له‌باره‌ی رێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت‌
به‌ره‌ی توركمانی په‌یامێكی هۆشداریی ئاراسته‌ی كورد ده‌كات

August 22, 2018 at 2:23 pm

كه‌ركوك/22ی ئابی 2018/ سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی توركمانی هه‌ڵوێستی خۆیان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق ده‌ربڕی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

به‌ره‌ی توركمانی له‌ په‌یامێكیدا بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك لای ئه‌وانه‌ نه‌وه‌ك ئه‌و لایه‌نه‌ عیراقییانه‌ی‌ له‌هه‌وڵی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێدان، بۆ ئه‌وه‌ش هۆشدارییده‌دات له‌هه‌ر رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ شیعه‌و سوننه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ناوچانه‌.

ئه‌و په‌یامه‌ی به‌ره‌ی توركمانی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هات كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ی ئاب، بۆ ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی و سه‌ركرده‌كانی تری به‌ره‌كه‌ رێكخرابوو و په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو.

ساڵحی وتی “په‌یامی ئێمە بۆ برایانی کورد ئه‌وه‌یه‌ داواکارییەکانی کورد گەورەترە لەو پله‌و پۆستانەی لە دەوڵەتی فیدراڵی هەیە، په‌یاممان بۆ برایانمان لە حزبە کوردییەکان ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك و کەرکوک دوزخورماتوو چارەسەرنابێت بەهیچ رێکكەوتنێک لە نێوان ئێوە و هه‌ر لایه‌نێك بیەوێت حکومەت پێکبهێنێت، ئەگەر چارەسەرتانویست ئەوە چارەسەرمان پێیه‌، ئه‌وه‌ ئێمەین کە بڕیاردەدەین چی رودەدات لە کەرکوک، دوزخورماتوو و ناوچەكانی تری جێناكۆك”.

ئەگەر چارەسەرتانویست ئەوە چارەسەرمان پێیه‌، ئه‌وه‌ ئێمەین کە بڕیاردەدەین چی رودەدات لە کەرکوک و دوزخورماتوو

“رۆیشتنتان بۆ رێککەوتن بەمەرجه‌كانی شیعە و سوننە تا داواکارییەکانتان جێبەجێبکات لە ئێستاوە پێتاندەڵێین شکستده‌هێنن، لەبەرئەوەی پرسەکە پەیوەستە بە ئێمەوە”، ئه‌رشه‌د ساڵحی هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد وای وت.

مؤتمر الجبهة التركمانية حول تشكيل الحكومة العراقيةهه‌ڵوێستی به‌ره‌ی توركمانی له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق

Geplaatst door KirkukNow op Woensdag 22 augustus 2018

داوای گفتوگۆشی لێكردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه‌و وتی “ئێمە پڕۆژەیەکمان هەیە لەوبارەیەوه‌و هیوادارین بەشێکبین لە راستییەکان لەسەر ئه‌رزی واقع”، به‌ڵام هیچی له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه‌وه‌ نه‌وت.

ئێمە پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ كه‌ركوك و دوزرخوماتوو

ئه‌و په‌یامه‌ی سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی توركمانی، دوای یه‌ك رۆژ هات له‌ سه‌ردانی فاتح یه‌ڵدز، باڵیۆزی توركیا له‌ عیراق بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ كه‌ركوك و دوزخورماتوو له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، كه‌ ناوچه‌ی جێناكۆكن به‌پێی ده‌ستوری عیراق و توركمان به‌شێكی گرنگی دانیشتوانه‌كه‌ی پێكده‌هێنن.

راگه‌یاندنی ره‌سمی به‌ره‌ی توركمانی سه‌ردانه‌كه‌ی فاتح یه‌ڵدزی به‌ مێژویی بۆ توركمانه‌كانی عیراق وه‌سفكرد، هه‌رچه‌نده‌ كاردانه‌وه‌ی به‌شێك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌دواداهات.

ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا وتی “بە برایانی شیعە دەڵێین بەرپرسیارێتی گەورە کەوتۆتە سەرشانی ئێوە لەبەرئەوەی حزبی ئیسلامین، ئێوە زیاتر دەزانن کاتێك داواکارییەکان دەکەوێتە ئەستۆی یەکێک و ئێوە دەڵێن ئێمە لەگەڵ زوڵملێکراوان و لاوازین هەڵوێستێکی رونمان لێتاندەوێت… نامانەوێت لەڕێگەی ئاگادارکردنەوە و پڕوپاگه‌نده‌ و راگەیاندەوەبێت، ده‌مانه‌وێت له‌واقعدا جێبه‌جێی بكه‌ن”.

ساڵحی روه‌و لایه‌نه‌ شیعییه‌كان زیاتر وتی “ئایا ئێوە لەگەڵ میللەتی تورکمانی عیراقن یان نا؟ یان ئێوەش دەتانەوێت تورکمان جیاببنەوە بەسەر رەنگ و مەزهەبەکانی ئیسلام؟ ئێمە مسوڵمانین و مەزهەبەکان جیامانناکاتەوە”.

ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی به‌ره‌ی توركمانی كه‌ نوێنه‌رایه‌تی زۆرینه‌ی پێكهاته‌ی توركمان ده‌كه‌ن له‌ عیراق، له‌كاتێكدایه‌ هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین لیست له‌ پێناو دروستكرنی حكومه‌تی نوێ له‌ 19ی ئاب و له‌لایه‌ن سائیرون، سه‌درو حیكمه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، دوای ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بڕیاریاننه‌دا به‌ پاڵپشتیكردنیان.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن