- Kirkuknow - https://kirkuknow.com/kurdish -

پارتی پشتدەكاتە هەزاران دەنگدەری خۆی

كەركوك ناو
پارتی دیموكراتی كوردستان، پشت دەكاتە هەزاران دەنگدەر ‌و لایەنگری خۆی بەهۆی بایكۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە پارێزگای كەركوك، ئەوەش بە پاساوی ناسەقامگیری لە ناوچەكانی جێناكۆك.

بڕیارەكەی پارتی لە ناوەڕاستی كانونی دوەمی ئەمساڵ دەركرا ‌و تێیدا هۆكاری بایكۆتکردن بۆ ئەوەدەگەڕێننەوە، ناوچەكانی جێناكۆك لەلایەن هێزەكانی سەر بە حكومەتی ناوەندیەوە كراون بە “سەربازگە”، ئەوەش دوای گەڕانەوەیان لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا.

عەدنان كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كورستان بە (كەركوك ناو)ی وت “بڕیارماندا بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق (پرۆسەکە 12-5-2018 ئەنجامدەدرێت) بكەین لە كەركوك… چونكە ئەو ناوچانە لەژێر داگیركاریی سەربازیدایە و ناسەقامگیرە، بۆیە هەڵبژاردن لەم دۆخەدا بەڕێوەناچێت”.

قسەكانی كەركوكی هەمان ناوەڕۆكی بەیاننامەی بڕیاری بایكۆتەكەیان بوو، مەبەستیش لە “داگیركاریی” وەسفكردنی گەرانەوەی سوپا ‌و هێزەكانی تری فیدراڵی بوو بۆ كەركوك ‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك، دوای كشانەوەی پێشمەرگە.

“كەركوك لەژێر داگیركاریی سەربازیدایە و ناسەقامگیرە”

گەڕانەوەی سوپا دوای ئەوەهات، پەیوەندیەكانی هەولێر و بەغدا گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی بەهۆی ریفراندۆمەوە، لەو كاتەشەوە، پارتی کە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی هاوپەیمانی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ زۆربەی ناوچەكانی جێناكۆك نەگەڕاوەتەوە.

هەرچەندە لە بڕیارەكەی پارتیدا سەرەتا ناوی ناوچەی جێناكۆك هاتبوو بەگشتی، بەڵام دواتر گۆڕدرا بۆ بایكۆت لە پارێزگاكانی كەركوك، دیالە ‌و سەڵاحەدین، پاش چەند گۆڕانكارییەک تەنیا بۆ كەركوك مایەوە ‌و لە ناوچەكانی تر، هەڵوەشێنرایەوە.

خەسرۆ گۆران، سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی 17ی كانونی دوەم بە میدیای حزبەكەی راگەیاند “پارتی بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە سنوری پارێزگای نەینەوا و قەزای شنگال و مەخمووردا دەكات”، بۆ كەركوكیش سوربونی لەسەر بایكۆت دوپاتكردەوە.

كه‌ركوك/ته‌موزی 2017، بازاری شاره‌كه‌ نزیك قه‌ڵای كه‌ركوك فۆتۆ: بنار سه‌ردار

پارتی خاوەنی 63 هەزار دەنگە لە پارێزگای كەركوك‌ بەپێی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە 2014دا، دوو كورسی ئەو پارێزگایەی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە لە كۆی 13 كورسی.

هاوڵاتیانی كەركوك، سەرباری رەخنەیان لە ئەدای حزبە كوردییەكان، داوایانكرد حزبەكان لە بری بایكۆت هەوڵی یەكڕیزی ‌و هاودەنگی بدەن.

لەیلا عەلی، فەرمانبەر لە فەرمانگەی كارەبای كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “هەڵبژاردنەكانی پێشووم بەلاوە گرنگ نەبوو، بەڵام بۆ ئێستا پێویست بوو پارتی و سەرجەم حزبەكانی تر بەشداربن چونكە چارەنوسی نەتەوەكە دیاریدەكات”.

پارتی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی بایكۆتی لە كەركوك بەستەوە بە یەكلیستی حزبە كوردییەكان، دوای چەندین كۆبوونەوە، حزبەكان نەیانتوانی بگەنە رێككەوتن ‌و جگە لە هاوپەیمانییەك، ئەوانیتر بە جیا لیستیان هەیە.

“بایكۆتی پارتی غەدرێكە لە جەماوەرەكەی خۆی دەكات”

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە چەندین ساڵە هاوپەیمانی پارتییە لە زۆربەی ناوچەكان رەخنەیان لە بڕیارەكەی پارتی هەبوو بۆ بایكۆت، داوای ئەو حزبەیان بۆ بایکۆتکردن رەتكردەوە.

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی بە (كەركوك ناو)ی وت “بایكۆتی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی كەركوك… غەدرێكە لە جەماوەرەكەی خۆی دەكات، چونكە پێشوتر ئەوان هەندێك دەنگیان هەبووە و هیچ شتێك نییە كە ئەوان لێی بكشێنەوە و بایكۆتی بكەن”.

زیاتر وتی “پارتی بایی خۆی لە كەركوك كاریگەری هەبووە و پێشتر دوو كورسییان بەدەستهێناوە، بەڵام رەنگە ئەمجارەیان نەتوانن ئەو دوو كورسییەش بهێنن بۆیە پاشەکشێیان کرد”.

كەركوك، 2010، هاوڵاتییەكی كورد دوای بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

پارتی بۆ بایكۆتکردن پێداگری بۆ ناوچەكانی تر نەكرد، هەرزوو لیستی هەڵبژاردنی بۆ پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە ‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك دیاریكرد، هەرچەندە پێشتر هەمان پاساوی كەركوكیان بۆ ئەو ناوچانەش هەبوو.

لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی وتی “زۆرینەی جەماوەری ئێمە لە پارێزگای نەینەوا نەماوە و ئێستا ئاوارەن لە هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوە بارودۆخی ناو نەینەوا كاریگەریی ئەوتۆی نابێت لەسەر بەشداریكردنی ئێمە”.

لە سنوری پارێزگای نەینەوا، پارتی لە هەڵبژاردنەكانی نیسانی 2014دا توانی شەش كورسی بەدەستبهێنێت لە كۆی ٣٤ كورسی پشكی ئەو پارێزگایە لە پەرلەمانی عیراق بەڵام لە پارێزگاكانی دیالە ‌و سەڵاحەدین، هیچ كورسییەكی نییە.

ئیبراهیم عەزیز، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردن لەلقی 15ی پارتی لە خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت “لەسەر داوای جەماوەر و لایەنگرانی خۆمان لە سنوری خانەقین پێداچونەوەمان كرد بەو بڕیارەدا و پاش رەزامەندی سەركردایەتی حزبمان بڕیاری (لە پارێزگای دیالە)بەشداریكردنماندا”.

هۆكاری پێداچونەوە بۆ ئەو بڕیارەش دەگەڕێنێتەوە بۆ چەند خاڵێك لە نێویاندا “بارودۆخی خانەقین جیاوازە لە شوێنەكانی تری وەك دووزخورماتو و كەركوك، چونكە لێرە خەڵك ئاوارە نەبوون، كوشتن و بڕینیش نەبووە”.

“بارودۆخی خانەقین جیاوازە لە دووزخورماتو و كەركوك”

پارتی خۆی بە زەرەرمەندی یەكەمی گەڕانەوەی هێزەکانی ناوەند دەزانێت بۆ ناوچەكانی جێناكۆك ‌و بە تایبەت كەركوك، بەوتەی ئەوان زۆربەی بارەگاكانیان روبەروی سوتاندن ‌و دەستبەسەرداگرتن بونەوە، نەیانتوانی بۆ چالاكی سیاسی بگەڕێنەوە.

عەدنان كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك- گەرمیانی پارتی وتی “لەكەركوك‌و سەرجەم قەزاو ناحیەكان 16 بارەگای ناوچەی پارتی دەستیان بەسەرداگیراوە یان سوتنێراون یاخود تاڵانكراون، نزیكەی 28 ناوەند‌و رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنیش دەستیان بەسەرداگیرا”.

پارێزگای كەركوك، جگە لە پەرلەمان لە بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدایە كە بڕیاری كۆتایی ئەمساڵ بەرێوەبچێت، ئەوەش دوای 13 ساڵ دابڕان لەو پرۆسەیە، بەڵام بڕیاری پارتی دیارنییە درێژە بە بایكۆت دەدات بۆ ئەو هەڵبژاردنەش یاخود نا.