منداڵێك لە كەركوك روبەڕوی لێدانی توند دەبێتەوە
“باوكی بەهۆی لەكاركەوتنی تەسجیلی ئۆتۆمبێلەوە ئازاری داوە”

May 5, 2017 at 10:28 pm

كەركوك، 5-5-2017، شوێنەواری لێدان بە دەم‌وچاوی منداڵێكەوە دوای ئازاردانی لەلایەن باوكییەوە فۆتۆ: وەهاب عەنبەكی

عومەر جەواد
منداڵێك لە كەركوك، بە توندی روبەڕوی لێدان دەبێتەوە‌و شوێنەواری برین بە دەم‌وچاویەوە دەردەكەوێت، بەوتەی شایەتحاڵێكی رووداوەكەوەش لەلایەن باوكیەوە ئازار دراوە بەهۆی لەكاركەوتنی تەسجیلی ئۆتۆمبێلەكەیەوە.

ئەو رووداوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 5-5 بووە لە گەڕەكی دورسكەك لە باشوری كەركوك‌و دراوسێیەكیان دەڵێت باوكی بەردەوام لەو منداڵەی داوە‌و لیژنەی مافەكانی مرۆڤیش لە ئەنجومەنی پارێزگا، هۆكاری بەردەوامی ئەو رووداوانە بۆ نەبونی یاسایەكی تایبەت دەگەڕێنێتەوە.

منداڵەكە ناوی (حسێن ئەحمەد) تەمەن هەشت ساڵە‌و تەنیا یەك برای دیكەی هەیە.

وەهاب عەنبەكی، دراوسێی ماڵی ئەو منداڵەیە‌و دەڵێت لە رێی براكەیەوە لە هەمان گەڕەك ئاگاداركراوەتەوە كە جارێكیتر حسێن ئەحمەد (منداڵەكە) لەلایەن باوكیەوە لێیدراوە‌و ئەمجارەیان لەسەر لەكارخستنی تەسجیلی ئۆتۆمبێل بووە.

“براكەم سوور بوو لەسەر ئەوەی بە پەلە بگەمە ئەوێ‌ تا وێنەی منداڵەكە بگرم‌و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئینتەرنێتدا بڵاویبكەنەوە، هەروەها پەیوەندی بە دەزگاكانی راگەیاندنەوە بكەم بۆ بڵاوكردنەوەی رووداوەكە”، ئەو شایەتحاڵە بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

عەنبەكی دەڵێت كاتێك گەیشتووە منداڵەكە وادەردەكەوت بورابێتەوە، هۆشی نەمابوو بەهۆی لێدانی توندەوە، شوێنەواری برین لەسەر لوت‌و خوار چاوی هەیە، شوێنەواری لێدانەكە بە پشت‌و سنگیشیەوە هەبوو.

وەكو دراوسێكەیان باسیكرد، ئەو منداڵە كەسێكی لەسەرخۆ‌و هێمنە بەراورد بە منداڵانی تری ناوچەكە، بەڵام “باوكی بەردەوام زۆر بە توندوتیژانە لێیدەدا لەبەر هۆكاری زۆر سادە، لەكاتێك باوكی هیچ كێشەكی ئەقڵی‌و تەندروستیشی نییە”.

كەركوك، 17-4-2017، ئاسەواری لێدان بە جەستەی منداڵێكەوە دوای لێدانی لەلایەن باوكییەوە فۆتۆ: پۆلیسی دام‌ودەزگاكان

توندوتیژی بەرانبەر بە منداڵان لەكەركوك نوێ‌ نییە‌و لە 17-4ی ئەمساڵدا، منداڵێكی تەمەن 10 ساڵان بەشێكی زۆر لە جەستەی بەهۆی لێدانی باوكی بریندار‌و ئازاری زۆری بەركەوت، تەنیا لەبەرئەوەی درەنگ لە یاری دووگۆڵی گەڕابۆوە ماڵەوە.

جوان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ‌و كاروباری منداڵان‌و ژنان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت بەمدواییانە حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە منداڵان زیادیكردووە‌و بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە نهێنی نامێننەوە، هەرچەندە پێشتریش هەبووە بەڵام وەكو ئێستا ئاشكرانەبوون.

هەروەها ئەوەشی بۆ (كەركوك ناو) رونكردەوە “كاتێك لە عیراق باوكێك لە منداڵەكەی دەدات یاسای سزادان لێی ناپرسێتەوە لەسەر ئەو كاریگەرییە دەرونییانەی بەهۆی توندوتیژییەكەوە توشی منداڵەكە دەبێـ، بەهۆیەشەوە روداوەكانی زیاتر بوون”.

جەختی لەوەشكردەوە ئەو رووداوانە دەرهەق بە منداڵان “لێدان نییە بەڵكو ئەشكەنجەدانە لەلایەن باوكەكانەوە”.

جوان حەسەن هۆكاری دوبارەبونەوەی رووداوەكان بۆ نەبونی یاسایەكی تایبەت دەگەڕێنێتەوە، بەوپێیەی بڕگەیەكی رون بۆ ئەو حاڵەتانە نییە‌و دادگا لەسەر بنەمای شوێنەواری لێدان رەنگە بۆ چەند رۆژێك باوكەكە دەستبەسەربكات‌و ئەگەر سكاڵا نەبێت، ئازادی دەكات.

ساڵی رابردووش، چەندین حاڵەتی توندوتیژی جۆراوجۆر دژ بە منداڵ‌و مێردمنداڵ لە شاری كەركوك تۆماركراوە، كە بەشێكی زۆریان لەلایەن كەسوكاری نزیكی خۆیانەوە ئازاردراون‌و حاڵەتی تێدا هەبووە بە مردن كۆتایی هاتووە.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن