گرژییه‌كانی گه‌یاره ههڕەشه له ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن
September 15, 2017 at 9:18 pm

گەیارە، 17-6-2017، خۆپیشاندانی كەسوكارانی قوربانیانی دەستی داعش، كە تیایدا داوایانكرد ئەو خێزانانە دەربكرێن كە لەكاتی داعشدا پاڵپشتی ئەو رێكخراوەیان كردوە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو
ئارام یوسف فارس
به‌دریه دلێمی (36 ساڵ)و منداڵه‌كانی، پێشنیوه‌ڕۆی 17ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیان له باكوری گه‌یاره دانیشتبوون، كاتێك گوێی له هوتاف و ده‌نگه‌ده‌نگ ده‌بێت “ئێره شوێنی داعش نییه‌و ده‌ریانكه‌ن”، به‌دریه وتی “به‌په‌له ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌م قوفڵكرد، ترسام بێنه ژووره‌وه‌و منداڵه‌كانم بكوژن”.
“منداڵه‌كانم كۆكرده‌وه‌و پێموتن ئیتر چوونه‌ده‌ره‌وه نییه، كچه گه‌وره‌كه‌م وتی بۆ! وتم ئه‌وانه دژی ئێمه‌ن و ره‌نگه بمانكوژن”، به‌دریه وای وت.
دهنگهدهنگهكه به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندانی زیاتر له 500 گه‌نج بوو له ناحیه‌ی گه‌یاره (60كم باشووری موسڵ)، زۆرینه‌یان ئه‌وانه بوون كه باوك‌و براو كه‌سوكاری نزیكیان به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش كوژرابوون.
مێرده‌كه‌ی به‌دریه “ئه‌بو عه‌لا”، له هه‌فته‌ی یه‌كه‌می كۆنترۆڵكردنی گه‌یاره له‌لایه‌ن داعشه‌وه له‌حوزه‌یرانی 2014 په‌یوه‌ندی به‌و رێكخراوه‌وه كردبوو، له ئێواره‌یه‌كی مانگی حه‌وتی 2015 هه‌واڵی كوژرانی له نزیك تكریت له بۆردومانێكی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی سوپای عیراق بڵاوبووه‌وه.
“مه‌فره‌زه‌یه‌كی چه‌كداری داعش له دهرگایانداو كه چووم پێیانوتم ئه‌بو عه‌لا شه‌هید بووه‌و به‌هۆی بۆدومانهكهوه لاشه‌ی ورد بووه‌و هه‌ر له‌وێ نێژراوه”، به‌دریه وای وت.
خۆپیشانده‌ران داوای ده‌ركردن، یان كوشتنی ئه‌و كه‌سانه‌یان ده‌كرد كه له‌كاتی حوكمڕانی داعش (2014 – 2017) په‌یوه‌ندییان بەو رێکخراوەوە كردووە، به‌درییه كه سێ كچ و دوو كوڕی هه‌یه یه‌كێك بوو له ئامانجی ئه‌و خۆپیشاندانه.

گەیارە، مانگی نیسانی 2017، له‌سه‌ر خانوویه‌كی رووخاوی كه‌سێكی گه‌یاره كه تۆمه‌تباره به پاڵپشتیكردنی چه‌كدارانی داعش نووسراوه “خوێن به خوێن” فۆتۆ: فازڵ هۆرامی
به‌دریه، وتی “سێ رۆژ پێش ئه‌وه له كۆڵانی خۆمان ژنێك پێیوتم ده‌یانه‌وێت ده‌رتان بكه‌ن… بۆیه زانیم ئه‌و خۆپیشاندانه دژی ئێمه‌یه، چونكه مێردی ئه‌و ژنه پۆلیسه له ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی گه‌یاره”.
له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی داعشدا، ده‌یان عهشیرهتو هۆزی سونه مه‌زهەبی عیراق، له نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار په‌یوه‌ندییان به “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی” داعشه‌وه كرد.
عه‌لی حه‌مودی كه به‌شداریی خۆپیشاندانه‌كه‌ی گه‌یاره‌ی كرد به (كه‌ركوك ناو)ی وت “بەر لە هاتنی داعش باوکم کارمەندی پۆلیسی فیدراڵی بوو، بەڵام لە مانگی 11ی 2016 چەکدارانی ئەو رێکخراوە هاتن باوکمیان برد‌و بە بیانووی هاوکاریکردنی دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە سێدارەیاندا”.
وتیشی “ئێمە دەمانەوێت ئەوانەی لەگەڵ داعشدا بوون و پشتیوانیان لێکردن لێرە بڕۆن، ئەگەر نەڕۆن خانووەکانیان دەڕوخێنین”.
به‌دریه وتی “ئه‌بو عه‌لا (مێرده‌كه‌ی) زۆركات ده‌یوت ده‌وڵه‌تی ئیسلامی سوننه رزگارده‌كات، بۆیه پشتیوانیان ده‌كه‌م‌و شه‌ڕده‌كه‌م دژی سوپای عیراق… ئێستا باجی ئه‌وه ده‌ده‌ین و ده‌ترسم وازمان لێنه‌هێنن، ئاخر ئه‌م منداڵانه گوناهیان چییه!”.
سوننه‌كانی عیراق، له‌دوای روخانی رژێمی به‌عسه‌وه (1968- 2003) به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن، خۆیان به په‌راوێزخراو ده‌زانن، له ساڵی 2013 خۆپیشاندان له ته‌واوی پارێزگا سوننه‌نشینه‌كانی نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، دیاله، ئهنبارو سه‌ڵاحه‌دین به‌ڕێوه‌چوو و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌وه‌رییان ده‌كرد، چونكه ده‌یان هه‌زار فه‌رمانبه‌ری سوننه به‌هۆی ئه‌و یاسایه‌وه لەسەر كاره‌كانیان دەركران.
عوسمان محه‌مه‌د (51 ساڵ)، ناوی خوازراوی هاوڵاتییه‌كی گهیارهیهو هه‌شت منداڵی هه‌یه، روبه‌ڕوی هه‌مان مه‌ترسی به‌دریه بۆته‌وه، وتی “خۆپیشانده‌ران به داعش وێنام ده‌كه‌ن، به‌ڵام گوناهی من ته‌نیا ئه‌وه‌یه كاتێك داعش هات، لێره نه‌ڕۆیشتم، به هه‌شت منداڵه‌وه بۆ كوی بڕۆم؟ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه كه من داعشبم”.
بهدهنگیكی به‌رزتر وتی “حكومه‌ت له‌كوێی؟ كێ خاوهنمانهو به‌رگریمان لێده‌كات، خه‌ریكه گومی خوێن دروستده‌بێت”.
گه‌یاره دانیشتووانەكهی 112 هه‌زار كه‌سه‌و زۆرینه عه‌ره‌بی سوننەمەزهەبن له نیسانی ئه‌مساڵ له‌ده‌ستی داعش كۆنترۆڵكرایه‌وه. ناحیه‌كه نمونه‌یه‌كه بۆ ته‌واوی ئه‌و پارێزگایانه‌ی عیراق كه داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگرتبوون.
محەمەد ساڵح ئیبراهیم، یەکێکی تر بوو لە خۆپیشاندەران، وەك دەڵێت باوکی لەلایەن داعشەوە لە سێدارەدراوە بە (کەرکوک ناو)ی وت “دەمانەوێت لە موسڵ دەربکرێن، یان رەوانەی کەمپەکان بکرێن، چونکە ناکرێت باوکم بکوژرێتو خێزان و ماڵ و منداڵی بێ هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەک لە بەرچاومان بن”.
له‌هه‌ندێك ناوچه، خەڵک و سەرۆک هۆزەکان رۆڵی حکومەت دەبینن لە دەستنیشانکردنی ئەوانەی گوایە “پەیوەندییان” بە داعشەوە هەبووە، بەوهۆیەوە هەزاران خێزان لەژێر هەڕەشەی راوەدونان و كوشتن و روخاندنی خانووەکانیاندان.
ساڵح فالح جبوری، بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە بە (کەرکوک ناو)ی وت “ئێمە پشتیوانی خۆپیشانده‌ران و ئه‌وانه‌ی گوایە كه‌سوكاری داعشن ناكه‌ین، بێلایەن کاردەکەین، دەبێت ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی باڵا‌و بەزووترین کات بڕیارێک لەوبارەیەوە بده‌ن”.
حکومەتی عیراق، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە کۆتایی ساڵی رابردوو، یەکەی نەهێشتنی تاوانی ئاسایشی نیشتیمانی نەینەوای راسپارد ئەو کەسانە دەستنیشانبکەن کە پەیوەندییان بە رێکخراوی داعشەوە هەبووە، تائێستا هەزاران هاوڵاتی دەستگیرکراون.

24ی شوباتی 2017، باشوری رۆژئاوای موسڵ، ئاوارەبوونی خەڵكی شاره‌كه فۆتۆ: فازڵ هۆرامی
یوسف ئیدریس چالاكوانێكی مەدەنی-یه لە موسڵ بە (كەركوك ناو)ی وت “لە لایەنی مرۆڤایەتییەوە ئێمەی چالاكوانانی مەدەنی لە شارەكە پێمانباشە ئەو خێزانانە دەرنەكرێن، دەبێت منداڵەكانیان تێكەڵ بە ژیانی نوێ ببنەوە، لەلایەكی تریشەوە دەبێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە چادێری بكرێن”.
یه‌كه‌ی نه‌هێشتنی تاوانی ئاسایشی نیشتیمانی عیراق، دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له گه‌یاره بڕیاریاندا كەسوكارانی چەكدارانی داعش بپارێزرێن و داواده‌كه‌ن هەر كەسێك گومانی لەسەر ئەو خێزانانە هەیە له دادگا سكاڵا تۆماربكات، ئه‌وه‌ش به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له گه‌یاره.
به‌ڵام باسیمە باسیم، سەرۆکی ئەنجومەنی قه‌زای موسڵ بە (کەرکوک ناو)ی وت “کەمپ بۆ خێزان و کەسوکاری داعش ئامادەکراوەو دەبێت بڕۆن، بۆ ئەوەی بیروباوەڕەکانی داعش لەڕێگای وانەی تایبەتەوە لەبیر بکەن و پاشان بۆیان هەیە جارێکی دیکە بگەڕێنەوەو تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە”.
له ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا نزیكه‌ی 150 كه‌س به تۆمه‌تی بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش له گه‌یاره ده‌ستگیركراون، به‌پێی وته‌ی ساڵح جبوری، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه.

گەیارە، 21-6-2017، لافیتەیەكی خۆپیشاندەران كە داوای دەركردنی كەسوكاری چەكدارانی داعش دەكات لە ناو گەیارە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو
جبوری وتی “دوای پێداچوونه‌وه به لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی دۆخه‌كه، بڕیاریماندا هه‌ڵمه‌تی ده‌ركردنی كه‌سوكارانی داعش رابگرین، راسته هه‌ندێكیان داعش بوون، به‌ڵام كوڕ‌و كه‌سوكاری تریان كارمه‌ندی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان بوون و شه‌ڕیان دژی داعش كردووه… ده‌مانه‌وێت دۆخه‌كه هێوربكهینهوهو ئینجا بڕیاریك بده‌ین”.
بڕیار‌و هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت و ده‌زگای ئه‌منییه‌كان بۆ به‌دریه دلێمی دڵخۆشكه‌ر نیین، “سێ مانگه به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه له خۆم و منداڵه‌كانم ده‌كرێت، ده‌ڵێن خانووه‌كانتان ده‌ڕوخێنین و ئێوه داعشن ده‌بێت بڕۆن، ناتوانین وهكومرۆڤێكی ئاسایی بێین و بچین”. ئه‌و وای وت.