ئه‌منیه‌تی بازاڕه‌كانی كه‌ركوك ده‌درێته‌ كۆمپانیا
به‌بێ ئاگاداریی پۆلیس بووه‌ و دوكانداره‌كان رازی نین

January 4, 2019 at 9:01 pm

كه‌ركوك، كانونی یه‌كه‌می 2018، ئه‌منیه‌تی ژماره‌یه‌ك بازاڕی گشتی ده‌درێته‌ كۆمپانیای تایبه‌ت فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

كۆمپانیایه‌كی ئه‌منی تایبه‌ت، ئه‌ركی پاراستنی به‌شێك له‌ بازاڕه‌كانی كه‌ركوك ده‌گرێته‌ئه‌ستۆ و له‌ به‌رانبه‌ردا بڕه‌ پاره‌یه‌كی مانگانه‌ له‌ كاسبكاران وه‌رده‌گرێت، به‌بێ ئاگاداریی پێشوه‌خته‌ی پۆلیس، ئه‌وه‌ش بۆته‌ جێی ناڕه‌زایی خاوه‌نی دوكان و عه‌ره‌بانه‌كان.

به‌پێی به‌دواداچونێكی مه‌یدانی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو)، له‌ رۆژه‌كانی كۆتایی ساڵی 2018وه‌ پێنج بازاڕی سه‌ره‌كی له‌ناوشاری كه‌ركوك، به‌ دوكاندار و عه‌ره‌بانه‌ و مێزه‌ جێگیره‌كانی كاسبكارانه‌وه‌، شه‌وانه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای بابل بۆ پاسه‌وانی تایبه‌ت‌ ده‌پارێزرێن.

هه‌ردی نه‌به‌ز، له‌ شه‌قامی پزیشكانی كه‌ركوك و له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ جلوبه‌رگ ده‌فرۆشێت، پسوڵه‌یه‌كی راده‌ستكراوه‌ تا بڕی 15 هه‌زار دینار بدات، له‌پێناو مانگێكی پاراستنی عه‌ره‌بانه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیایه‌وه‌، “له‌كاتێكدا من هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانم ته‌نیا به‌های 200 هه‌زار دیناره‌” هه‌ردی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

ئه‌و كاسبكاره‌ی كه‌ركوك ده‌ڵێت كۆمپانیاكه‌ به‌ پاساوی “پاراستنی كەلوپەل و دوكانه‌كان لەهه‌ر حاڵەتێكی دزیكردن و ئەمنی پارە لە كاسبكاران و دوكاندارەكان وەردەگرن”، ده‌پرسێت “ئەی پۆلیس ئەركی چیە وا ئەم كارە كۆمپانیا دەیكات؟”.

ئەی پۆلیس ئەركی چیە وا ئەم كارە كۆمپانیا دەیكات؟

ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌، ئه‌و كۆمپانیایه‌ ده‌ستیكردوه‌ به‌ ئه‌ركه‌كانی بۆ پاراستنی بازاڕه‌كانی دۆمیز، شه‌قامی پزیشكان، شه‌قامی كۆماری، خانی گه‌وره‌ و شه‌قامی ئه‌تڵه‌س.

رێبوار فریاد، دوكاندارێكی شه‌قامی كۆمارییه‌ له‌ كه‌ركوك و ناڕازییه‌ له‌ پاسه‌وانی كۆمپانیاكه‌، بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ “من بڕی 25 هەزار دینارم داوە بە كۆمپانیای بابل بە بیانوی پاراستنی دوكانەكه‌م لە دزی، به‌ڵام چه‌ندین ساڵه‌ له‌و دوكانه‌م و دزیم لێنه‌كراوه‌”.

به‌بڕوای ئه‌و دوكانداره‌ له‌كاتێكدا پێویستی به‌ پاسه‌وانی نیه‌ و رازی نه‌بوه‌ پاره‌كه‌ بدات، به‌ڵام وه‌كو خۆی ده‌ڵێت “وتیان پێویستە هەر پارەكە بدەی ئەگەرنا ناتوانیت دوكانەكەت بكەیتەوە و ده‌بێت دایبخه‌یت”.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ مانگێكی پاسه‌وانی كۆمپانیاكه‌ وه‌ریده‌گرێت جیاوازی هه‌یه‌، له‌ نێوان 15 بۆ 30 هه‌زار دیناردایه‌، بۆ سه‌دان دوكان و عه‌ره‌بانه‌ و مێز له‌و بازاڕانه‌دا.

ژماره‌یه‌ك له‌كارمه‌ندانی كۆمپانیای بابل بۆ پاسه‌وانی تایبه‌ت فۆتۆ: په‌یجی كۆمپانیاكه‌ له‌فه‌یسبوك

عەمید ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “سەرەتا ئێمەش هەواڵمان لەو كۆمپانیایه‌ نەبوو، ئاگاداركراینەوە كۆمەڵێك چەكدار هاتونەتە شەقامی كۆماری كەركوك، كاتێك چوین؛ بەپرسی بەشی پاسەوانەكان لە كۆمپانیای بابل مۆڵەت و بەڵگەی كاركردنی پیشاندانین و وتیان بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆەوە رێگه‌ی كاركردنیان پێدراوه‌”.

“كۆمپانیاكه‌ له‌لایه‌ن هێزەكانی دژەتیرۆری عیراقی و هێزی نیشتمانی عیراقەوە ئەركدار كراون و مۆڵه‌تیان هه‌یه‌، بۆیه‌ كاركردنیان یاساییه‌ و.. له‌سەر داوای دوكاندار و خاوه‌ن عه‌رەبانه‌كان چونه‌ته‌ ئه‌و بازاڕانه‌”، به‌وته‌ی لێپرسراوه‌كه‌ی پۆلیس.

كۆمپانیاكه‌ له‌لایه‌ن هێزەكانی دژەتیرۆری عیراقی و هێزی نیشتمانی عیراقەوە ئەركدار كراون و مۆڵه‌تیان هه‌یه‌

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌یی راسته‌وخۆی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراقدایه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه‌ش حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیسی فیدراڵی تێدا جێگیركراوه‌، دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، به‌هۆی ئاڵۆزی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ده‌ره‌نجامی ریفراندۆمدا.

حاسم قه‌رداغ، لێپرسراوی پاسه‌وانانی شه‌فتی ئێواران له‌ كۆمپانیای بابل بۆ پاسه‌وانی تایبه‌ت ده‌ڵێت چه‌ندین ساڵه‌ له‌و بواره‌دا كارده‌كه‌ن و به‌(كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ئێستادا كه‌ ئەركداركراوین بۆ پاراستنی بەشێك لە بازاڕە گشتی و قەره‌باڵغەكانی كەركوك، له‌گه‌ڵ پۆلیس و دژەتیرۆری عیراق و پۆلیسی فیدراڵی هەماهەنگیمان هەیە و ئەوانیش ئاگاداری كارەكانی ئێمەن”.

“به‌چه‌ند ئامانجێك له‌ كه‌ركوك كارده‌كه‌ین، پاراستنی سه‌روماڵی هاوڵاتیان و ئه‌منیه‌تی شاره‌كه‌دا له‌هه‌ر حاڵه‌تێكی له‌ناكاودا”، قه‌رداغ ره‌تیكرده‌وه‌ سه‌ر به‌ هیچ هێزێكی سه‌ربازی بن وه‌كو به‌شێك له‌ میدیا و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی ئه‌و وێنانه‌ی كارمه‌ندان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كۆمپانیاكه‌ كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌پاڵ وێنه‌ و دروشمی تایبه‌ت به‌ مه‌زهه‌ب و هێزێكی دیاریكراوی چه‌كداری وێنه‌یان گرتووه‌.

هه‌روه‌ها كۆمپانیا بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونیاندا، هه‌لی كاریان ره‌خساندووه‌ بۆ گه‌نجانی كه‌ركوك، “گه‌نجانی عه‌ره‌ب، توركمان و كورد بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی ده‌توانن لای ئێمه‌ ببنه‌ پاسه‌وان”.

دوابه‌دوای ده‌ستبه‌كاربونی ئه‌و كۆمپانیایه‌، ده‌نگۆی ئه‌وه‌بڵاوبۆوه‌ له‌نێو گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌ركوكیشدا، هاوشێوه‌ی بازاڕه‌كان كه‌رتی تایبه‌ت پاسه‌وانی بكه‌ن و مانگانه‌ پاره‌ له‌خه‌ڵك وه‌ربگرن.

لێپرسراوه‌كه‌ی كۆمپانیای بابل وتی “ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان داوابكه‌ن بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانیش به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ده‌یانپارێزین”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن