عیراق: حه‌وت لایه‌نی كریستیانی ململانێی له‌سه‌ر پێنج کورسی کۆتا ده‌که‌ن
January 17, 2018 at 10:57 am

كه‌ركوك/ كڵێسای سه‌ره‌كی كریستانه‌كانی كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی
نه‌ینه‌وا – که‌رکوک ناو
حزبه کریستانیه‌کان له عیراق نه‌یانتوانی له هاوپه‌یمانێتییه‌کدا رێکبکه‌ون بۆ به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراق، به‌هۆیه‌وه به په‌رته‌وازه‌ییه‌وه ململانێ له‌سه‌ر پێنج کورسی کۆتا ده‌که‌ن.
کریستانیه‌کان پێنج کورسی کۆتایان هه‌یه له پارێزگاکانی به‌غدا، نه‌ینه‌وا، که‌رکوک، هه‌ولێر و دهۆک بۆ په‌رله‌مانی عیراق و زیاتر له حه‌وت حزبی سیاسیی کێبڕکێیانه بۆ مسۆگه‌رکردنی ئه‌و کورسییانه.
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری حزبی بەیت نەهرێین کە لە هەوڵدایە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەک لەگەڵ یەکێتى بەیت نەهرێین بە (کەرکوک ناو)ی وت “هەوڵ هەبوو بۆ دروستکردنى هاوپەیمانى لایەن و هێزە کریستیانەکان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوین، تەنانەت هەوڵدرا لانیکەم بە دوو لیست بەشداربین، بەڵام ئەوەش هێشتا روینەداوە بۆیە پێدەچێت زیاتر لە سێ لیست بەشداری لە هەڵبژاردن بکەین”.
وتیشی “ئەمە سەرکەوتوو نابێت، چونکە کریستیانەکان لەسەر کورسی کۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەین، هۆیەکەش بەرژەوەندى تەسکی حزبایەتى بووە وەک چۆن لاى کورد و سوننە و شیعەش هەیە، رەنگە حزب هەبوبێت پێیوابێت زۆرینەى کورسییەکان بەدەستبهێنێت”.
لە عیراقدا زیاتر لە حەوت حزبی سیاسی کریستیان هەیە، ژمارەى دانیشتوانی ئەو پێکهاتەیە کە دابەشبون بەسەر دەشتی نەینەوا، کەرکوک، بەغدا، هەولێر و دهۆک 450 هەزار کەسە.

كه‌ركوك/تشرینی یه‌كه‌می 2017/ هاوڵاتیانی كریستیان له رێوڕه‌سمه‌كانی تایبه‌ت به جه‌ژنی له‌دایكبونی حه‌زره‌تی مه‌سیح فۆتۆ: كاروان ساڵحی
بۆ هەڵبژاردنەکانی عیراق بزوتنەوەى ئاشوری و حزبی نیشتمانى ئاشوری لە هەوڵدان بۆ راگەیاندنى هاوپەیمانیەتییەک بە ناوى هاوپەیمانى رافیدەین، هەرچى حزبی بەیت نەهرێین و وەرکایه لە هەوڵی راگەیاندنى یەکێتى بەیت نەهرێین-دان کە زیاتر حزبی سریانین.
ئەنجومەنى کلدانى سریانى ئاشوری بڕیاریداوە بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و حزبی یەکێتى کلدان و ئەنجومەنى نیشتیمانیی کلدان پێکەوە له چوارچێوەى هاوپەیمانێتییەکدا.
بەشێک لەو حزبە سیاسییانە گروپی چەکداریان هەیە و بەسەر وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی حەشدی شەعبی-دا دابەشبون.
رۆمیۆ هەکار کە ئەندامی پەرلەمانی عیراقە وتی “دابەشبونى حزبەکان کاریگەری راستەوخۆى نەرێنى دەبێت بەسەر دەنگدەری کریستیان، نەبونى یەکلیستى ماناى پەرتەوازەیی دەدات”.
كریستانه‌كان له ده‌شتی نه‌ینه‌وا و موسڵ و قوربانی سه‌ره‌كی ده‌ستی داعش بوون هاوشانی ئێزیدیی و كاكه‌یی و پێكهاته‌كانی تر، به‌ڵام ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ریان كراوه كۆینه‌كردنه‌وه.
کلدۆ رەمزی، ئەندامى مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەى ئاشووری دیموکرات وتی “دواى هاتنى داعش هەوڵ هەبوو لایەنە کریستیانەکان پڕۆژەیەکى هاوبەش پێشکەش بکەین تایبەت بە کریستیانەکان، بەڵام هەندێک لایەنى سیاسی کلدانى سریانى ئاشوری کە سەربەخۆ نین و بڕیاری کۆتایی لای خۆیان نیە، بەڵکو بونەتە پاشکۆی حزبە گەورەکانى کورد و شیعە، بونە لەمپەر لەبەردەم دروستبونى پڕۆژەکە”.
“هەندێک لایەنی کریستیان پشت بە دەنگی کریستیانەکان نابەستن بەڵکو ئەو حزبانەى کوردستانى و شیعەکان پشتگیری‌یان دەکەن، دەنگیان پێدەدەن بۆ دزینى دەنگی کریستیانەکان”، کلدۆ رەمزی وای وت، ئەوەشی بە مەترسی بۆ سەر ئایندەى کریستیان و نوێنەرانی کریستیان لە پەرلەمانى عیراق دانا‌و وتی “نابنە نوێنەری گەلەکەیان بەڵکو دەبنە نوێنەری حزبەکانى تر کە پشتگیری‌یان دەکەن و دەستوەردان دەکەن”.
نەوزاد پۆڵس، چالاکوانى کریستیان دەڵێت هۆکارەکەى ئەوەیە بەشێک لە حزبەکانی کریستیان زیاتر لە حزبە کوردستانییەکان نزیکن و بەشێکى دیکەشیان لە حزبە شیعەکان، ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەرتەوازەییان.
پۆڵس پێیوایە هەوڵەکانى بەغدا و هەولێر، “بەرژەوەندی کەسی و دابەشبونى جوگرافی پێکهاتەى کریستیانیش لە عیراق کاریگەری هەبووە بەسەر دروستنەبونى هاوپەیمانى کریستیانەکان، ئەگەرچى داعش زیانى گەورەی بە ناوچە کریستیانییەکان گەیاندوە”.