(كه‌ركوك ناو) مامه‌ڵه‌كانی كڕین و فرۆشتنی كارتی ده‌نگدان ئاشكراده‌كات
May 5, 2018 at 6:58 pm

كه‌ركوك، 7ی ئازاری 2010، فه‌رمانبه‌ران به لایتێك سه‌رقاڵی جیاكردنه‌وه و هه‌ژماری ده‌نگه‌كانن دوای بڕانی كاره‌با فۆتۆ: میترۆگرافی
عه‌لی حیانی – ئه‌نبار
مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی كارتی ده‌نگده‌ران، له هه‌ندێك ناوچه به تایبه‌ت له پارێزگای ئه‌نبار، بۆته بازرگانییه‌كی گه‌رمی ده‌ڵاڵ و به‌شێك له لیسته‌كان، سه‌رباری سزا تونده‌كانی كۆمسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق.
به‌پێی به‌دواداچونێكی مه‌یدانی (كه‌ركوك ناو)، له پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵه‌وه تائێستا، سه‌دان مامه‌ڵه‌ی كڕی و فرۆشتنی كارتی ده‌نگدانی هاوڵاتیان هه‌بووه، ئه‌وه‌ش به وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی به پاره ده‌نگی خۆیان فرۆشتووه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی رێكخه‌ری مامه‌ڵه‌كه بوون.
قوسه‌ی محه‌مه‌د، نیشته‌جێی ناحیه‌ی سهقڵاویهیه له قه‌زای فه‌لوجه‌ی پارێزگای ئه‌نبار، وتی “كارتی دهنگدانهكهم به ده‌ڵاڵێك فرۆشت ونازانم ئه‌و كارته بۆ كام لایه‌ن ده‌ڕوات”، ئه‌و هاوڵاتییه له‌به‌رانبه‌ر هه‌ر كارتێكدا 100 دۆلاری وه‌رگرتووه و “كارته‌كه‌م خۆم و هاوسه‌ر و دوو له كوڕه‌كانم فرۆشت”.
پاساوه‌كه‌ی قوسه‌ی ئه‌وه‌یه “بێ ئومێدبوم له هه‌ڵبژاردن و سیاسه‌ت و درۆ سیاسیه‌كان له‌كاتی هه‌ڵبژاردن، چونكه من له خانویه‌كی ته‌واونه‌كراودا نیشته‌جێم و خانوه‌كه‌ی خۆم به‌هۆی شه‌ڕه‌وه خاپور بوو، بۆیه ناتوانم كرێ بده‌م و هیچ قهرهبویهكیشم وه‌رنه‌گرتووه”.
رۆژانه لانیكه‌م مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتن به 25 كارتی ده‌نگدانه‌وه ده‌كه‌م
چه‌ندین ناوچه‌ی پارێزگای ئه‌نبار، هاوشێوه‌ی به‌شێك له پارێزگاكانی تری عیراق له 2014 به دواوه كه‌وتنه ده‌ستی داعش و له كۆتایی ساڵی رابردودا، كۆتایی رێكخراوه‌كه له‌و سنوره راگه‌یه‌ندرا، به‌ڵام شه‌ڕ و توندوتیژییه‌كان بووه هۆی وێرانبونی كه‌رتی خزمه‌تگوزاری و نیشته‌جێبون.
هاوڵاتیان هه‌ر پاساوێكیان هه‌بێت بۆ فرۆشتنی كارته‌كانیان، له سزاكانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارێتی عیراق ده‌ربازنابن، كه ده‌گاته 15 ساڵ زیندانی جگه له غه‌رامه‌ی ماددی، ئه‌وه‌ش ته‌نیا بۆ هاوڵاتیان نیه، به‌ڵكو بۆ هه‌موو حزبه‌كان و فه‌رمانبه‌رانی كۆمسیۆنیش، كه دورخستنه‌وه و بێبهشكردنیانی تێدایه له پرۆسه‌كه.
محه‌مه‌د سه‌لمان، یه‌كێك له ده‌ڵاڵه‌كانی كڕین و فرۆشتنی كارتی ده‌نگدان، ده‌ڵێت رۆژانه لانیكه‌م 25 كارت ده‌كڕن و “رۆژی وا هه‌یه كه‌سێك 50 كارتم بۆ ده‌هێنێت كه هی خێزانێكن به هه‌موو نه‌وه‌كانیانه‌وه”، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا مامه‌ڵه‌كه له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی تر ده‌گۆڕێت به‌ڵام زیاتر له ناوچه ههژارنشیهكاندا هه‌یه.

لای راست كارتی بایۆمەتری و لای چەپ كارتی كۆنی ئەلیكترۆنی دەنگدانە
هاوڵاتیان و ئاواره‌كان به چه‌ند جۆرێك ده‌نگده‌ده‌ن، له سه‌ره‌كیترینیان كارتی بایۆمه‌ترییه كه وێنه و په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ری له‌سه‌ره له‌گه‌ڵ كارتی كۆنی ئه‌لیكترۆنی، به‌بێ وێنه و په‌نجه‌مۆره، زیاتر مامه‌ڵه‌ی بازرگانی پێوه‌ده‌كرێت.
زوحا محه‌مه‌د، ئاواره‌یه‌كی نیشه‌جێی كه‌مپی حهبانیهیه له ئه‌نبار و به‌ده‌ست مه‌ینه‌تیه‌كانی ژیانه‌وه، واههستناكات هه‌لبژاردن هیچ له دۆخی ئه‌و بگۆڕێت بۆیه ته‌نیا دڵی لای بژێوی ژیانی منداڵه‌كانیه‌تی، كه سێ كچ و كوڕێكن، دوای كوژرانی هاوسه‌ره‌كه‌ی له ساڵی 2006 له‌لایه‌ن رێكخراوی قاعیده و خاپوربونی خانوه‌كه‌ی له شه‌ڕی 2014ی داعش.
ئه‌و ژنه بۆ ئه‌وه باسی دۆخی خێزانه‌كه‌ی كرد تا بڵێت “ئاماده‌م كارتی دهنگدانهكهم بفرۆشم به نرخێك ته‌نیا بژێوی یه‌ك رۆژم بۆ ده‌ربكات”.
سه‌رباری سزا تونده‌كانی كۆمسیۆن و هۆشداری به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵاتدارانی دادوه‌ری و حكومی له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی به كارتی ده‌نگدانه‌وه به‌ڵام هیچ رێكارێك به‌رانبه‌ر به‌و حاڵه‌تانه‌ی له ئه‌نبار تۆماركراون نه‌گیراونه‌ته‌به‌ر.
ئاماده‌م كارتی دهنگدانهكهم بفرۆشم له به‌رانبه‌ر نرخی بژێوی یه‌ك رۆژدا
سه‌عید عیساوی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی ئه‌نباری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بونی بازرگانی به كارتی ده‌نگدان ره‌تكرده‌وه، چونكه وه‌كو ئه‌و وتی “هیچ لایه‌نێكی سیاسی سكاڵای به به‌ڵگه‌وه پێشكه‌ش نه‌كردووه ده‌رباره‌ی مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی كارتی ده‌نگدان، ئه‌و حاڵه‌تانه ته‌نیا له میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ده‌بیستین”.
به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، هه‌موو عیراقییه‌كان كه مه‌رجه‌كاتی تێدابێت مافی هه‌یه به‌شداری بكات له هه‌ڵبژاردن و به شێوه‌یه‌كی نهێنی و راسته‌وخۆ ده‌نگبدات، دهنگدانهكهیشی به نوێنه‌رایه‌تی نابێت و رێگه‌نادرێت كه‌سێكی تر له جێی ئه‌و ده‌نگبدات، به‌وه‌ش فرۆشتن كارت و به‌كارهێنانی له‌لایه‌ن كه‌سانه‌ی تره‌وه جگه له‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی یاسایه، وازهێنانی هاوڵاتییه له مافی خۆی.
عه‌بدوڵا محه‌مه‌د، دانیشتوی شاری رومادییه و شه‌ش كارتی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی فرۆشتووه، له به‌رانبه‌ر 50 دۆلار بۆ هه‌ر كارتێك، هۆكاری ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ خراپی دۆخی دارایی له ئه‌نجامی شه‌ڕ له كاتێكدا ئه‌و ته‌نیا به‌خێوكه‌ری خێزانه‌كه‌یه، دوای كوژرانی كوڕه‌كه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه.
ئه‌و هاوڵاتییه ده‌ڵێت “كه‌سێك سه‌ر به نوسینگه‌ی حزبی حه‌ل له ناوچه‌كه پێشنیاری فرۆشتنی كارتی ده‌نگدانه‌كه‌ی كردین و پێمانفرۆشت”.
هه‌ر حزب و كاندید و لیستێك، به به‌ڵگه بسه‌لمێنرێت تێوه‌گلاوه له مامه‌ڵه‌ی نایاسایی به كارتی ده‌نگدانه‌وه، دورده‌خرێته‌وه له پرۆسه‌كه جگه له غه‌رامه‌ی ماددی و ده‌درێته دادگا.
محه‌مه‌د كه‌ربولی، سه‌رۆكی حزبی حه‌ل ره‌تیده‌كاته‌وه مامه‌ڵه‌ی كڕینی كارتی ده‌نگده‌رانیان كردبێت و تۆمه‌ته‌كان به ناراست ناوده‌بات، وتی “ئامانجی ئه‌و تۆمه‌تانه شێواندنی وێنه‌ی حزب و لیستی ئه‌نبار ههویهتنا-یه كه لایه‌نگری زۆری هه‌یه له ئه‌نبار و پێویستمان به‌و رێگه خراپانه نیه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ”.
له سه‌ره‌تای نیسانی ئه‌مساڵدا حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتن به كارتی ده‌نگدان وه‌كو تاوان سه‌یرده‌كرێت و له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بڕیاردراوه به گرتنه‌به‌ری رێكاری توندی یاسایی سزای زیندانی و دارایی.
محه‌مه‌د سه‌لمان، ئه‌و ده‌ڵاڵه‌ی مامه‌ڵه‌كانی كڕین و فرۆشتنی كارتی ده‌نگده‌ران رێكده‌خات، ده‌ڵێت تیمه‌كه‌ی له پێنج كه‌س پێكهاتوون و له ناوچه‌كانی ئه‌نبار هه‌وڵی رازیكردنی هاوڵاتیان ده‌ده‌ن بۆ مامه‌ڵه‌كه، بۆ فرۆشتنهوهشیان مه‌رجیان له‌سه‌ر هیچ حزبێك نیه.
ئه‌و وتی “له‌گه‌ڵ هه‌موان مامه‌ڵه ده‌كه‌م به مه‌رجێك بڕی پاره زۆربێت، له نێویاندا له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه جیاوازه‌كان، له‌وانه حزبی حه‌ل و هاوپه‌یمانی نه‌سر به سه‌رۆكایه‌تی عه‌بادی، به‌ڵام مامه‌ڵه‌ی من له‌گه‌ل تاكه نه‌ك حزب”.
هیچ لایه‌نێكی سیاسی به به‌ڵگه‌وه سكاڵای لای كۆمسیۆن تۆمارنه‌كردووه
سه‌رۆكی ئه‌و هاوپه‌یمانییه له ئه‌نبار، تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه و به پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌زانێت ترسیان هه‌یه له‌وه‌ی لیسته‌كه‌یان له هه‌ڵبژاردندا، زۆرترین كورسی به‌ده‌ستبهێنێت.
عه‌واد جغێفی وتی “ئێمه بێبه‌رین له‌و تۆمه‌ته به‌تاڵ و ناڕاستانه‌ی روبه‌ڕومان ده‌كرێته‌وه ده‌رباره‌ی كڕینی كارتی ده‌نگدان و ئه‌و حزبانه‌ی له پشت تۆمهتهكانهوهن ئه‌وانه‌ن كه لایه‌نگر و جه‌ماوه‌ری پارێزگاكه‌یان له ده‌ستداوه”.
له سه‌رتاسه‌ری عیراق، نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كاندید له رێی 88 هاوپه‌یمانی و لیسته‌وه، چاویان له ده‌نگی زیاتر له 24 ملیۆن هاوڵاتییه بۆ به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی په‌رله‌مان.
تێبینی: ناوی هاوڵاتییهكان و ده‌ڵاڵه‌كه خوازراوه و ناوه راسته‌قینه‌كانیان لای (كه‌ركوك ناو) پارێزراوه.