هه‌وڵده‌درێت بیكه‌نه‌ سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ش
یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكایه‌تی قه‌واره‌ی هاوپه‌یمانی نیشتیمان ده‌كات

January 14, 2018 at 1:54 pm

یوسف محه‌مه‌د سادق، سه‌رۆكی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان فۆتۆ: په‌یجی ره‌سمی ناوبراو له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌سیبوك

كه‌ركوك ناو

یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان “ره‌زامه‌ندی نیشانداوه”‌ به‌ وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تی قه‌واره‌ی هاوپه‌یمانی نیشتیمان له‌ پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ لێپرسراوێتی هه‌یه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هه‌رسێ لایه‌نی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامیی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری رێككه‌وتون كه‌ یوسف محه‌مه‌د بكه‌نه‌ سه‌رۆكی قه‌واره‌ی هاوپه‌یمانێتی نیشتیمان و ئه‌ویش داواكه‌ی قبوڵكردووه‌”.

وتیشی “یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكایه‌تی لیستی هاوپه‌یمانێتی نیشتیمان ناكات، به‌ڵكو سه‌رۆكایه‌تی قه‌واره‌كه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ دوو شتی جیاوازه‌… هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ش بێت واته‌ كاندیدی یه‌كه‌می ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ بێت بۆ په‌رله‌مانی عیراق، به‌ڵام ئه‌وه هێشتا یه‌كلایینه‌كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ له‌ گفتوگۆدان”.

11-1 هه‌رسێ لایه‌نی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی ‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری – به‌رهه‌م ساڵح، جێگری پێشوی سكرتێری گشتی یه‌كێتیی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات -، رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش، بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عیراق لە پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌، كه‌ ناوچه‌ی جێناكۆكن له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق.

یوسف محه‌مه‌د سادق (40ساڵ) له‌ 26-12ی ساڵی رابردوو ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاند كه‌ له‌ پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتبوو، به‌ڵام تائێستا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند نه‌كراوه‌.

یوسف محه‌مه‌د خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌ له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و بڕوانامه‌ی دكتۆرای هه‌یه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی زانسته‌ سیاسییه‌كان.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن