پارتی زەرەرمەندی یەکەمە
نزیكەی 100 بارەگا هێرشیان کراوەتەسەر لە ناوچەکانی جێناکۆک
November 6, 2017 at 4:28 pm

كەركوك، تشرینی یەكەمی 2017، لابردنی دروشمێكی ریفراندۆم بەوێنەی مەسعود بارزانییەوە لەبەردەم بارەگای سەركردایەتی پارتی لە نزیك شۆراو لەسەر رێگای سەرەكی كەركوك-هەولێر فۆتۆ: AFP
كەركوك ناو
لە كەركوكو ناوچەكانی تری جێناكۆك، نزیكەی 100 بارەگای حزبی و ئەمنی و رێكخراوەیی لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا سوتێنراون یان تاڵانکراون یاخود دەستیان بەسەرداگیراوە، دوابەدوای گەڕانەوەی هێزەکانی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بۆ ئەو ناوچانەی عیراق.
ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی، 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیران دەستپێكردو لە دوو رۆژدا هێزە عیراقییەكان گەیشتنە كەركوك و هەموو ناوچەكانی جێناكۆك، ئەوەش دوای كشانەوەی پێشمەرگە و كەمترین روبەڕوبونەوە لەگەڵ هێزە عیراقییەکان.
بەپێی بەدواداچونە مەیدانییەكانی پەیامنێرانی (كەركوك ناو)، لە كەركوكو ناوچەكانی جێناكۆكی پارێزگاكانی نەینەوا، دیالەو قەزای دوزخورماتوو زۆربەی ماڵی لێپرسراوانو بارەگای حزبە سیاسییەكان كەوتونەتە دەستی هێزە عیراقییەكان و پارتەكانی هەرێمی كوردستان چالاكییان سنورداركراون، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان پشكی شێری بەردەكەوێت.
كەركوكو دوزخورماتوو
پارتە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، هەموویان لە كەركوك بارەگاو چالاكییان هەبووە، زیاتر لە دوو هەفتەیە زۆر بە سنورداری بەشێكیان گەڕاونەتەوە، تەنیا پارتی لەو پارێزگایە بە قەزاو ناحیەكانیەوە زیاتر لە 40 بارەگای لە دەستداوە، بەڵام لە دوزخورماتوو دۆخەكە دژوارترەو پێگەی ئەو حزبانە بە تەواوی كۆتاییهاتووە.
یەكەم جوڵەی هێزە عیراقییەكان، بەرەبەیانی 16-10-2017 لە سنوری كەركوكەوە بوو دوای ئەوەی بۆ چەند رۆژێك لەگەڵ پێشمەرگە روبەڕوی یەکتر وەستان، بۆیە سەرەتاو بۆ چەند كاتژمێرێك لە چەند ناوچەیەك روبەڕوبونەوەو تۆپباران روویدا.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)و ئەو ئامارانەی لەرێی حزبەكانەوە دەستی كەوتوون، زیاتر لە 50 بارەگای حزبی، ئەمنی، سەنتەرو رێكخراویی حزبی لەگەڵ ماڵی لێپرسراوان لە پارێزگای كەركوك بە قەزاكانی داقوقو دوبزەوە سوتێنراون یان داگیركراون، بێ ئەوەی هیچ هێزێك بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە بگرێتەئەستۆ.
عەدنان كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەكرایەتی كەركوك- گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت “لە شاری كەركوكو سەرجەم قەزاو ناحیەكان 16 بارەگای ناوچەی پارتی دەستیان بەسەرداگیراوە یان سوتنێراون یاخود تاڵانكراون، نزیكەی 28 ناوەندو رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنیش دەستیان بەسەرداگیراوە”.
“بارەگای مەكتەبی سیاسی كراوە بە بارەگای حەشدی شەعبی لە كەركوك، لقی سێ-یش لە كەركوك بە هەمانشێوە داگیركراوە، بارەگاو بنكەكانی ئاسایشی پارتی لە لایەن حەشدی شەعبییەوە كراون بە بارەگاو داگیر كراوە”.

پردێ، تشرینی یەكەمی 2017، چەند رۆژێك دوای دهستبهسهراگرتنی ناحیهی پردێ لهلایهن هێزه عیراقییهكانهوه فۆتۆ: كهركوك ناو
پارتی خۆی بە زەرەرمەندو قوربانی یەكەمی رووداوەكان دادەنێت، بەوپێیەی هیچ چالاكییەكی لە كەركوك نەماوە، لێپرسراو و كادیرانیشی نەگەڕاونەتەوە لەكاتێكدایە حزبەكانی دیكەش، روبەروی هەمان پێشێلكاری بونەتەوە بەڵام بەشێك لە رێكخستەكانی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچێوەیەكی سنورداردا گەڕاونەتەوە.
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، بارەگاكانی حزبی شیوعی كوردستانو كەناڵی ئاسمانی رێگا سەر بەو حزبە لە كەركوك تاڵانكراون، جگە لە زۆربەی بارەگای پارتەكانی وەک یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی گۆڕانو تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان نزیك لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە).
بێجگە لە پارتە كوردییەكان، بارەگاو ماڵی لێپرسراوانی چەند حزبێكی توركمانیش كە بە هاوبۆچونی كورد دادەنرێن دەستیان بەسەرداگیراوە.
دۆخی حزبەكانی هەرێمی كوردستان لە دوزخورماتوو، تاكە قەزای جێناكۆكی پارێزگای سەڵاحەدین خراپتر بوو، چونكە زۆربەی بارەگاكانیان تەقێنراونەتەوەو سوتێنراون، رێگەش نەدراوە هیچ پارتێكی سیاسی چالاكییەكانی دەستپێبكاتەوە.
دوزخورماتوو هاوشێوەی كەركوك 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ كەوتە دەستی هێزە عیراقییەكان، زیاتر لە ناوچەكانی دیكەش بە بارگرژییو ئاڵۆزیدا تێپەڕی، بەوپێیەی پێشتریش ناوچەیەكی گەرمی ململانێی هێزە چەكدارە جیاوازەكان بووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای دوزخورماتووەوە بە (كەركوك ناو) نێردراوە لەو سنورەدا چوار بارەگای یەكێتی، بارەگاكانی پارتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو، گۆڕان، شیوعیو تەڤگەری ئازادی سوتێنراون یان تەقێنراونەتەوە یاخود دەستی بەسەرداگیراوە.
هەروەها بارەگای هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانو یەكێتیو پارتی، لەگەڵ رێكخراوەكانی لاوانو ماڵی نزیكەی 50 لێپرسراوی حزبیو ئەمنیی كورد لە قەزاكە، روبەروی سوتاندنو تاڵانی بونەتەوە.
ناوچەكانی جێناكۆك لە دیالە
ناوچەكانی جێناكۆك لە دیالە، بە كەمترین زیانی ماددیو گیانی حزبەكانی هەرێمی كوردستان رۆژێك دوای كەركوكو لە 17ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ كەوتنە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی، بەهۆی رێككەوتنی پێشوەختە بۆ كشانەوەی پێشمەرگە.
لە قەزای خانەقین، كە لە ساڵی 2003وە مەلەفی ئەمنیو ئیدارەدانی بە دەست كوردەوە بوو، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی هەموو حزبەكان بارەگاكانیان چۆڵكردو تائێستاش، تەنیا یەكێتی، یەكگرتوو و شیوعی گەڕاونەتەوە، بەڵام بارەگاكانی لق، دەزگای ئەیلول، ئاسایشو هێزەكانی 80ی پارتی دەستیان بەسەرداگیراوە، بە وتەی ئەكبەر حەیدەر جێگری لێپرسراوی لقی 15ی پارتی لە خانەقین.
لە ناحیەكانی جەلەولا، قەرەتەپەو مەندەلی هیچ پارتێكی سیاسی كورد بۆ چالاكی سیاسی نەگەڕاوەتەوەو زیاتر لە 10 بارەگایان كەوتۆتە دەستی هێزە عیراقییەكان، بەتایبەت بارەگاکانی پارتیو یەكێتی كە چالاكی زۆریان لەو ناوچانەدا هەبووە.
لە قەرەتەپەو مەندەلی بارەگاكانی حزبی شیوعی كوردستان داگیرنەكراون، لە سەعدییەش كە ناوچەیەكی جێناكۆكە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2014و دوای سەرهەڵدانی داعشەوە، هیچ حزبێكی كوردستانی نەگەڕاونەتەوە.

كەركوك، تشرینی یەكەمی 2017، بارەگایەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەڕەكی قادسیە دروشمی حەشدی شەعبی لەسەر دیوارەكانی نوسراوە فۆتۆ: كەركوك ناو
كۆتایی چالاكی حزبەكان لە نەینەوا
لە دەشتی نەینەوا، هیچ حزبێكی هەرێمی كوردستان لە دوای روداوەكانی كەركوكو ناوچەكانی تری جێناكۆكەوە رێگەی كاری سیاسییان پێنادرێتو نەگەڕاونەتەوە، بەشێك لە بارەگاكانیش تاڵانکراون یان سوتێنراون.
ناوچەكانی جێناكۆك لە نەینەوا هێشتا لە ئاڵۆزیدایە، هێزە عیراقییەكانو هێزەكانی پێشمەرگە لە چەندین سەنگەرەوە بەرانبەری یەكتریان گرتووەو دانوستانەكانیشیان ئەنجامی نەبووە.
گەڕانەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی لە نەینەوا، دوای كشانەوەی پێشمەرگە روویدا، حزبەكانیش هاوشێوەی هەزاران خێزان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونو بەپێی بەدواداچونەكانی پەیامنێری (كەركوك ناو)، بەفەرمانی حەشدی شەعبی چالاكی پارتە كوردییەكان سڕ كراون.
حزبە كوردستانییەكان بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستانو دواتر یەكێتی، لە قەزاو ناحیەكانی شەنگال، تلكێف، مەخمور، باشیكو چەند ناوچەیەكی تر بارەگاكانیان داخراونو هەندێكیان لە نێویاندا پارتی، تەواوی بارەگاكانی سوتێنراون یان تاڵانكراون یاخود دەستیان بەسەرداگیراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە (كەركوك ناو) دراوە، بەشێك لە بارەگاكان حەشدی شەعبی پێكهاتە جیاوازەكانی تێدا جێگیركراوەو یەكێتی نیشتمانی، زۆرێك لە بارەگاكانی خۆی داخستووەو ئاڵای كوردستانی لەسەر داگرتون.
هەروەها هەموو ئەو باڵەخانەو شوێنانەی لە دوای ساڵی 2003وە لەلایەن حزبەكانەوە داگیركراون، بە فەرمانی هێزە عیراقییەكان وەرگیراونەتەوەو چۆڵكراون، بەڵام چەند حزبێكی پێكهاتەكان لە ناوچەكەدا ماونەتەوە.
هێزەكانی پێشمەرگەو حزبەكانی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی 2014وەو دوای شكاندنی هێزە عیراقییەكان بەرانبەر داعش لە زۆرینەی پارێزگای كەركوكو ناوچەكانی تری جێناكۆك باڵادەست بوون لە ئیدارەدانو کۆنترۆڵکردنی دۆسیەی ئەمنی تا ناوەڕاستی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤـ لە عیراق، بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی چەند ناوچەیەكی جێناكۆكی كردوە بۆ تۆماركردنی پێشێلكارییەكان لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوەو داوا لە حكومەتی ناوەندی دەكات، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت بۆ روداوەكانو قەرەبوی زیانەكان، ئەوەش بە وتەی عەقیل موسەوی ئەندامی كۆمسیۆنەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا 4ی ئەم مانگە دوای سەردانی بۆ كەركوك.
دۆخی ئەو ناوچانە زیاتر لە دوو هەفتەیە بە ئاڵۆزیو بارگرژی زۆردا تێدەپەڕێت، سەرباری بەردەوامی دانوستانو نێوەندگیری نێوانهەولێرو بەغدا، بە تایبەت وەفدی سەربازیی هەردولا، هێشتا رێكنەكەوتوونو حكومەتی عیراق سورە لەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ سنوری ساڵی 2003و کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییە نێودەوڵەتییەكان، ئەوەش مایەی نیگەرانی هەرێمی كوردستانە.