- Kirkuknow - https://kirkuknow.com/kurdish -

ژنان له‌ حزبێكدا له‌ سه‌دا 100ی كاندیده‌كان پێكده‌هێنن

نارین رۆسته‌م

حزبی شیوعی كوردستان ته‌واوی كاندیده‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق ژنن، ئه‌وه‌ش به‌پێی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ “ژنكوشتن نه‌مێنێت” و په‌سه‌ندكردنی یاساكان به‌پێی ‌ بنه‌ماكانی شه‌رعیه‌تی ئیسلام نه‌بێت.

ئه‌و حزبه‌ هه‌فته‌ی رابردو لیستێكی پێنج كه‌سی پێشكه‌شی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق كرد له‌ سلێمانی، بۆ به‌شداریكردنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری په‌رله‌مانی عیراق، كه‌ هه‌ر پێنج كاندیده‌كه‌ ژنن.

شلێر رەشید (56ساڵ)، یه‌كێك له‌ كاندیده‌كانی ئه‌و حزبه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “حزبەکەم هەڵیبژاردوم تا لە پەرلەمانی عیراق داوای مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین… هەموو ئەو کارانەی کە ئەندام پەرلەمانە کوردەکان نەیانتوانی لە بەغدا ئەنجامی بدەن ئێمە کار بۆ ئەنجامدانیان دەکەین. له‌وانه‌ دەمانەوێت ئه‌و یاسانه‌ی ده‌رده‌چێت پشت بە عەلمانیبون ببەستبێت و مافی ژنان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بگەڕێنینەوه‌”.

حزبی شیوعی كوردستان، كۆنترین حزبی هه‌رێمی كوردستانی عیراقه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردودا هیچ نوێنه‌رێكی نه‌گه‌یشته‌ په‌رله‌مانی عیراق.

هه‌ولێر/25ی ئایاری 2013/ خۆپیشاندانێكی لایه‌نگرانی حزبی شیوعی كوردستان كه‌ داوایانكرد كه‌ركوك نوێنه‌ری هه‌بێت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئەبو کاروان، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێمە دەمانەوێت ژنە چالاک و ئەندامانی حزبەکەمان بچنە پەرلەمانی عیراق و ژنکوشتن نەهێڵن بۆیه‌ هه‌موو كاندیده‌كانمان ژنن”.

“پێموایە ئەوەی بە سیاسییەکی ژن دەکرێت بە سیاسییە پیاوەکان ناکرێت… من بەهیوام ببین بە خاوەنی دەنگێکی زۆر لەم هەڵبژاردنەدا”، ئه‌بو كاروان وای وت.

کاوە مەحمود،  سكرتێری ئه‌و حزبه‌ ، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بەشێک لە سیاسەتی ئێمە ئەوەیە لەهەر بوارێک توانامان هەبێت ژن بەشداربێت و پێشبڕکێ بكات بۆ ناوەندەکانی بڕیار”.