هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ (كه‌ركوك ناو): له‌ هه‌ڵمه‌ته‌‌كانی عیراق دژ به‌ داعش میوانین

January 15, 2019 at 10:33 am

عیراق/سه‌ربازێكی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش له‌ نێو فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ ئاسمانی عیراقه‌وه چاودێری ده‌كات فۆتۆ: راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانان

كه‌ركوك ناو

وتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ (كه‌ركوك ناو)، جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی، هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عیراق و لە چوارچێوەی دامەزراوە عیراقییەکاندا وەکو میوان بەشداری ده‌كه‌ن لە هەڵمەتێکی ناوچەییدا بۆ شکستپێهێنانی هەمیشەیی داعش.

ئه‌و لێدوانه‌ی عەقید شۆن ڕایان، له ‌وه‌ڵامی پرسیارێكی (كه‌ركوك ناو)دا هات له‌ڕێی ئیمه‌یڵه‌وه‌، سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لە جوڵەپێکردن و زیادکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن بۆ هەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکوک.

ناوبراو وتی “ئێمە لە چوارچێوەی دامەزراوە عیراقییەکاندا وەکو میوان و بەشدار له‌ هەڵمەتێکی ناوچەییدا بۆ شکستپێهێنانی هەمیشەیی داعش کاردەکەین و لەبەر هۆکار و مەبەستی ئاسایشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان، ئێمە باسی جوڵە دیاریکراوه‌كانی یەکە سەربازییەکانمان، خشتە و کاتەکانیان، یان سروشتی کارەکانمان ناکەین”.

وتیشی “لەگەڵئەوەشدا ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عیراق چەندینجار توانا و پیشەگەرێتی خۆیان و سوربونیان پیشانداوە بۆ ئاسایشی ناوخۆیی و هەرێمایەتی، وایانلێدەکات ئەو هەڕەشەیەی لەلایەن داعشەوە بۆ سەر هاوڵاتیانی سڤیل هەیە بەرپەرچیبدەنەوه‌ و تێکیبشکێنن”.

هێزی زیاتری ئه‌مریكا هێنراونه‌ته‌ كه‌ركوك؟

پێشتر، وته‌بێژی پۆلیسی که‌رکوک و فه‌رمانده‌یه‌ک له‌ دژه‌ تیرۆری عیراق، ره‌تیانكرده‌وه‌ ئه‌مریکا هێزی زیاتری ره‌وانه‌ی سه‌ربازگه‌ی که‌یوانی كه‌ركوك کردبێت و جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ته‌نیا ئاڵوگۆڕی سه‌ربازه‌کانیان بووه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌واڵی زیادكردنی هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كانیان له‌ كه‌ركوك بڵاوكرده‌وه‌.

عەقید ئەفراسیاو کامیل، وته‌بێژی پۆلیسی که‌رکوک له‌ لێدوانێکی تایبه‌تدا بۆ (که‌رکوک ناو) وتی “لەچەند رۆژی رابردودا هێزێکی ئەمریکی هاتوونەتە سەربازگەی کەیوان، هاتنى ئەو هێزە له‌ چوارچێوەی ئاڵوگۆڕدا بووه‌ هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، لە سەرەتای ئەمساڵیشدا ئەمریکا ئاڵوگۆڕی بە هێزەکانی لە سەربازگەی کەیوان کردووە”.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌ک که‌ لێپرسراوێتی هه‌یه‌ له‌ دژه‌ تیرۆری عیراق به‌هه‌مان شێوه‌، جه‌ختیکرده‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی رویداوه‌ ته‌نیا ئاڵوگۆڕی سه‌ربازه‌کانیان بووه‌ و هێز زیادنه‌کراوه‌.

سه‌ربازگه‌ی که‌یوان به‌دوری 15کم ده‌که‌وێته‌ باکوری خۆرئاوای که‌رکوک و له‌ ئێستادا جگه‌ له‌ هێزه‌کانی حکومه‌تی عیراق، به‌شێک له‌ سه‌ربازه‌کانی ئه‌مریکاش لێی جێگیرن.

هه‌روه‌ها چه‌ند رۆژێكه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌واڵی ره‌وانه‌كردنی هێزی هاوپه‌یمانان بۆ موسڵ و سه‌ڵاحه‌دین بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌منی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، سه‌ره‌تای هه‌م ئه‌فته‌یه‌  له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ته‌واوی ئه‌و زانیارییانه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و ئه‌و ده‌زگایانه‌ ده‌یانه‌وێت بۆ به‌ناوبانگ بونی خۆیان هه‌واڵی له‌و شێوه‌یه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن