“هێزە رەشەكە”ی یەكێتی بیر لە جێهێشتنی بیرە نەوتییەكان ناكاتەوە

May 13, 2017 at 2:01 pm

كەركوك، 2-3-2017، هێزێكی سەربازی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەچێتە نێو كۆمپانیای نەوتی باكور و لە بیرە نەوتییەكان جێگیردەبێت فۆتۆ: قەیس بەرواری

سۆران محەمەد
ئەو هێزەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە 2ی ئازاری رابردوو لە بیرە نەوتییەكانی كۆمپانیای نەوتی باكور جێگیركرا، ئامادەی كشانەوە نییە، بەهۆی جێبەجێنەكردنی داواكارییەكیان.

ئەو هێز سەربازییە، كە بە “هێزە رەشەكە”ی مەڵبەندی 2ی یەكێتی ناسراوە، لە 2ی ئازاری رابردوو چووە سەر بیرە نەوتییەكانی كۆمپانیای نەوتی باكور و بۆ چەند كاتژمێرێك هەناردەكردنی نەوتی راگرت، دوای زیاتر لە دوو مانگ هێشتا لەوێ ماوەتەوەو ئامادەی كشانەوە نییە.

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتی لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت “هێزە ڕەشەكە لە شوێنی خۆی ماوەتەوە لە بیرە نەوتییەكانی شاری كەركوك، تا ئەوكاتەی كە داوكارییەكانمان جێبەجێنەكرێت ناكشێتەوە”.

“دەمانەوێت بە زمانی گفتوگۆو كێشەكان چارسەر بكەین”

لەكاتی جوڵاندنی هێزەكە بۆ سەر بیرە نەوتییەكان، لێپرسراوانی یەكێتی جەختیانكردەوە لە جێبەجێكردنی كۆی بڕگەكانی كۆنووسی كۆبوونەوەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراقدا لە شوباتی ئەمساڵ، دیارترینیان “دروستكردنی پاڵاوگەیەكی نەوت، پێدانی شاستە داراییەكانی (پترۆدۆلار) لەلایەن هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان، لەگەڵ دامەرزانی خەڵكی شارەكە لە كۆمپانیای نەوتی باكور”، بەپێچەوانەوە هەڕەشەی گرتنەبەری هەڵوێستی تریان كرد.

بەڵام رەوەندە مەلا مەحمود، ئەمڕۆ شەممە 13-5 لەبارەی گرتنەبەری هەڵوێستی تر، بە (كەركوك ناو)ی وت “ئێمە نامانەوێت ئاڵۆزی دروستبكەین، دەمانەوێت بە ڕێگای زمانی گفتوگۆو شێوازی دیموكراسییانە كێشەكان چارسەر بكەین، هێزەكەشمان بۆ دروستكردنی كێشەو ئاڵۆزی لە بیرە نەوتیەكانی شارەكە جێگیر نەكردووە”.

“دۆخی ئەمنی بیرە نەتییەكانی كەركوك جێگیر ترە”

وتیشی “حكومەتی عیراق بەڵێنی دروستكردنی پاڵاوگەیان بە پارێزگار داوە، بەڵام زانیاریم لا نییە كەیی‌و چۆن‌و لەكوێ دروستدەكرێت”.

نەقیب، قادر عەلی، فەرماندەی هێزە رەشەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت “ئێمە بە فەرمانی حزب لە بیرە نەوتییەكانی كەركوك جێگیركراوین، هەر بە فەرمانی حزب لە بیرە نەوتییەكان دەكشێینەوە”.

پێشیوایە “دۆخی ئەمنی بیرە نەتییەكانی كەركوك جێگیر ترە”.

كۆمپانیا نەوتی باكور بەدووری 11كم دەكەوێتە رۆژئاوای شاری كەركوك‌و بەشێكی نەوتی كەركوك لەوێوە‌و لەڕێی بۆری نەوتی هەرێم بۆ توركیا رەوانەی دەرەوە دەكرێت.

هێشتا روون نییە مانەوەی ئەو هێزە چەند دەخایەنێت‌و چی بەدوادادێت، بەڵام رەوەند مەلا مەحمود وتی “هەر لایەن‌و حكومەتێك بیەوێت هێزمان بەرامبەر بەكاربهێنێت ئەوا وەڵامان دەبێت”.

“ئێمە دەمانەوێت حكومەتی عیراق هاوكارمان بێت لە ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و بابەتی هێزە رەشەكە وەك كارتی فشار بەرامبەر هیچ هێزو لایەنێك بەكارناهێنین”، رەوەند وای وت.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن