یه‌كێتی هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆتی پۆسته‌كانی كه‌ركوك ده‌كات

September 25, 2018 at 10:25 pm

كه‌ركوك, نيسانى 2018، لایه‌نگرانی یه‌كێتی له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: په‌یجی ئاسۆ مامه‌ند له‌فه‌یسبوك

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك ناو

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆتی پۆسته‌كانی پارێزگای كه‌ركوك ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌ یه‌كسانی به‌سه‌ر پێكهاته‌كاندا دابه‌شبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ش داوای رونكردنه‌وه‌یان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق كردووه‌.

حكومه‌‌تی ناوه‌ندی عیراق، هه‌وڵی هاوسه‌نگی ده‌دات له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا به‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆست و لێپرسراوێتییه‌كانی ئیداره‌ی ناوخۆیی، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا لایه‌نه‌ توركمانی و عه‌ره‌بییه‌كان داواده‌كه‌ن بنه‌مای له‌سه‌دا 32 بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌به‌رچاوبگیرێت.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ كوتله‌ی برایه‌تی (یه‌كێتی) به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌گه‌ر ئه‌و نوسراوه‌ی ئاراسته‌ی پارێزگاری كه‌ركوك كراوه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێبكرێت ئه‌وا ئێمه‌ هیچ پۆستێك وه‌رناگرین”.

له‌و نوسراوه‌ی به‌غدا بۆ پارێزگار، داوای هاوسه‌نگی كراوه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا، به‌بێ رونكردنه‌وه‌ی زیاتر یان دیاریكردنی ئه‌و بنه‌مایه‌ی پێویسته‌ پۆسته‌كانی له‌سه‌ر دابه‌شبكرێت.

بێستون زه‌نگه‌نه‌، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت ” ماوەیەكە ئەو كارەمان ڕاگرتووە، لەبەرئەوەی ئەو نوسراوەی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە هاتووە باس لە هاوسەنگی دەكات، بەڵام باسی دابەشكردنی پۆستەكانی نەكردووە بەو ڕێژەیه‌ی كاری پێكراوە”.

“نوسراوێكمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، داوامانكردووە رونیبكه‌نه‌وه‌ مەبەستیان لە هاوسەنگی چیە؟، چاوەڕوانین وەڵاممان بداتەوە”.

زه‌نگه‌نه‌ ده‌ڵێت وه‌كو یه‌كێتی هه‌رگیز رێگه‌ناده‌ن رێژه‌ی سه‌دا 32 كاری پێبكرێت، وه‌كو عه‌ره‌ب و توركمان داوای ده‌كه‌ن، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی دوایین هه‌ڵبژاردن بێت.

2015/ كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ، یه‌كێتی نیوه‌ی كورسییه‌كانی كه‌ركوكی به‌ده‌ستهێنا، عه‌ره‌ب و توركمانیش پێكه‌وه‌ نیوه‌ی كورسییه‌كانی دیكه‌یان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر كرد.

فەخرەدین محەمەد، لێپرسراوی راگەیاندی مەڵبەندی كه‌ركوكی یه‌كێتی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كاتێك به‌و بڕیاره‌ پابه‌ندده‌بین رێژه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش له‌ فه‌رمانگه‌كان ببێته‌ سه‌دا 32 بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد، چونكه‌ تائێستا رێژه‌ی فه‌رمانبه‌ری كورد نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و رێژه‌یه‌”.

داوایكرد رێژه‌ی سه‌دا 32 ته‌نیا بۆ پۆسته‌ باڵاكان نه‌بێت، به‌ڵكو فه‌رمانبه‌رانیش بگرێته‌وه‌، به‌ یه‌كسانی له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا، چونكه‌ رێژه‌ی فه‌رمانبه‌ری كورد له‌ كه‌ركوك سه‌دا 17یه‌، ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ بێت وه‌كو یه‌كێتی پابه‌ندی بنه‌ماكه‌ ده‌بن بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان.

پارێزگای كەركوك، وەكو ناوچەیەكی جێناكۆك لە دوای ساڵی 2003وە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی مام جەلال، سكرتێری كۆچكردوی یەكێتیی پۆستەكانی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب‌و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رونیكرده‌وه‌، كورد زۆرینه‌ی كه‌ركوكه‌ و نابێت پۆسته‌كان به‌ یه‌كسانی بێت، نمونه‌ی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه‌ پێكهاته‌ هه‌یه‌ سه‌دا 7ی شاره‌كه‌ پێكده‌هێنێت و ناكرێت به‌ ئه‌ندازه‌ی كورد پۆست وه‌ربگرێت.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری جه‌ختیكرده‌وه‌ وه‌كو ئه‌ندامانی لیستی برایه‌تی “ناچینه‌ ژێر باری ئه‌و بڕیاره‌وه‌، چونكه‌ كاركردن به‌و رێژه‌یه‌، غه‌درێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ كورد”.

به‌ره‌ی توركمانی له‌ كه‌ركوك، هاوشێوه‌ی لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان پاڵپشتی خۆیان بۆ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق ده‌ربڕیوه‌، به‌ ئامانجی دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی شاره‌كه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا به‌ یه‌كسانی.

دابەشكردنی پۆستەكانی كەركوك لەكاتێكدایە 13 ساڵە هەڵبژاردن نەكراوە ‌و ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (كورد)، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعەو سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن