لەسەر “ناوی هاوپەیمانی” رێكنەكەوتن
ئێزیدییەكان بەچوار لیست دەچنە هەڵبژاردنەكانەوە

January 15, 2018 at 12:26 pm

عیراق، 2014، كۆكردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان فۆتۆ: كەركوك ناو

نەینەوا – كەركوك ناو
حزبە سیاسییەكانی ئێزیدی، بڕیارە بە چوار لیست بەشداری هەڵبژاردنە گشتییەكانی عیراق بكەن، دوای ئەوەی لەسەر هەڵبژاردنی ناوێك بۆ هاوپەیمانێتییەكەیان رێكنەكەوتن.

چوار پارت و لایەنی پێكهاتەی ئێزیدی، لە هەفتەكانی رابردوودا چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامدا تا بە هاوپەیمانییەك بچنە هەڵبژاردنەكانەوە و دواتر بەهۆی ناكۆكی لەسەر ناونانی ئەو لیستە، دەرەنجامی گفتوگۆكانیان شكستی هێنا.

لە ئێستادا و بەهۆی كۆتایی وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانی هەریەك لە بزوتنەوەی ئێزیدی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن، پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی، پارتی دیموكراتی ئێزیدی و پارتی ئازادی دیموكرات بە چوار لیستی جیا بە تایبەت لە سنوری نەینەوا، بەشداری هەڵبژاردن دەكەن.

حەیدەر شەشۆ، سكرتێری پارتی دیموكراتی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)یوت “هەوڵەكان بۆ یەكخستن و پێكهێنانی هاوپەیمانی ئێزیدییەكان بێ ئەنجام دەرچوو، هەر چوار پارتی ئێزیدییەكان بە جیا بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن”.

ئەوەشی رونكردەوە هۆكاری نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر ناونانی هاوپەیمانیەتیەكە بووە، بزووتنەوەی ئێزیدی بۆ چاكسازی داوایانكردووە بە ناوی ئێزیدیەوە بێت و ناوی كوردی پێوەنەبێت، بەڵام سێ لایەنەكەی تر كۆك بوون لەسەر ئەوەی ئێزیدی كوردن.

شەشۆ رەتیكردەوە لایەنە سیاسیەكانی تری دەرەوەی پێكهاتەی ئێزیدی، دەستوەردانیان كردبێت و هۆكاربن بۆ شكستی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكەیان.

شەنگال، 16-11-2015، سەربازێكی پێكهاتەی ئێزیدی لەناوەندی قەزاكە فۆتۆ: رۆیتەرز

هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان ‌و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە 12ی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانیان لە یەك رۆژدا دیاریكراوە، زیاتر لە 200 حزب و هاوپەیمانی بۆ پرۆسەكە تۆماركراون، بەڵام هێشتا پەرلەمان و لایە سیاسیەكانیش لەسەر ئەو وادەیە یەكلایینەبونەتەوە.

حەجی حەسەن، سەرۆكی پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزیدی دەڵێت بزووتنەوەی ئێزیدی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن ئامادەنەبووە بچێتە ناو هاوپەیمانیەتییەكەوە هەرچەندە “ئێزیدییەكان هیوایان ئەوەبوو پارتەكانیان هاوپەیمانیەتییەك پێكبهێنن و هەموویان بەیەكەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەن”.

ناوبراو بە (كەركوك ناو)ی وت “ئێمە ئەوانمان بێ هیوا كرد و نەمانتوانی هاوپەیمانی رابگەیەنین، ئێستا ئەوان نازانن دەنگ بە كام لیستی ئێزیدی بدەن”.

رێكنەكەوتنی ئێزیدییەكان بۆ هاوپەیمانی لەكاتێكدایە، هێشتا ناوچەكانی نیشتەجێبونی زۆرینەی ئەو پێكهاتەیە بە تایبەت قەزای شەنگال ژیانی ئاسایی بۆ نەگەڕاوەتەوە، چەندین هێزی جیاواز و ناكۆك لە سنورەكەدا بونی هەیە.

ئیبراهیم ئێزیدی، ئەفسەر لە حەشدی ئێزیدییەكان بە (كەركوك ناو)ی وت “وەك حەشدی شەعبی ئێزیدییەكان دەنگ بە لیستەكانی حەشد نادەین و دەستوەردانیش لە كاروباری حزبە ئێزیدییەكان ناكەین”.

هەروەها جەختیكردەوە “حەشدی ئێزیدییەكان سەربەستن دەنگ بە كام لایەنی ئێزیدی دەدەن و دەخوازین هەمووان بتوانن هاوپەیمانێتییەك رابگەیەنن”.

لالش، 19-4-2017، مەراسیمی ئاینی ئێزیدییەكان لە بۆنە ی”چوارشەممەی سور”دا فۆتۆ: موهەنەد شەنگالی

جگە لە نەبونی هاوپەیمانی، حزبە ئێزیدییەكان هێشتا لەسەر كورسی كۆتاش رێكنەكەوتوون‌و چاوەڕێن، پەرلەمانی عیراق بڕیاری دادگای فیدڕاڵ جێبەجێبكات بۆ زیادكردنی ژمارەی كورسی كۆتا.

دادگای باڵای فیدڕاڵی سەرەتای ئەمساڵ، بڕیاریدا بەوەی ژمارەی كورسی تەرخانكراو بۆ پێكهاتەی ئێزیدی بە پێی ژمارەیان بێت و بۆ هەر 100 هەزار كەسێك، كورسییەك دابنرێت.

سكرتێری پارتی دیموكراتی ئێزیدی باسی لەوەكرد ئەگەر لایەنەكان نەگەن بە رێككەوتن ئەوا خۆیان لەسەر كۆتا هەڵدەبژێرن، بەڵام لایەنی تریش داوایانكردووە خۆیان لەسەر كۆتا هەڵبژێرن.

حەیدەر شەشۆ زیاتر وتی “سێ لایەن داوامانكرد كورسی كۆتا بۆ كەسایەتییە سەربەخۆكان بەجێبهێڵین و ئێمەش هاوپەیمانیەتییەك دروست بكەین، بەڵام بزووتنەوەی ئێزیدی بۆ چاكسازی ‌و پێشكەوتن رازی نەبوون”.

ژمارەی ئێزیدی لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش وڵاتەكەیان بە جێهیشتووە‌و كۆچیان كردووە، جگە لەوەی چارەنوسی زیاتر لە سێ‌ هەزار كەسیان دوای رفاندیان لەلایەن داعشەوە دیارنییە، ئەوەش بەپێی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

پارێزگای موسڵ، نیسانی 2017، بنیاتنانەوەی رەمزێكی تایبەت بە پێكهاتەی ئێزیدی لە باشیك فۆتۆ: موهەند شەنگالی

لە سێ خولی رابردووی پەرلەمانی عیراق، ئێزیدییەكان یەك كورسی كۆتایان هەبووە كە ئەو كورسییەش لە هەر سێ خولدا لای بزووتنەوەی ئێزیدی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن بووە.

كەركوك ناو چەندجارێك پەیوەندیكرد بە حەجی كندور، پەرلەمانتاری عیراق لەسەر كۆتای ئێزیدییەكان و سكرتێری بزووتنەوەی ئێزیدی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن، پەیوەندییەكە بەردەست نەبوو.

هەروەها هەردوو كەسایەتی ئێزیدی ڤیان دەخیل و ماجد شنگالیش لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەندامی پەرلەمانی عیراقن.

حەجی حەسەن دەڵێت بزوتنەوەی ئێزیدی و پارتی دیموكراتی ئێزدیش، بڕیاریانداوە بچنە كۆتاوە، بەڵام ئەوان وەكو پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزیدی هێشتا لەوبارەیەوە بڕیاریان نەداوە.

هێشتا وادەی هەڵبژاردنە جێی مشتومڕە‌و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراق، بەسەر دوو بۆچوندا دابەشبون‌و هەندێكیان لەگەڵ ئەوەدان لە وادەی دیاریكراویدا بەرێوەبچێت، بەشێكیشیان داوادەكەن پرۆسەكە دوابخرێت تا گەڕانەوەی ئاوارەكان تا لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانیش ئەنجامبدرێت.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن