ئارام یوسف
پرسی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركوك كاردانەوەو بیروبۆچوونی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێك واییدەبینن كە هەڵكردنی ئەو ئاڵایە لە كەركوك پێشێلكردنی ئاشكرای دەستوریی عیراقەو هەڕەشەیە بۆ سەر پێكەوەژیانی ئاشتیانە، بەشێكی تریش پێیانوایە كە كارێكی یاساییو ئاساییەو هەڵكردنی ئەو ئاڵایە لە كەركوك كارێكی نوێ نییە.
دوای ئەوەی پارێزگاری كەركوك بە نووسراوێك داوای لە ئەنجومەنی پارێزگا كرد بڕیارێك لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە تەواوی فەرمانگە حكومییەكانی كەركوك دەربكەن و زمانی كوردی لە نوسراوە فەرمییەكاندا لەگەڵ زمانی عەرەبی بەكاربهێندرێت، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك 28-3 لە كۆبوونەوەیەكدا بەبێ ئامادەبوونی هەردوو پێكهاتەی توركمانو عەرەب هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە فەرمانگەكانی شارەكەدا پەسەندكرد، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستاندا پشتی بە هەردوو مادەی (115 و140) لە دەستووری عیراق بەستووە بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركوك و بەبڕیارێكی دەستوریی دەزانرێت.
لە مادەی (115)ی دەستوری عیراقدا هاتووە “هەر پرسێك ئاماژەی پێنەكرابێت كە لە تایبەتمەندی دەسەڵاتی فیدڕاڵدایە، دەبێت بە تایبەتمەندی هەرێم و پارێزگاكان كە لە چوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون، لە دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێمەكاندا ئەولەویەت تێیدا بۆ یاسایی هەرێمیو پارێزگاكان كە لەچوارچێوەی هەرێمێكدا رێكنەخراون ئەگەر ناكۆكی لە نێوانایاندا هەبوو”.
هەروەها ماددەی 140ی دەستور لە دوو بڕگە پێكهاتووە. یەكەم: دەسەڵاتی راپەڕاندن هەنگاوی پێویست دەنێت بۆ تەواوكردنی جێبەجێكردنی پێداویستیەكانی ماددەی 58 لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە بەهەموو بڕگەكانیەوە. دووەم: ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەرشانی دەسەڵاتی راپەڕاندنە لەحكومەتی ئینتیقالیدا كە لەماددەی 58 لەیاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە ئاماژەی پێكراوە، بەردەوام دەبێت و دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی راپەڕاندنی هەڵبژێردراو بەپێی ئەو دەستورە تا بەتەواوی جێبەجێبكرێت (ئاساییكردنەوە، سەرژمێری، لەكۆتاییدا ئەنجامدانی ڕاپرسی لەكەركوكو ناوچەكانی تر كە ناكۆكییان لەسەرە بۆ دیاریكردنی ویستی هاوڵاتیان) لەماوەیەكی دیاریكراودا كە لەمانگی 12ی 2007 تێپەڕنەكات.
ئەو ماددە دەستوورییە، پشتی بەستووە بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ماددەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، كە لەمانگی 3ی ساڵی 2004دا دەركراوە و لەسێ بڕگەی سەرەكی پێكدێت.
بەهیچ شێوەیەك لە مادەكانی (115 و 140)ی دەستوری عیراقو مادەی (58) لە یاسایی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە بەهەموو بڕگەكانیەوە باس لە بابەتی هەڵكردنی هیچ ئاڵایەك نەكراوە لە پارێزگاكان.
حكومەتی عیراق پێیوایە كە هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركوك، پێشیلكردنی یاسایە لەلایەن ئیدارەی پارێزگاكەوە ئەنجامدراوە، بەوپێیەی كەركوك بەشێك نیە لە هەرێمی كوردستانی عیراق و راستەوخۆ بە حكومەتی ناوەندەوە بەستراوەتەوە، بۆیە بڕیاری هەڵكردنی ئاڵا لە پارێزگاكان لە دەسەڵاتی راستەوخۆی حكومەتدایە.
دوای چەند رۆژێك لە پەسەندكردنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی رەتكردەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە بڕیارەكەی بۆ رەتكردنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پشتی بەمادەی 23 لە یاسایی ژمارەی 36ی ساڵی 2008ی تایبەت بە ئەنجومەنی پارێزگاكان بەستووە.
لە مادەی 23 بڕگەی 5 لە یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هاتووە “ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی بەپێی یاسایی پەیڕەوكراوی ژمارەی 21 بۆ ساڵی 2008و دۆخی پارێزگای كەركوك بەشێوەی خۆی دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدەدرێت”.

كەركوك/29-3/خۆپیشاندانی بەرەی توركمانی لەبارەی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان فۆتۆ: كەركوك ناو
دوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەبارەت بە رەتكردنەوەی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركوك، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە ئاشكرا رایگەیاند كە هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركوك دەستورییەو بە هیچ شێوەیەك لێی پاشگەزنابنەوە، وتیشی كە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك چاوەڕوانی بڕیاری دادگای دەستوریی دەكات لە بارەی ئەوەی كە ئایا بڕیارەكەی ئەنجومەن لەسەر پرسی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركوك یاساییە یان پێچەوانەی یاساییە.
مادەی 12 لە دەستوری هەمیشەیی عیراق بابەتی ئاڵای بەمشێوەیە رێكخستووە “ئاڵای عیراقو هێماكەییو سرودی نیشتیمانی بە یاسا رێكدەخرێت بە شێوەیەك كە ئاماژە بێت بۆ پێكهاتەكانی گەلی عیراق”.
ئاڵای عیراقو هێماكەییو سرودی نیشتیمانی بە یاسا رێكدەخرێت بە شێوەیەك كە ئاماژە بێت بۆ پێكهاتەكانی گەلی عیراق
لە سەرەتایی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە پرسی ئاڵای بە یاسا رێكخراوە، دوای ئەوەی كە حكومەتی ئەوكاتەی عیراق بڕیاریدا كە دەستوریی هەمیشەیی بنوسێتەوە لە یەكێك لە مادەكانی باس لە شێوەی ئاڵاكەو گرنگی ئاڵا كراوە بۆ دەوڵەتی عیراقی نوێی.
یەكەم رێكخستنی ئاڵا بە یاسا لەساڵی 1925دا بووە كە بریتییە لە یاسایی بنەڕەتی عیراقی (دەستوری پاشایەتی)و لە مادەی چواری ئەو یاسایەدا باس لە شێوەی ئاڵای عیراق كراوە.
كاركردن بەو ئاڵایە بەردەوامبوو تاوەكو كاتی روخانی سیستمی پاشایەتیو دروستبوونی سیسمی كۆماریی یەكەم (كۆماری عەبدولكەریم قاسم) لە 14ی تەممورزی 1958و ئاڵای كۆماریی پەسەندكراو یاسایی ئاڵای كۆماریی بە یاسایی ژمارە 102 بۆ ساڵی 1959 رێكخرا، دواتر یاسایی ئاڵای عیراق ژمارەی 28 بۆ ساڵی 1963 دەرچوو، هەروەها لە ساڵی 1986 یاسایەكی نوێ بۆ ئاڵای عیراق پەسەندكرا بەپێی ئەو یاساییەش ئاڵاكە جیاوازییەكی زۆری نەبوو لەگەڵ ئاڵاكەی پێشتر، بەڵام لەم یاساییەدا شیكردنەوە بە بەشێك لە بڕگەكانی كراوە.

كەركوك/25-4ی2017/ لیژنەكانی ئیدارەی كەركوك لەكاتی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لەسەر فەرمانگەكانی پارێزگاكە فۆتۆ: شڤان محەمەد
لە 5-1-2004 ئەنجومەنی حوكم بۆ قۆناغی گواستنەوەی بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی دا بۆ دیاریكردنی شێوەی ئاڵای نوێی عیراقو سرودی نیشتیمانی، بەشێوەیەك لە ماوەی هەفتەیەكدا پێشنیاری خۆیی پێشكەش بە ئەنجومەنەكە بكاتەوە، ئەو لیژنەیە لەسەر دیزاینێك رێككەوتن، بەڵام حزبە سیاسییەكان لەسەر ئەو دیزاینەی ئاڵای عیراق رێكنەكەوتن، دوای ئەوەش ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یاسایی 1986ی هەمواركردەوە بە هەمواری یاسایی ژمارە (9)ی ساڵی 2008.
لەلایەن خۆیەوە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بابەتی ئاڵای هەرێمی بە یاسایی ژمارەی 14ی ساڵی 1999 رێكخستووەو بەپێی ئەو یاساییە پێویستە شێوەی ئاڵاكە لاكێشە بێتو درێژییەكەی سێ هێندەی پانێیەكەی بێتو دابەشبكرێت بۆ سێ بەشی ئاسۆیی یەكسان، رەنگی سەرەو سوور دەبێت و ناوەڕاست سپیو وێنەی خۆرێكی تێدا دەبێتو رەنگی خوارەوەی ئاڵاكەش سەوز دەبێت.
بەپێی یاساكە رەنگی سوور ئاماژەیە بۆ خوێنی شەهیدانی بزووتنەوەی كوردستانو رەنگی سپی ئاماژەی بۆ ئاشتیو پێكەوەژیان لە نێوان دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، رەنگی سەوزیش بە مانای خێرو داهاتی هەرێمی كوردستان دێت.
كۆماری مهابات ساڵی 1946 هەمان ئاڵای وەك ئاڵای كۆماری كوردستان دیاریكردوە بەڵام بەكەمێك دەستكارییەوەو كێشانی وێنەی دوو گوڵە گەنم لەسەر خۆرەكەو هەروەها دانانی وێنەی چیایەك كە دارێكی لەسەر بووە لە پشت خۆرەكەوەو بەشێوەی بازنەیی لەسەری نوسراوبوو (دەوڵەتی كۆماری كوردستان).
لەم بابەتەی سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە پرسی ئاڵا لەسەرەتایی دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە ناكۆكیی لەسەر بووەو بەردەوامیشە تا هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركوك.
شاری كەركوك بە گرنگترین ناوچەی (جێناكۆك) هەژماردەكرێت لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراقو پێشبینی دەكرێت ئەو شارە ببێت بە سەرەكییترین تەحەدییەكانی داهاتوو لە نێوان هەرێمو حكومەتی فیدراڵدا دوای كۆتاییهاتنی شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ.
ئهم بهدواداچونه له مانگی ئایاری 2017 دابهزیوه و له رۆژی ئاڵای ههرێمی كوردستان جارێكی تر (كهركوك ناو) بڵاویكردهوه