فەرماندەیەكی لەشكری رۆژ: شەڕ لەشەنگال وەستاوە

March 3, 2017 at 11:52 am

قەزای شەنگال/ ناحیەی سنونێ/3-3ی 2017، شەڕی نێوان لەشكری رۆژ‌و هێزەكانی یەبەشە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

فەرمان سادق
عەقید قادر شێخ مەمی، ئامرهێزی لەشكری رۆژ رایدەگەیەنێت كە شەڕی نێوان هەردوو لایەنە شەڕەكەی شەنگال وەستاوە، ئەوەش دوای گفتوگۆی نێوانیان لەئاستی باڵادا.

عەقید قادر كە وەك خۆی وتی ئێستا لە خانەسۆرە لە سنوری شەنگال – شەو شوێنەی شەڕەكەی لێبووە- بە (كەركوك ناو)ی وت “لەئاستی باڵادا هەردوولا گفتوگۆ هەبووە بۆ راوەستانی شەڕەكە، لەئێستادا شەڕ نییە”، بەبێ ئەوەی وردەكاری ئەو گفتوگۆیە ئاشكرابكات.

كاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی 3-3ی لەنێوان ژمارەیەك چەكداری لەشكری رۆژ‌و یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) لەسنووری ناحیەی سنونێ‌ لەقەزای شەنگال دەستیپێكرد، دوای ئەوەی ئێوارەی پێنجشەممە هەردولا لەدژی یەكتر هێزیان كۆكردەوە.

بەپێی وتەی هەردوولایەن كە بۆ (كەركوك ناو) قسەیانكرد، شەڕەكە بەهۆی ئەوەوە بووە كە لەشكری رۆژ كە لەلایەن هێزە چەكدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مەشق‌و هاوكاریی سەربازیی دەكرێن ویستویانە پێشڕەوی بكەن‌و بۆ ناحییەی سنونێ، بەڵام یەبەشە، هێزێكی پێكهاتووە لە پێكهاتەی ئێزیدی‌و بەنزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەژماردەكرێت‌و هەر لەلایەن ئەوانیشەوە، لەچەند ساڵی رابردوودا مەشقیان پێكراوە‌و هاوكاریكراون رێگریی لێكردوون‌و بەهۆیەوە ئەمڕۆ هەینی شەڕ دروستبووە.

لەو شەڕەدا، هەردوولا چەكی سوك‌و مامناوەندیان دژ بەیەك بەكارهێناوە، هەرچەندە كوژارو بریندار لەنێویاندا هەیە، بەڵام ئامارەكە جارێ دیار نییە.

شەڕەكە لە ناحیەی سنونێ‌‌و خانەسورێ روویداوە كە خەڵكی مەدەنی لێییەو پێشتر داعش كۆنترۆڵیكردبوو، سنونێ دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای شەنگال، ئەو قەزایەش لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، زۆرینەی دانیشتوانەكەی لەپێكهاتەی ئاینی ئێزیدیە‌و یەكێكە لە “ناوچەی جێناكۆك”ی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان.

ئەو كێشەیە لەكاتێكدایە، پەكەكە‌و پارتی دیموكراتی كوردستان كە بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، وەكو دوو حزبی سەرەكی كوردی لە شەنگال ناكۆكیی قوڵی سیاسییان هەیە، لەوكاتەوەی قەزاكە لە مانگی 8ی 2014وە كەوتە دەست داعش.

پارتی‌و پەكەكە، هێزی تایبەتیان لەنێو ئێزدییەكان پێكهێناوە‌و لە شەنگال‌و دەوروبەری جێگریان كردوون، لەكاتێكدایە قەزاكە هێشتا لەرووی ئیداری‌و ئەمنیشەوە یەكلانەكراوەتەوە.

پێشتر ئێزدییەكان لەراپۆرتێكی (كەركوك ناو)دا جەختیانكردەوە كە ناكۆكی ئەو دوو لایەنە هۆكارێكی نەگەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەكانە بۆ قەزای شەنگال‌و داوای زەمانەتی ئەمنییان كرد لەكاتی گەڕانەوەیاندا.

قەزای شەنگال، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە، ئەوەش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانانی ئێزدیی‌و گەریلاكانی پەكەكە بەهاوكاری فڕۆكەكانی هاوپەیمانان.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن