- Kirkuknow - https://kirkuknow.com/kurdish -

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یه‌
دادگای فیدراڵی داوایه‌كی كوردانی فه‌یلی ره‌تده‌كاته‌وه‌

كه‌ركوك ناو

دادگای باڵای فیدراڵی، داوایه‌كی كوردانی فه‌یلی ره‌تده‌كاته‌وه‌ بۆ هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانیان به‌پێی یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌وپێیه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا نیه‌ و پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاری له‌ باره‌وه‌ بدات.

كوردانی فه‌یلی، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ عیراق كورسییه‌كانی كۆتایان بۆ دانراوه‌ له‌ په‌رله‌مان له‌ پارێزگای واست، ده‌یانه‌وێت ده‌نگه‌كانیان له‌ هه‌موو وڵاتدا وه‌كو یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌ژماربكرێت تا به‌پێی ژماره‌ی پێكهاته‌كه‌یان كورسی به‌ ده‌ستبهێنن نه‌ك به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شبكرێت.

ئه‌یاس سامۆك، وته‌بێژی دادگای فیدراڵی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رونیكردۆته‌وه‌ دوای وردبینی له‌و داوایه‌ ده‌ركه‌وت جێبه‌جێكردنی پێشنیارێكی یاسادانانه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌پێی ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌كو چۆن پێشتر بۆ هه‌ندێك پێكهاته‌ی فه‌رمی عیراق جێبه‌جێكراوه‌ وه‌كو سابیئه‌ی مه‌ندائیین.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ پابه‌ندكردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و داوایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی دادگای فیدراڵییه‌ بۆیه‌ داواكه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ و داواكراوه‌ بۆ ئه‌و خواسته‌ روو له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكه‌ن.

كوردانی له‌ عیراق، زۆرینه‌یان له‌ پارێزگای واست، به‌غدای پایته‌خت و به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی دیاله نیشته‌جێن.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى عیراق، کورسییەکانى پەرلەمانى داهاتوو لە 329 کورسی پێکدێن کە 320 یان بەسەر پارێزگاکاندا دیاریکراون، نۆ کورسییەکەى دیکەش بۆ کۆتاکان دیاریکراوە، له‌ نێویاندا كورسییه‌ك بۆ فه‌یلی.

شه‌ش كاندید له‌ سێ هاوپەیمانى و قەوارەى سیاسی کە پێکهاتون لە جەبهەى فەیلى، گردبونەوەى یەکێتى فەیلى، هاوپەیمانى فەیلى عیراقى، لەگەڵ شەش کەسایەتى سەربەخۆ کێبڕکێ لەسەر کورسی کۆتاى فەیلییەکان دەکەن له‌ پارێزگای واست له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ.