قایمقامی كەركوك ئامادەكارییەكانی تەواوكرد بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان‌و چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنە

March 27, 2017 at 2:28 pm

كەركوك/27-3ی2017، كامیل ساڵەیی، قایمقامی كەركوك، ئامادەكاریی دەكات بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لەسەر فەرمانگەكەی فۆتۆ: وریا كاكەیی

وریا كاكەیی
كامیل ساڵەیی، قایمقامی قەزای ناوەندی كەركوك، ئەمڕۆ دووشەممە ئامادەكارییەكانی تەواوكرد بۆ هەڵكردنی هەردوو ئاڵای عیراق‌و هەرێمی كوردستان بەتەنیشت یەكەوە، بەڵام وتی “چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگا دەكەم”.

ساڵەیی، دوو بۆری ئاسنی لە تەنیشت یەكەوە داناو بۆیەی كرد‌و یەكێكیان ئاڵای عیراقی پێوەكردو بۆرییەكەی تریش بۆ ئاڵای هەرێمی كوردستان دانراوە.

لەوكاتەی سەرقاڵی ئامادەكارییەكان بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت “دەمانەوێت لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان، یەكەم فەرمانگەی كەركوك بین، بڕیارەكە جێبەجێبكەین”.

بۆ ئەوەش وتی “ئاڵاكەمان حازرەو ساڵانێكە چاوەڕێی بڕیارێك دەكەین بۆ ئەوەی جێبەجێی بكەین”.

ئەو ئامادەكارییەی كامیل ساڵەیی كە لەپشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، لەكاتێكدایە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لەڕۆژی سێشەممە ئەنجامبدرێت، دوابخرێت، كە خاڵی یەكەمی كارنامەی دانیشتنەكە خستنەدەنگدانی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانە لە فەرمانگەكانی كەركوك شانبەشانی ئاڵای عیراق.

كەركوك/27-3ی2017، قایمقامی كەركوك دوو بۆری ئاسنی لەسەر فەرمانگەكەی چەقاند‌و بۆیەی كرد، یەكێكیان بۆ ئاڵای عیراق‌و ئەوەی تریش بۆ ئاڵای هەرێمی كوردستان فۆتۆ: وریا كاكەیی

پارێزگاری كەركوك 14ی ئەم مانگە بە نووسراوێك داوای لە ئەنجومەنی پارێزگا كرد بڕیارێك لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە تەواوی فەرمانگە حكومییەكانی كەركوك دەربكەن، ئەوەش ناڕەزایی توركمان‌و عەرەبەكانی شارەكەی لێكەوتەوە.

بەر لەوەی ئەنجومەنی پارێزگای بڕیاری لەسەر بدات، 20-3 نەجمەدین كەریم، لە چوارچێوەی مەراسیمی جەژنی نەورۆزدا لە سەر قەڵای كەركوك دوو ئاڵای گەورەی هەرێمی كوردستان‌و عیراقی بە تەنیشت یەكترییەوە هەڵكرد.

كەركوك/27-3ی2017، كامیل ساڵەیی، قایمقامی كەركوك، لەكاتی بۆیەكردنی ئەو بۆرییە ئاسنەی كە بۆ ئاڵای هەرێمی كوردستان لەسەر فەرمانگەكەی چەقاندویەتی فۆتۆ: وریا كاكەیی

بڕیارە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، سێشەممە 28-3 كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدات‌و لە خاڵی یەكەمی بەرنامەی كاریدا، تاوتوێی داواكەی پارێزگار بكات بۆ هەڵكردنی ئاڵا‌و دەنگی لەسەر بدات.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن