- Kirkuknow - https://kirkuknow.com/kurdish -

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا چەند بڕیارێك بۆ شەنگال دەردەكات

نەینەوا – كەركوك ناو
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بڕیاریدا لێپرسراوانی ئیداری بۆ شەنگال بگەڕێنێتەوە ‌و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانیش بكرێنەوە، بە ئامانجی دەستپێكردنەوەی ژیانی ئاسایی.

ئەو بڕیارانە ئەمڕۆ چوارشەممە7-3 لە كۆبوونەوەیەكی ئاساییدا هات، بە ئامادەبونی قایمقام ‌و سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای شەنگال بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی ئەمنی و ئیداری ناوچەكە، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا.

لە بڕیارەكاندا پارێزگاری نەینەوا پابەندكراوە بە گرتنەبەری رێكایی یاسایی دژی ئەو كەسانەی سیفەتی قایمقام ‌و سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای شەنگال-یان داوەتە پاڵ خۆیان ‌و بەناوی ئەو پۆستەوە، مامەڵەیان كردووە.

هەروەها هەریەك لە قایمقام ‌و سەرۆكی ئەنجومەنی قەزاكە پابەندكراون بگەڕێنەوە ‌و پیادەی دەسەڵاتەكانیان بكەن بۆ راییكردنی كاروبارەكانی خزمەتگوزاری ‌و ئیداری، بۆ ئەوەش ئیدارەی نەینەوا گرەنتی پارێزگارییان دابینبكات.

نەینەوا، 7-3-2018، كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە تاوتوێكردنی دۆخی شەنگال فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە، بەڵام تائێستا زۆرینەی دانیشتوانەی نەگەڕاونەتەوە.

راسپاردەیەكی تری ئەنجومەنی پارێزگا تایبەتە بە بەردەوامی هەوڵەكان بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شەنگال لەرێی پێشكەشكردنی هەموو كارئاسانییەكەوە، جگە لەوەش جەخت لە پاڵپشتی پێكەوەژیانی ئاشتییانە كراوەتەوە لەسەر بنەمای دادپەروەری.

لەبارەی فەرمانگە حكومییەكانی قەزاكەشەوە بڕیاردراوە بەوەی دەرگاكانیان بەرووی هاوڵاتیاندا بكەنەوە ‌و داواشكراوە، پەیوەندی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار ببەستن تا رێگاكانی هاتوچۆی سحێلە- رەبیعیە – مەحمودییە – زومار – شەنگال بكرێنەوە.

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە كۆبوونەوەكەیدا تاوتوێی دۆخی موسڵی كردووە‌و بڕیاریداوە، پارێزگار پابەندبكرێت بە قەدەغەكردنی فرۆشتن و گواستنەوەی كەلوپەل ‌و پاشماوەی جەنگ لە دەرەوەی پارێزگاكە، تا پێكهێنانی لیژنەی سەرپەرشتیار لەلایەن لیژنەكانی تایبەتمەند لە ئەنجومەنی پارێزگا.

بڕیارێكی دیكەش تایبەت بووە رەتكردنەوەی ئەو بڕیارانەی لەلایەن وەزارەت ‌و ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیران ‌و لایەنەكانی تری حكومەتی ناوەندییەوە دەركراون بۆ راسپاردنی چەند ئەركێك بە لێپرسراوان.