوكاتەوەی قەزاكە لە مانگی 8ی 2014وە كەوتە دەست داعش.

پارتی‌و پەكەكە، هێزی تایبەتیان لەنێو ئێزدییەكان پێكهێناوە‌و لە شەنگال‌و دەوروبەری جێگریان كردوون، لەكاتێكدایە قەزاكە هێشتا لەرووی ئیداری‌و ئەمنیشەوە یەكلانەكراوەتەوە.

پێشتر ئێزدییەكان لەراپۆرتێكی (كەركوك ناو)دا جەختیانكردەوە كە ناكۆكی ئەو دوو لایەنە هۆكارێكی نەگەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەكانە بۆ قەزای شەنگال‌و داوای زەمانەتی ئەمنییان كرد لەكاتی گەڕانەوەیاندا.

قەزای شەنگال، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە، ئەوەش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانانی ئێزدیی‌و گەریلاكانی پەكەكە بەهاوكاری فڕۆكەكانی هاوپەیمانان.