ده‌‌نگی سه‌دان هه‌زار فه‌یلی ده‌گاته‌ په‌رله‌مان

May 1, 2018 at 9:32 pm

كه‌ركوك. نیسانی 2018، هه‌ڵمه‌تی بانگه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

نارین رۆسته‌م – كه‌ركوك ناو
كوردی فه‌یلی له‌ عیراق، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ رێی ده‌نگه‌كانیانه‌وه‌ نوێنه‌رێكی تایبه‌ت به‌ خۆیان ده‌نێرنه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، دوای ئه‌وه‌ی كورسییه‌كی كۆتایان بۆ ته‌رخانكرا.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، کورسییەکانی پەرلەمانی داهاتوو لە 329 کورسی پێکدێن کە 320 یان بەسەر پارێزگاکاندا دیاریکراون، نۆ کورسییەکەی دیکەش بۆ کۆتاکان دیاریکراوە، له‌ نێویاندا كورسییه‌ك بۆ فه‌یلی.
“ئاستەنگی و قورسی ژیانی كوردانی فەیلی هەر لە لەدایكبونەوە دەستیپێكردووە، ئێمە كوردین و مافی خۆمانە لە پەرلەمانی عیراقدا پەنجەمۆر و بونمان هەبێت، قەرەبوی مافە خوراوەكانمان بكرێتەوە” ظمياء ملكشانی، ژنه‌ شاعیر و هاوڵاتیی فەیلی وای وت.
ژماره‌ی فه‌یلییه‌كان له‌ عیراق به‌ زیاتر له‌ 800 هه‌زار كه‌س هه‌ژمارده‌كرێت، زۆرینه‌ی له‌ ناوچه‌كانی دیاله‌، به‌غدا و پارێزگای واست نیشته‌جێن.
سەعدون فەیلی، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی بەغدای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ڵێت بە هۆكاری جوگرافی، كوردانی فەیلی لەو ناوچانە نیشتەجێن كە دەسەڵات لە ژێر دەستی شیعه‌دایه‌، “بۆیە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا شیعەكان دەنگی زۆرتریان دەهێنا و مەزهەب لە نەتەوەی دەبردەوە”.

بەغدا، 2017، كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران

شه‌ش كاندید له‌ سێ هاوپەیمانی و قەوارەی سیاسی کە پێکهاتون لە جەبهەی فەیلی، گردبونەوەی یەکێتی فەیلی، هاوپەیمانی فەیلی عیراقی، لەگەڵ شەش کەسایەتی سەربەخۆ کێبڕکێ لەسەر کورسی کۆتای فەیلییەکان دەکەن له‌ پارێزگای واست له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ.
سه‌عدون فه‌یلی وتی “لە بەغدا كوردەكان بە یەك لیست بەشدار نابن، ئەمە هۆكار بووە بۆ كەمبوونەوەی دەنگی كورد لە ناوچەكە، لە یەكەمین هەڵبژاردنی عیراقدا له‌ ساڵی 2005دا كاتێك هەموو حزبە كوردییەكان بەلیستێك بەشداربوون بوین بە خاوەنی دەنگێكی زۆر و هێزێكی بەهێزتر”.
كوردانی فه‌یلی له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عس له‌ عیراق، روبه‌ڕوی راگواستن، وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناسنامه‌ بونه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ بون، ئه‌و تاوانه‌ش له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانه‌وه‌ له‌ 2010 وه‌كو جینۆساید ناسێنرا.
عەلی ئەحمەد فەیلی (54 ساڵ)، توێژەری سیاسی پێیوایه‌ ته‌رخانكردنی كورسی كۆتا بۆ فەیلی تاكە هەنگاوێكی راستە كە لە چەند ساڵی رابردودا نرابێت، “پێویستە ئێمەش لە پەرلەمان نوێنەری خۆمان هەبێت تا ئەو داوا و پێویستییانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كوردانی فەیلی لەبیری چونەتەوە ئێمە خۆمان بە بیر پەرلەمانی عیراقی بهێنینەوە”.

مافی خۆمانە لە پەرلەمانی عیراقدا پەنجەمۆر و بونمان هەبێت، قەرەبوی مافە خوراوەكانمان بكرێتەوە

دوابه‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ دوای ساڵی 2003 و نه‌مانی رژێمی به‌عس، فه‌یلییه‌كان جارێكیتر به‌هۆی چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی جیاوازه‌وه‌ ناچار به‌ كۆچكردن بونه‌ته‌وه‌، له‌ پرسی ریفراندۆمه‌كه‌ی ئه‌یلولی رابردوی هه‌رێمی كوردستانیش روبه‌ڕوی فشار بونه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ به‌غدا.
“كاتی بانگەشەی گشتپرسی (ریفراندۆم) كە توشی هەڕەشە بووینەوە لەبەر مەزهەبەكەمان نەبوو هۆكارەكە كوردبونمان بوو”.
عه‌لی فه‌یلی نیگه‌رانه‌ له‌ هه‌ڵوێستی لێپرسراوانی هه‌رێم به‌رانبه‌ر هاوڵاتیانی فه‌یلی و ده‌ڵێت “حزبە كوردستانییەكان تەنیا وەك رێكلامێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاریانده‌هێنن، ئەمە لە كاتێكدایە ئەوان پێویستە لەناو (ئەنجومەنی وەزیران) و دەزگا حكومییەكانی تریشدا پۆستیان پێبدرێت نەك فەرامۆش بكرێن”.
كوردانی فه‌یلی له‌ په‌رله‌مان و پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان هیچ كورسییه‌كیان بۆ ته‌رخاننه‌كراوه‌، له‌سه‌ر ئاستی عیراقیش جگه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، له‌ هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غدا و واست كورسی كۆتایان هه‌یه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن