ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە فەرمانگەكانی پارێزگاكە پەسەندكرد

March 28, 2017 at 11:20 am

كەركوك، 20-3-2017، هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان‌و عیراق لەسەر قەڵا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەمڕۆ سێشەممە 28-3 هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە فەرمانگەكانی شارەكە پەسەندكرد، ئەوەش لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەردوو پێكهاتەی عەرەب‌و توركمان بایكۆتیانكرد.

كۆبوونەوەكە كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی دەستیپێكرد، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیستی برایەتی (كورد)‌و تیایدا پرسی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان خرایە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ پەسەندكرا.

پارێزگاری كەركوك 14ی ئەم مانگە بە نووسراوێك داوای لە ئەنجومەنی پارێزگا كرد بڕیارێك لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە تەواوی فەرمانگە حكومییەكانی كەركوك دەربكەن، ئەوەش ناڕەزایی توركمان‌و عەرەبەكانی شارەكەی لێكەوتەوە.

بەر لەوەی ئەنجومەنی پارێزگای بڕیاری لەسەر بدات، 20-3 نەجمەدین كەریم، لە چوارچێوەی مەراسیمی جەژنی نەورۆزدا لە سەر قەڵای كەركوك دوو ئاڵای گەورەی هەرێمی كوردستان‌و عیراقی بە تەنیشت یەكترییەوە هەڵكرد.

لەچوارچێوەی كاردانەوەكانیشدا حكومەتی عیراق، لە نوسراوێكدا جەختیكردەوە لەوەی پێویستە تەنیا ئاڵای عیراق لە كەركوك هەڵبكرێت‌و پێشیوایە، بڕیاردان لەوبارەیەوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگادا نییە.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن