كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك
حه‌شدی شه‌عبی كاكه‌یی، له گونده‌كانی داقوق كشانه‌وه به‌هۆی خه‌رجنه‌كردنی موچه‌ی مانگانه‌وه به‌ڵام هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تری سنوره‌كه‌دا ماوه، ئه‌وه‌ش بۆته جێی نیگه‌رانی خه‌ڵك و داوای گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌كه‌ن.
ئه‌و هێزه‌ی سه‌ر به ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه‌یان كرد ئه‌گه‌ر موچه‌ی مانگانه و پێداویستیه‌كانیان بۆ تهرخاننهكرێت، له كاتێكدایه ساڵێكه به هاوبه‌شی هێزه‌كانی تر دۆسیه‌ی ئه‌منی گونده كاكه‌ییه‌كانی داقوق به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
ئومێد حسێن، فه‌رمانده‌ی فه‌وجی حه‌شدی شه‌عبی كاكه‌یی له قه‌زای داقوق به (كه‌ركوك ناو)ی وت “هێزەكانمان لە گوندەكانی عه‌لی سه‌رای، تۆپزاوه و زهنقری كاكەیی لەباشوری خۆرئاوای داقوق دوو هه‌فته‌یه كشاونه‌ته‌وه به‌هۆی پێنه‌دانی موچه‌كانیانه‌وه”.
“له 20ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردووه‌وه دهستبهكاربوین و له‌وكاته‌وه تائێستا موچه‌مان وه‌رنه‌گرتووه”.
ئه‌و هێزه‌ی حه‌شدی كاكه‌یی، پێشتر و له 17-6 له سنوره‌كه كشانه‌وه به‌هۆی پێنه‌دانی موچه‌كانیان و خه‌ڵكی گونده‌كان خۆیان چه‌كیان هه‌ڵگرت، به‌ڵام دوای دوو هه‌فته له‌گه‌ڵ پۆلیسی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه تا له‌سه‌ر قه‌ڵای زه‌نقه‌ر و ناو قوتابخانه‌ی گوندی عه‌لی سه‌رای جێگیربن.
هۆكارێكی تری كشانه‌وه‌ی حه‌شدی كاكه‌یی، به‌وته‌ی فه‌رمانده‌كه‌یان نه‌بونی پێداویسته سه‌ره‌كیه‌كانه به‌تایبه‌ت له وه‌رزی زستاندا، بۆیه ناتوانن ئه‌ركه‌كانیان به‌باشی جێبه‌جێبكه‌ن.

كه‌ركوك، حوزه‌یرانی 2018، به‌شێك له گونده كاكییهكانی داقوق به‌هۆی هه‌ره‌شه‌ی داعشه‌وه به‌ره‌و چۆڵبون ده‌ڕۆن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو
ئومێد حسێن وتی “هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ پۆلیسی فیدراڵی ماوه و كاتێك پێویستیان به ئێمه بێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر ئه‌ركێك به‌شدارده‌بین و دوای ئه‌ركه‌كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه ماڵه‌وه”، ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه به‌ڵێنیان پێدراوه له ساڵی تازه‌وه موچه و پێداویستیه‌كانی تریان له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبیه‌وه بۆ دابینبكرێت.
كاكهییەکان كه زۆرینه‌یان له گونده‌كانی داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك نیشته‌جێن)، له چه‌ند مانگی رابردوودا روبه‌ڕوی هێرشی چه‌كداری، كوشتن و رفاندن بونه‌وه، له ئێستاشدا ناوچه‌كه‌یان له‌لایه‌ن پۆلیسی فیدراڵییه‌وه ده‌پارێزرێت.
جه‌لیل سه‌ید ئیبراهیم، جوتیار له گوندی عه‌لی سه‌رای كاكه‌یی به (كه‌ركوك ناو)ی وت “سنوره‌كه‌مان به‌رفراوانه و پێویستی به‌و هێزه‌ی حه‌شد هه‌به، بۆیه دوای كشانه‌وه‌یان ژیانمان ده‌كه‌وێته‌وه مه‌ترسی و داواده‌كه‌ین، بگه‌ڕێنه‌وه تا ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ی دروستده‌بێت پڕی بكه‌نه‌وه”.
قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی.