سێ‌ سكاڵا دژی پۆلیس تۆماركراوە
دۆسیەی “گیانلەدەستدانی” ئاسایشەكەی كەركوك یەكلانەكراوەتەوە

March 25, 2017 at 10:01 pm

ئازاد عەلی،كارمەندی ئاسایشی كەركوك (پارتی) 5-2ی ئەمساڵ هەواڵی "گیانلەدەستدانی" بەكەسوكارەكەی درا

كەركوك ناو
دۆسیەی “گیانلەدەستدان”ی كارمەندێكی ئاسایشی كەركوك لە زینداندا، تائێستا بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە‌و تادێت گومانەكانیش لەوبارەیەوە زیاتر دەبن، بۆیە سێ‌ سكاڵا دژ بە پۆلیس تۆمار كراوە‌و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامی هەیە.

ئازاد عەلی محەمەد، كارمەندی ئاسایشی كەركوك (پارتی)یە‌و ماوەیەك لەمەوبەر بەتۆمەتی كوشتنی هاوڵاتییەك دەستگیركرا، دوای مانەوەی بۆ نزیكەی دوو مانگ لەبنكەی پۆلیسی عروبە بەدەستبەسەركراوی، 5-2ی ئەمساڵ هەواڵی “گیانلەدەستدانی” بەكەسوكارەكەی درا.

هەرچەندە ئەوكات هێزە ئەمنیەكان روداوەكەیان بە “خۆكوشتن” ناوبرد، بەڵام كەسوكارەكەی بەو ئەنجامە رازی نەبوون‌و ئاسایشی كەركوك (پارتی)ــیش كە قوربانییەكە كارمەندی ئەوان بووە، داوای لێكۆڵینەوەیان كرد.

عەمید چەتۆ فازڵ، بەڕێوەبەری بەشی یاسا‌و لێكوڵینەوە لە ئاسایشی كەركوك (پارتی) ئاماژەی بەوەدا كە ئەوانیش لیژنەیان پێكهێناوە‌و لێكۆڵینەوەیان كردووە، بۆیە پێیانوایە لەو رووداوەدا كەمتەرخەمی هەیە‌و پێویستە لێپێچینەوە بكرێت.

ئەوەشی بۆ (كەركوك ناو) ئاشكرایكرد “لەسەر ئەو بابەتە سكاڵایەكمان تۆمار كردوە دژ بە پۆلیسی كەركوك”، بەئامانجی بەدوادچونی دواكەوتنی لێكۆڵینەوە لە كەیسی تۆمەتباركردنی كارمەندەكەیان لە كاتی دەستبەسەركردنی‌و هەروەها نەبوونی كامێرا لە شوێنی رووداوەكە‌و چەند پرسێكی تری تایبەت بەو دۆسیەیە.

“پۆلیسی خۆی لیژنەیەكی پێكهێنابوو.. گەیشتوەتە ئەوەی كەمتەرخەمی هەبوە‌و مەجلس لەسەر ئەفسەرێك تەشكیل بكەن كە ئەفسەری تحقیقی بووە”.

بەرپرسەكەی ئاسایش دەڵێت دەركەوتنی ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوەیە‌و هەروەها ئەنجامی پزیشكی داد، كاتی دەوێت‌و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەن.

كارمەندەكەی ئاسایش خێزاندارە‌و دوو منداڵی هەیە، بەوتەی هێزە ئەمنیەكان پێش “گیانلەدەستدانی” نامەیەكی ماڵئاوایی بۆ هاوسەرەكەی نوسیووە‌و تێیدا جارێكیتر دانی ناوە بە”كوشتنی” ئەو هاوڵاتییەی بەهۆیەوە دەستبەسەر بووە.

كەركوك، 5-2-2017، بەخاکسپاردنی تەرمی ئازاد عەلی لەلایەن كەسوكاریەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەسێكی نزیكی ئەو كارمەندەی ئاسایش كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت “دایك‌و هاوسەری ئاسایشەكە دوو سكاڵایان تۆمار كردوە دژ بە بنكەی پۆلیسی عروبە، هەرچەندە دڵنیابوونەتەوە لەو قسانەی لە نامەكەدا پێش گیانلەدەستدانی نوسیویەتی، بەڵام دڵنیانین روداوەكە خۆكوژی بێت‌و چاوەڕێی ئەنجامی لێكوڵینەوەكان دەكەن”.

ئەو كارمەندەی ئاسایش، سەرەتا لەلایەن بەرێوەبەرایەتییەكەی خۆیەوە دەستبەسەركراوە‌و دواتر لەسەر داواكاری هێزە ئەمنیەكان، رادەستی پۆلیس كراوە‌و وەكو پێشتر كەسوكاری بۆ (كەركوك ناو) باسیانكرد، رێگەنەدراوە سەردانی بكەن.

عەقید ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك لەلێدوانێكدا بۆ (كەركوك ناو) وتی “تائێستا ئەو لیژنەیەی پێكهێنرابو هیچ ئەنجامێكی نەبوە، بڕیاروایە لەماوەی هەفتەكانی داهاتو ئەنجامی هەبێت”.

هەروەها بوونی سكاڵای دایك‌و هاوسەری كارمەندەكەی ئاسایشی دژ بە پۆلیس بە ئاسایی ناوبرد، بەڵام بێئاگایی خۆی لە سكاڵای ئاسایشی كەركوك (پارتی) نیشاندا.

عەقید ئەفراسیاو جارێكیرت جەختیكردەوە كە رووداوەكە “خۆكوژی” بووە‌و ئاماژەی بەوەشدا، هیچ لەنێو زیندانیەكەدا كامێرا نەبوە.

لەسەروبەندی رووداوەكەدا، بە ئامانجی نەهێشتنی گومانی كەسوكاری نمونەیەك لە جەستەی كارمەندەكەی ئاسایش بۆ شیكاری رەوانەی بەغدا كرا.

وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك دەڵێت “تائێستا ئەنجامی پشكنینەكانی یەكەی دادی نەهاتوەتەوە لەبەغدا، هەركاتێك پشكنینەكان گەڕایەوە‌و ئەنجامی لێكوڵینەوەكان ئاشكرابوو، ئیجرائاتی پێویست دەكرێت”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن