كریستیانه‌كان: هه‌ڵبژاردن و داعش كۆینه‌كردنه‌وه‌
پێنج كورسی ئامانجی چەندین حزب و كه‌سایه‌تی كریستیانییە له‌ عیراق

March 25, 2018 at 9:41 pm

كه‌ركوك/تشرینی یه‌كه‌می 2017/ هاوڵاتیانی كریستیان له‌ رێوڕه‌سمه‌كانی تایبه‌ت به‌ جه‌ژنی له‌دایكبونی حه‌زره‌تی مه‌سیح فۆتۆ: كاروان ساڵحی

نه‌ینه‌وا – که‌رکوک ناو

ده‌یان حزب و كه‌سایه‌تی كریستیانی له‌ عیراق له‌ كێبڕكێدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێنج كورسی كۆتای په‌رله‌مانی عیراق دوای ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌کدا رێکبکه‌ون بۆ به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییەکاندا كه‌ بڕیاره‌ له‌ 12ی ئایاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت.

سیاسەتمەدارەکانی ئه‌و پێكهاته‌ ئاینییه‌ روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ی ناوخۆیی بونه‌ته‌وه‌، چونکە ئەو په‌رته‌وازه‌ییان له‌كاتێكدایه‌ پریشكی داعش ‌بێ جیاوازی به‌ر هه‌مویان كه‌وت و له‌ ئاواره‌یی-دا كۆیكردنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و روداوه‌ و هه‌ڵبژاردنیش نه‌یتوانی كۆیانبكاته‌وه‌.

کریستانیه‌کان پێنج کورسی کۆتایان له‌ پارێزگاکانی به‌غدا، نه‌ینه‌وا، که‌رکوک، هه‌ولێر و دهۆک بۆ په‌رله‌مانی عیراق هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵام زیاتر له‌ حه‌وت حزبی سیاسیی و ده‌یان كاندیدی سه‌ربه‌خۆ کێبڕکێیانه‌ بۆ مسۆگه‌رکردنی ئه‌و کورسییانه‌.

رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری حزبی بەیت ئەل-نەهره‌ین، تا دواساته‌كانی داخستنی ده‌رگای كۆمسیۆن به‌ڕوی هاوپه‌یمانێتییه‌كاندا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەک لەگەڵ یەکێتى بەیت ئه‌ل-نەهره‌ینی كریستیانی لە هەوڵدابوو، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌ی هیچی لێ سەوز نەبوو.

“ده‌مانویست ئه‌گه‌ر به‌یه‌ك هاوپه‌یمانێتیش نه‌چینه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، لانیكه‌م له‌ دوو هاوپه‌یمانێتی زیاتر نه‌بێت”

“ده‌مانویست ئه‌گه‌ر به‌یه‌ك هاوپه‌یمانێتیش نه‌چینه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، لانیكه‌م له‌ دوو هاوپه‌یمانێتی زیاتر نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ روینه‌دا، له‌به‌ر به‌رژە‌وه‌ندی ته‌سكی حزبایه‌تی، وەک چۆن لاى کورد و سوننە و شیعە ئه‌و ناكۆكی و به‌رژە‌وه‌ندی خوازییە‌ هه‌یه‌، لای كریستیانه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ بوو”، رۆمیۆ وای بە (کەرکوک ناو) وت.

وتیشی “رەنگە حزبی كریستیانی هەبوبێت پێیوابێت به‌ته‌نیا ده‌توانێت زۆرینەى کورسییەکان بەدەستبهێنێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتی-دا نه‌بووە”.

زیاتر لە حەوت حزبی سیاسی کریستیان لە عیراقدا هەیە، ژمارەى  دانیشتوانی ئەو پێکهاتەیە کە دابەشبون بەسەر دەشتی نەینەوا، کەرکوک، بەغدا، هەولێر، دهۆک و سلیمانیدا به‌ 450 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت، به‌پێی ئاماری حزبه‌ كریستیانییه‌كان.

به‌غداد/نیسانی 2014/ ده‌نگدانی تایبه‌ت (هێزه‌كانی پۆلیس به ‌سێ رۆژ به‌ر له‌ ده‌نگدانی گشتی) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

ئه‌و پێكهاته‌ ئاینییه‌ سه‌ره‌تای هاتنی داعش به‌ ناچاری زێدی مێژویی خۆیان له‌ موسڵ و ده‌شتی نه‌ینه‌وا بەجێهێشت، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ سێ بژارده‌ی خسته‌ به‌رده‌میان، (گۆڕینی ئاین، پێدانی فیدییه‌، جێهیشتنی نه‌ینه‌وا)، ئه‌گه‌رنا روبه‌ڕی كوشتن ده‌بونه‌وه‌.

“نەبونى یەک لیستى ماناى پەرتەوازەیی دەگەیەنێت”

بۆ هەڵبژاردنەکانی عیراق بزوتنەوەى ئاشوری و حزبی نیشتمانى ئاشوری لە یه‌ك هاوپەیمانێتی-دان، بە ناوى هاوپەیمانى رافیدەین، هەرچى حزبی بەیت نەهره‌ین و وەرکایه‌ كه‌ سریانین پێكه‌وه‌ له‌ هاوپه‌یمانێتی یەکێتى بەیت نەهره‌ین-دان.

هه‌رچی ئەنجومەنى کلدانى سریانى ئاشورییە بڕیاریداوە بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و حزبی یەکێتى کلدان و ئەنجومەنى نیشتیمانیی کلدان پێکەوە له‌ چوارچێوەى هاوپەیمانێتییەکی تردان.

بەشێک لەو حزبە سیاسییه‌ كریستیانیانه‌، گروپی چەکداریان هەیە و بەسەر وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزەکانی حەشدی شەعبی عیراقدا دابەشبون.

“دابەشبونى حزبەکان کاریگەری راستەوخۆى نەرێنى دەبێت بەسەر دەنگدەری کریستیانەوە، نەبونى یەک لیستى ماناى پەرتەوازەیی دەگەیەنێت”، رۆمیۆ هه‌كاری كه‌ له‌ ئێستادا په‌رله‌مانتاری عیراقه‌ زیاتر وتیئەم دابه‌شبونه‌ سەرکەوتوو نییه‌، چونکە کریستیانەکان لەسەر کورسی کۆتا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن پێویست بوو پێكه‌وه‌ یه‌ك یان دوو هاوپه‌یمانێتیمان هه‌بوایه‌”.

كریستانه‌كانی‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا و موسڵ به‌شێكیان روبه‌ڕوی كوشتن، یان له‌ناوچونی ماڵ و موڵکیان بونەتە‌وه‌، به‌ڵام سەرەڕای ئەوەش ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ریان كراوه‌ كۆینه‌كردنه‌وه‌.


كه‌ركوك/ كڵێسای سه‌ره‌كی كریستانه‌كانی كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

کلدۆ رەمزی، ئەندامى مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەى ئاشوری دیموکرات، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دواى هاتنى داعش هەوڵ هەبوو لایەنە کریستیانەکان پڕۆژەیەکى هاوبەشی تایبەت بە کریستیانەکان پێشکەش بکەین و خۆمان كۆبكه‌ینه‌وه‌، بەڵام هەندێک لایەنى سیاسی كریستیانی کە سەربەخۆ نین و بڕیاری کۆتایی لای خۆیان نییە، بەڵکو بونەتە پاشکۆی حزبە گەورەکانى کورد و شیعە، بونە لەمپەر لەبەردەم دروستبونى پڕۆژەکە”.

“هەندێک لایەنی کریستیانی پشت بە دەنگی پێكهاته‌كه‌ی خۆیان نابەستن، بەڵکو ئەو حزبانەى کوردستان و شیعەکان پشتگیرییان دەکەن و دەنگیان پێدەدەن بۆ دزینى دەنگی کریستیانەکان”، کلدۆ رەمزی وای وت، ئەوەشی بە مەترسی بۆ سەر ئایندەى کریستیان و نوێنەرانی کریستیان لە پەرلەمانى عیراق داناو وتی “نابنە نوێنەری گەلەکەیان بەڵکو دەبنە نوێنەری حزبەکانى تر کە پشتگیرییان دەکەن و دەستوەردان دەکەن”.

15-2ی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان كۆتایی هێنا بە پرۆسەی وەرگرتنی لیستی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراق ‌و لە رۆژی 11-1یشدا، دەرگای تۆماركردنی بەڕوی هاوپەیمانیەتییەكاندا داخست، به‌وه‌ش جارێكی تر كریستیانه‌كان به‌ په‌رته‌وازه‌ییه‌وه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژارنه‌كانی عیراق ده‌‌كه‌ن.

نەوزاد پۆڵس، چالاکوانى کریستیان دەڵێت هۆکارى سه‌ره‌كی ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه ئەوەیە بەشێک لە حزبە کریستیانەکان لە حزبە کوردستانییەکانه‌وه‌ نزیکن و بەشێکى دیکەشیان لە حزبە عیراقییه‌كان، ئەوەش‌ “به‌ئاشكرا كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌بونی یه‌كده‌نگی (کریستیانەکان) هه‌یه‌ “.

وتیشی “بەرژەوەندی کەسی، دابەشبونى جوگرافی پێکهاتەى کریستیانیش لە هه‌رێمی كوردستان و عیراق، له‌ کاریگەرییه‌كانی تری دروستنەبونى هاوپەیمانى کریستیانەکانن، ئەگەرچى داعش زیانى گەورەی بە ناوچە کریستیانییەکان گەیاندوە”، پۆڵس وای وت.

“گرنگە كریستیانه‌كان لە پەرلەمانى عیراق یەکدەنگ بن و پڕۆژەى هاوبەشیان هەبێت”

ڤیان عەبدوکە، چالاکوانى كریستیانی بۆ (كه‌ركوك ناو) ده‌ڵێت “گرنگە ئەو لیست و قەوارانه‌ی كریستیانه‌كان كه‌ دەچنە پەرلەمان لەوێدا لەسەر بەرنامەیەک کۆدەنگبن بۆ خزمەتکردنى پێکهاتەكه‌یان”، زیانر وتی “داهاتوی كریستیانه‌كان هەڕەشەى لەسەرە بە تایبەت لە بەغدا و موسڵ، لە سەنتەری موسڵ مەسیحی نەماوە، تەنیا هەندێک ناوچەى دەشتى نەینەوا نەبێت کە ئەوانیش بەشی زۆریان ئاوارەى هەرێمى کوردستانن، بۆیە گرنگە لە پەرلەمانى عیراق یەکدەنگ بن و پڕۆژەى هاوبەشیان هەبێت و دژى گوتاری توندەڕەوی بوەستنەوە کە دەیانەوێت یان كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر جێهیشتنی عیراق له‌لایه‌ن پێکهاتەیەکی گرنگی ئه‌م وڵاته‌وه‌ ئه‌ویش كریستیانی-یه‌”.

ڤیان ره‌خنه‌ی له‌ به‌شێك له‌ حزبە گەورەکانى عیراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و وتی “لە هەوڵدان دەستوەردان لە کاروباری مەسیحییەکان و به‌تایبه‌ت كورسی كۆتای مه‌سیحییه‌كان بكه‌ن، بۆیه‌  گرنگە مه‌سیحییه‌كان خیان رێگرییان لێبکه‌ن”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن