بەهار هەشت ساڵە لە نانكردن نەوەستاوە
November 25, 2018 at 9:01 am

بەهار ساڵح (43 ساڵ) دەڵێت "كەمێك ناشرین دەردەكەوم لە وێنەدا چونكە زۆر ماندووم بەهۆی ئەم كارەوە"
ئەڤین ناسر – میترۆگرافی / كەركوك ناو
بەهار ساڵح (43 ساڵ)، نزیكەی هەشت ساڵە هاوكار و دابینكەری بژێوی خێزانەكەیەتی، ئەوەش تەنیا بە نانكردن لە كارگەی خەجێ خانم بۆ نانی تیری.
ئەو دوو منداڵی هەیە، كوڕێكی 22 ساڵ و كچێكی سێ ساڵان، بەخێوكردنی منداڵی برایەكیشی لە ئەستۆگرتووە بەهۆی ناجێگری باری دەرونی براكەیەوە و پێشتر لە ئێران ژیاون، بەڵام بەهۆی هەژاری و قەرزاری هاوسەرەكەیەوە بەرەو هەرێمی كوردستان كۆچیان كردووە.
“زۆر لە كارەكەم رازیم و كاتێك لە ماڵم دڵم تەنگ دەبێت بۆ شوێنی كارەكەم، چونكە زۆر مورتاحم لەگەڵ خاوەن كارەكەم و هاوپیشەكانم”، بەهار بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
بەهۆی دووری مەودای كار و ماڵەكەی كە نزیكەی كاتژمێرێك رێگایە، بەهار رۆژانە لە شەشی بەیانیەوە بەرێدەكەوێت بۆ كاركردنو هەموو كاتێكیش بەپێ هاتوچۆ دەكات، چونكە داهاتی دابەشكردووەو ئەوەندەی نامێنێتەوە بیداتە كرێی ئۆتۆمبێل.
رۆژانەی كاركردنی بەهار 20 هەزار دینارە و 10 هەزار دیناری، بۆ بەخێوكردنو چاودێری منداڵەكانی دەڕوات لە دایەنگە.
بەهار رۆژانە كاتژمێرێك پشووی هەیە بۆ نانخواردن لە خەجێ خانم، دەڵێت “ئەم ئیشە وەك راهێنانێك وایە، چونكە بێتاقەتیم كەم دەبێتەوە لە ماڵەوە و لە هەموشی گرنگتر لەرێی ئەم كارەوە یارمەتی هاوسەرەكەم دەدەم”.
- روانینێكی پڕ ماندوبونی بەهار لەكاركردندا "كەمێك ناشرین دەردەكەوم لە وێنەدا چونكە زۆر ماندووم لەم كارەدا"
- دەستەكانی بەهار لەكاتی پێوەدانی نانەكە و برژاندنی، دەیوت "تین و گەرمای ئەم ئاگرە ناگات بەو ماندوبونەی لەژیانم بینیومە"
- تێڕامانی بەهار و سەرنجدانی لەكارەكەی چونكە باش دەرچوونی نانەكە وەك دوپاتكردنەوەی خۆشویستنی بۆ كارەكەی دەبینێت
- وێنەی بەشێك لەو هەویرانەی (گونك)انەی بەهار دەیكات بە نان و هەر سینیەك 27 پارچەی هەویری تێدا دادەنرێت
- بەهار لەكاتی پشودانی لەنێوان هاوپیشەكانی بۆ خواردنی ژەمی نانی نیوەڕۆ
- بەهار لەكاتی نوێژكردن كە رۆژانە كەمتر لە كاتژمێرك پشویان هەیە و دابەشیدەكات بەسەر نان خواردن و نوێژكردندا
- بەهار سەیری وێنەی كچە بچوكەكەی دەكات، "كچە جوانەكەم ماندوبونم دەحەوێنێتەوە بە سەیركردنی وێنەكەی"
- بەهار لەریزی هاوپیشەكانی سەرقاڵی نانكردنە كە جگە لە دەنگی بەرزی غازی نانكردنەكە شتێكی دیكە نابیسترێت
- بەهار لەكاتی گەڕاندنەوەی هەر هێڵەكێك لەو هەویرەی پێیدراوە كە بیكات بە نان واتە 27 نان بۆ هەر وەجبەیەك
- هۆڵی كاركردنی بەهار و هاوپیشەكانی كە 12 كارمەند نان و دوو كارمەندی ژن هەویر ئامادەدەكەن
- كاتی گەڕانەوەی بەهار بۆ ناو خێزانەكەیی و پێشوازی منداڵەكانی دوای نزیكەی 10 كاتژمێر دابڕان
- بەهار لەكاتی ئامادەكردنی خواردن و شتنەوەی میوە بۆ منداڵەكانی