چوارساڵ بەسەر تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی تێپەڕی
كەسوكاری: دڵنیابن واز لە كەیسی ئازادیخوازان ناهێنین
December 5, 2017 at 11:22 am

كەلار، 5-12-2017، مەراسیمی یادی چوارساڵەی تیرۆركردنی رۆژنامەنوس كاوە گەرمیانی فۆتۆ: ژینۆ خەلیل
ژینۆ خەلیل – كەركوك ناو
كەسوكاری رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی، لە چوارساڵەی تیرۆركردنی رۆڵەكەیاندا جەخت دەكەنەوە لە پاڵپشتی دەنگی ئازادیخوازانو دڵنیایی دەدەن، واز لەو كەیسە ناهێنن تا دۆزینەوەی بكەری پشت ئەنجامدانی تاوانەكە.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 5-12، مەراسیمەكانی یادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی لە گەرمیان دەستیپێكردو سەرەتا لەسەر گۆڕەكەی، چەند وتارێك خوێندرایەوەو تاجە گوڵینە دانرا.
شیرین ئەمین، هاوسەری كاوە گەرمیانی بە (كەركوك ناو)ی وت “كاوە دژی گەندەڵی شۆڕشی بەرپاكرد، بە خوێنی خۆی ماسكی ئەو حزبە بەرپرسەی هەڵدا كە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیدا سەدا 51ی خاكی كوردستانی رادەست كرد، كاوە فریشتە بوو لە بەرگی مرۆڤ، بە گوێی دنیایدا چرپاند هەڵبژاردنی دروشتی ئازادی مەرگی سەربەستییە”.
لە دۆسیەی كاوە گەرمیانیدا، هەرچەندە كەسێك وەكو تۆمەتباری سەرەكی بە سزای لەسێدارەدان حكومدرا، بەڵام كەسوكاری ئەوە رەتدەكەنەوەو داوای ئاشكراكردنی بكەری پشت تاوانەكە دەكەن.
كاروان ئەحمەد، برای كاوە گەرمیانی بە (كەركوك ناو)ی وت “دڵنیایی دەدەین كە واز لە كەیسی ئازیدیخوازان ناهێنین، تیرۆر و زیندانی لەسەر دەنگی ئازاد بەداخەوە بەردەوامە،… كەیسەكە دانەخراوەو راستە كەسێك دانپێدانانی هەیەو لە زیندانە، بەڵام دەبێت بزانین كێ لە پشت تاوانەكەوەیە”.
لە چالاكیەكانی دیكەی مەراسیمی چوارەمین ساڵیادی تیرۆركردنیدا، كاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆ بەخشینی چوارەمین مەدالیای ئاڵتونی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی، لە هۆڵی وەرزش و لاوان ئەنجامدەدرێتو كاتژمێر ٦ی ئێوارە بۆ داگیرساندنی مۆم تەرخانكراوە لە ناو بازاڕی شاری كەلارە لەو جێگایەی شەهید كاوە تێیدا دەوەستا.
لە چالاكی كۆتاییشدا كاتژمێر كاتژمێر ٨ی ئێوارە تا ساتی تیرۆركردنی لەكاتژمێر 9:05 بەشداربوان دەوەستن لە بەردەم ماڵی كاوە گەرمیانی.
كاوە گەرمیانی، رۆژنامەنوسو سەرنوسەری گۆڤاری رایەڵ لە قەزای كەلار سەر بە پارێزگای سلێمانی، 5-12-2013 لە ناو حەوشەی ماڵی دایكی دەستڕێژی گوللەی لێكراو تێرۆركرا، بە كەمتر لە مانگێك دوای تیرۆركردنەكە كوڕە تاقانەكەی (ئامەد) لە دایك بوو.