گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی شه‌نگال هه‌ڵده‌درێنه‌وه‌

September 4, 2018 at 9:38 pm

شەنگال، 2-12-2017، دۆزینەوەی دوو گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزیدییەكان فۆتۆ: راگەیاندنی حەشدی شەعبی

عه‌لی ئه‌یاد – نه‌ینه‌وا

تیمێكی حكومه‌تی عیراقی، ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی قه‌زای شه‌نگال، بۆ ئه‌وه‌ش بڕیاره‌ لیستێكی وردبینی به‌ ژماره‌ و زانیاری له‌سه‌ر بێسه‌روشوێنان ئاماده‌بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلول، تیمێكی هاوبه‌شی فه‌رمانگه‌ی پزیشكی دادوه‌ری و پاراستنی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و دامه‌زراوه‌ی كاروباری شه‌هیدان له‌ به‌غداوه‌ گه‌یشتنه‌ شه‌نگال، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر بێسه‌روشوێنانی شه‌ڕی داعش له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا.

دكتۆر زه‌ید عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی پزیشكی دادوه‌ری له‌ به‌غدا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌ركی ئه‌م تیمه‌ حكومییه‌ بنیاتنانی داتایه‌كی ورده‌ ده‌رباره‌ی بێسه‌روشوێنان له‌ خه‌ڵكی شه‌نگال، وه‌كو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان”.

ئامانج له‌ كاره‌كانی ئه‌و تیمه‌ وه‌كو زه‌ید عه‌لی رونیكرده‌وه‌، ناسینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانی گۆڕه‌كانه‌ له‌رێی داتای زانیارییه‌كانه‌وه‌، تا راده‌ستی كه‌سوكاریان بكرێنه‌وه‌.

له‌ سنوری قه‌زای شه‌نگال، تائێستا 69 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، ئه‌وه‌ش‌ بەپێی دوایین ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی له‌ وەزارەتی ئەوقاف ‌و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

شەنگال، 2-12-2017، دۆزینەوەی دوو گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزیدییەكان فۆتۆ: راگەیاندنی حەشدی شەعبی

ئه‌ندامی تیمه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ بۆ شه‌نگال ده‌ڵێت كاره‌كانیان سه‌ره‌تا له‌ ناوچه‌ی حه‌ردانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، دواتر به‌ره‌و كۆچۆ و شوێنه‌كانی تر، بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر 65 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ كۆبكه‌نه‌وه‌، كه‌ هیچان هه‌ڵنه‌دراوه‌ته‌وه‌ و نازانرێت چه‌ند ته‌رمیان تێدایه‌.

دكتۆر زه‌ید داوای له‌ كه‌سوكاری قوربانیانی شه‌نگال كرد ئاماده‌ی هاوكاریكردنی تیمه‌كه‌ بن بۆ وه‌رگرتنی نمونه‌ی خوێن و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ رفێنراوان و بێسه‌روشوێنانی شه‌ڕی داعش.

له‌ه‌ چوار ساڵی رابردوودا، سێ هه‌زار و 315 ئێزیدی له‌ ده‌ستی داعش رزگاركراون به‌ڵام هێشتا چاره‌نوسی هه‌زاران كه‌س به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌ سه‌رباری كۆتاییهاتنی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ عیراق.

به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ئابی 2014وه‌ “هەزار‌و 293 ئێزیدی شەهیدبوون و نزیكەی سێ‌ هەزار منداڵ هەتیو كەوتوون، بەجۆرێك 1759 منداڵ باوكی لەدەستداوە‌ و 407یان دایكیان نەماوە، 359 منداڵ دایك ‌و باوكی لەدەستداوە‌ و 220 منداڵیش دایك ‌و باوكیان لە دەستی داعشدایە”.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی ‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوە و روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال.

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن