زه‌نگی تاقه‌ كه‌نیسه‌كه‌ی دیاله‌ لێده‌داته‌وه‌

December 26, 2018 at 8:50 pm

دیاله‌، كانونی یه‌كه‌می 2018، گه‌نجانی خۆبه‌خش كه‌نیسه‌ی به‌عقوبه‌ ئاوه‌دان ده‌كه‌نه‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – دیاله‌

له‌ كوڵانێكی كۆنی ناوه‌ڕاستی به‌عقوبه‌، ژاوه‌ژاوێكی نائاسایی له‌ خانویه‌كی چۆڵ و به‌جێهێڵدراوه‌وه‌‌ دێت، ئه‌و شوێنه كه‌ ده‌یان ساڵه‌ ده‌رگاكانی داخراوه‌، رۆژانێك جێی كۆبونه‌وه‌ی كریستیانه‌كانی شاره‌كه‌ بوو.

ده‌نگه‌ده‌نگه‌ به‌هۆی جموجۆڵی ژماره‌یه‌ك پۆلیسه‌وه‌ دروستبوو، له‌سه‌ر داوای فه‌رمانده‌كه‌یان كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی داروپه‌ردوی خانوه‌كه‌دا وه‌ستاوه‌، سه‌رقاڵی پاككردنه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ن.

كه‌نیسه‌ی (ئوم به‌شاره‌ ساڵحه‌)، به‌ر له‌وه‌ی ده‌رگاكانی به‌هۆی شه‌ڕ و ئاڵۆزی ئه‌وكاتی به‌عقوبه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای دیاله‌وه‌ دابخرێت، جێی سورته‌ ئاینییه‌كانی كریستیان بوو، دوای 15 ساڵ، هه‌وڵده‌درێت جارێكیتر زه‌نگی كه‌نیسه‌كه‌ بكه‌وێته‌ لێدان و هاوڵاتیانی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ كۆبكاته‌وه‌.

“دڵخۆشییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێمه‌ بتوانین ژیان بۆ تاكه‌ كه‌نیسه‌ی به‌عقوبه‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌ كه‌ ساڵانێكی درێژه‌ داخراوه‌” غالب عه‌تیه‌، عه‌قیدی پۆلیس له‌كاتی راسپاردنی كارمه‌نده‌كانی بۆ پاككردنه‌وه‌ی خانوه‌كه‌ وای وت.

پرۆژه‌ی دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی كه‌نیسه‌كه‌، به‌ راسپارده‌ی فه‌رمانده‌ی پۆلیس و هه‌ماهه‌نگی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ بوه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی و به‌شداریی پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی.

غالب عه‌تیه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌وه‌كرد، پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی پێشتر كاری مه‌یدانی هه‌بووه‌ له‌و بواره‌دا له‌رێی مه‌فره‌زه‌كانیانه‌وه‌، له‌پاڵ كاركردندا له‌و خانوه‌، فه‌رمانده‌كه‌ی پۆلیس وتی “به‌رنامه‌یه‌كمان هه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ عیراق و ئامانجی گه‌راندنه‌وه‌ی كه‌مایه‌تییه‌كانه‌ بۆ شاره‌كانی دیاله‌ و هاوكاریكردنیانه‌ به‌پێی توانا له‌پێناو دوباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و فره‌ییه‌ی یه‌كێك بوو له‌ جوانیه‌كانی پارێزگاكه‌”.

دیاله‌، كانونی یه‌كه‌می 2018، كاتی كاركردن له‌ پاككردنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی كه‌نیسه‌كه‌ی به‌عقوبه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

“ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی كه‌نیسیه‌كه‌ سه‌ره‌تای هه‌وڵێكی به‌رفراوانه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و پێكهاتانه‌ی كۆچیان كردوه‌ یان ژیانیان گواستۆته‌وه‌ بۆ شارێكی تر” به‌وته‌ی عه‌تیه‌.

كریستیانه‌كان، پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌نی عیراقن و به‌پێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەیان لە ملیۆنێك‌ و 500 هەزار كەسەوە بۆ 200-300 هەزار كەس كەمبۆتەوە.

ئه‌بو جۆرج، دانیشتوی به‌عقوبه‌ و دراوسێیه‌كی نزیكی كه‌نیسه‌یه‌كه‌، كاتێك لێدوانی بۆ (كه‌ركوك ناو) دا چاوه‌كانی پڕبون له‌ فرمێسك و وتی “هیچ شتێك نیه‌ به‌قه‌ت عیراق و به‌عقوبه‌ جوان بێت، ئه‌وه‌یه‌ وایكردووه‌ به‌رگه‌ بگرم و بمێنمه‌وه‌، سه‌رباری هه‌موو ته‌حه‌دیاته‌ ئه‌منییه‌كان”.

“زۆربه‌ی خێزانه‌ كریستیانه‌كان به‌ به‌عقوبه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان گواستیانه‌وه‌ له‌ ساڵانی رابردودا، به‌هۆكاری ئه‌منی و بارودۆخی دارایی له‌ به‌عقوبه‌ یان خانه‌قین، به‌ڵام ئومێدم هه‌یه‌ جارێكیتر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاری دایك و زێدی خۆیان” ئه‌بوجۆرج، كه‌ ئێستا له‌ شه‌سته‌كانی ته‌مه‌نیدایه‌ وای وت.

له‌ قه‌زای خانه‌قین-ی پارێزگای دیاله‌ش، تاكه‌ كه‌نیسه‌ی كریستیانەكانی خانەقین، دەیان ساڵە ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە‌ و هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە لە بۆنە‌و مەراسیمەكانیاندا، بە ناچاری روو لە ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان دەكەن.

سه‌ڵاح مه‌هدی، به‌رێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ دیاله‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ماوه‌ی ئاڵۆزییه‌ ئه‌منییه‌كانی دوای 2006 رۆڵی هه‌بوو له‌ كه‌مبونه‌وه‌ی ژماره‌ی كریستیانه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ به‌عقوبه‌ و شاره‌كانی تری دیاله‌”.

“ژماره‌ی كریستیانه‌كان ئێستا زۆر كه‌مه‌، به‌ڵام ئومێدمان هه‌یه‌ دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كه‌نیسه‌كه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تای رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان”.

داعش لە ساڵی 2014دا وێنەی روخاندن و لابردنی رەمزەكانی ناو پەرستگای ماركوركیسی لە موسڵ بڵاوكردەوە

مه‌هدی ده‌ڵێت، كریستیانه‌كان به‌شێكی سه‌ره‌كیین له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دیاله‌ و رۆڵی گرنگیان هه‌یه‌ له‌ مێژوی ئه‌و شاره‌كه، بۆیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان په‌یامێكه‌ به‌وه‌ی دوای چه‌ند ساڵێك له‌ ئاڵۆزی ئێستا سه‌قامگیری له‌ به‌عقوبه هه‌یه‌.

به‌عقوبه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای دیاله‌، دوای 2006 روبه‌ڕوی داڕوخانی ئه‌منی بوه‌وه‌، به‌هۆی گروپێكی مه‌ترسیداری رێكخراوی قاعیده‌وه‌ كه‌ ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر روبه‌رێكی به‌رفراوان له‌ شاره‌كه‌، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی تیرۆریی كه‌مایه‌تییه‌كانیان ده‌ستپێكرد.

ئه‌بو عومه‌ر، ماڵه‌كه‌ی نزیكی ئه‌و كه‌نیسه‌یه‌یه‌ بڕیاره‌ بنیاتبنرێته‌وه‌، وتی “هیچ جیاوازییه‌ك نیه‌ له‌ نێوان موسڵمان و كریستیانه‌كان له‌ به‌عقوبه‌”، بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌وه‌كرد “یاده‌وه‌رییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا له‌ بیرناكرێت و تائێستا ماونه‌ته‌وه‌”.

“ناوچه‌كه‌مان هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراقی تێدایه‌، بۆیه‌ زۆر دڵخۆش بوین به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كه‌نیسه‌كه‌ و هیوادارین جه‌ژنه‌كانی (له‌دایكبونی حه‌زره‌تی مه‌سیح) داهاتویان ببێته‌ ناونیشانی دڵخۆشی بۆ عیراقێكی نوێ كه‌ به‌ چه‌ند ساڵێكه‌ چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین”، ئه‌بو عومه‌ر واده‌ڵێت.

كریستیانەكان هاوشێوەی پێكهاتەی ئاینییەكانی تر، لەلایەن داعشەوە روبەڕوی پێشێلكاری بونەوە‌ و به‌هۆی فشاری ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا، له‌ ناوچه‌كانی خۆیان به‌ تایبه‌ت له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بون یان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆچیان كرد.

یه‌عقوب شه‌مه‌ری، مێژونوس ده‌ڵێت كه‌نیسه‌ی به‌عقوبه‌، خانویه‌كی ساده‌ی نیشته‌جێبونه‌ و پێشتر سروته‌ ئایینییه‌كانی تێدا ده‌كرا، به‌ڵام كه‌می ژماره‌ی كریستیانه‌كان و مه‌ترسی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان بونه‌ هۆی داخستنی.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ژماره‌ی كریستیانه‌كان به‌ به‌عقوبه‌ زۆر كه‌مه‌، ره‌نگه‌ به‌وته‌ی ئه‌و نه‌گاته‌ 20 خێزان، چونكه‌ زۆرینه‌یان له‌ ساڵانی توندوتیژییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان ئاواره‌ بون.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن