شه‌ما شنگالی – نه‌ینه‌وا
“وه‌ك دایكێك ئازاری زۆر ده‌كێشم، كاتێك به‌و شێوه‌یه منداڵه‌كانم ده‌بینم له خوێندن ده‌گه‌ڕێنه‌وه”، مونیفه یوسف به‌كر، خه‌ڵكی سنونێ و دایكی دوو خوێندكار، زیاتر وتی “15 خولهك به‌پێ و 14كم به پاس هاتوچۆ ده‌كه‌ن تا ده‌گه‌نە خوێندنگه‌كه‌یان”، قوتابخانەیەک كه له‌بری حكومه‌ت خۆبه‌خشه‌كان به‌ڕێوه‌یده‌به‌ن.
دوو منداڵه‌كه‌ی مونیفه كه له قۆناغی سه‌ره‌تایین، هه‌موو رۆژێك كاتژمێر حه‌وت و نیو ماڵ بەجێدههێڵن، بۆ ئه‌وه‌ی كاتژمێر هه‌شت بچنه پۆله‌وه، دوری خوێندنگه، كه‌می مامۆستا و وێرانه‌یی خوێندنگه‌كان بۆته كێشه‌كه‌ی گه‌وره بۆ ئه‌و دوو خوێندكاره و كۆی پرۆسه‌ی خوێندن له ته‌واوی شنگال، باكوری خۆرئاوای موسڵ.
مونیفه ئێستا خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌وه‌یه چۆن منداڵه‌كانی به‌باشی قۆناغه‌كانی ببڕن، له‌و ناوچه‌یه‌ی كه تا دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر مۆڵگه‌ی چه‌كدارانی داعش بوو.
“رۆڵه‌كانم له‌ڕوی ده‌رونیی و جه‌سته‌ییه‌وه روبه‌ڕوی بارگرانیی و ناخۆشی ده‌بنه‌وه و زۆر ماندوده‌بن، رێگاكه زۆر دوره و باش فێرنابن… ئه‌مڕۆ (8ی كانونی دووه‌م) كوڕەكهم كاتێك گه‌یشته‌وه ماڵ ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی جله‌كانی بگۆڕێت و نانیش بخوات كه‌وته خه‌وێكی قوڵه‌وه”، مونهیفه زیاتر وتی، “كاتێك ئه‌و دیمه‌نانه ده‌بینم، وه‌ك دایكێك ئازاری زۆر ده‌كێشم بۆ منداڵه‌كانی خۆم و منداڵانی تریش”.

نه‌ینه‌وا/ كانونی یه‌كه‌می 2018/ هێشتا نزیكه‌ی 50 هه‌زار خوێندكاری قه‌زای شنگال له ئاواره‌ییدا ده‌خوێنن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو
مونیفه كه له گوندێكی ده‌وروبه‌ری ناحیه‌ی سنونێ نیشته‌جێیه، به‌و شێوه‌یه باسی ناههمهتییهكانی پرۆسه‌ی خوێندن ده‌كات له شنگال كه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئێزیدین.
سنونێ ناحیه‌یه‌كی سه‌ر به قه‌زای شنگالە و ده‌رگای خوێندنگه‌كانی واڵاكراون بۆ خوێندكارانی ئه‌و گوندانه‌ی كه تازه له ئاواره‌ییدا گه‌ڕاونه‌ته‌وه زێدی خۆیان.
ئه‌و گوندانه قوتابخانەکانیان له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش (2014 – 2015) وێرانكراون، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆریان مامۆستاكانیان هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه و له ئاواره‌یدا له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و كه‌مپه‌كانی ئه‌و پارێزگایانه نیشته‌جێن، ئه‌وه‌ش كێشه‌ی گه‌وره‌ی پرۆسه‌ی خوێندنه.
ئه‌م كێشه‌یه نمونه‌یه‌كه بۆ ته‌واوی پرۆسه‌ی خوێندن له شنگال و ده‌وروبه‌ری، كه دانیشتوانه‌كه‌ی لانیكه‌م 230 هه‌زار كه‌س بون به‌ر له هێرشی داعش.
عالییه داود خدیدا، (16 ساڵ)، كچه خوێندكارێكی چواری زانستی، خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سور، رۆژانه بۆ خوێندن ده‌چێته ناحیه‌ی سنونێ و ده‌ڵێت روبه‌ڕوی زۆر ناڕەحهتی ده‌بنه‌وه، به‌تایبه‌ت رۆژانه له پاسێكدا هاتوچۆ ده‌كه‌ن وه‌ك خۆی ده‌ڵێت “25 كورسی تیایه، به‌ڵام نزیكه‌ی 50 خوێندكار سه‌رده‌كه‌ون”.
لانیكه‌م رۆژانه 400 خوێندكار له كۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سوره‌وه بۆ سنونێ به‌پاس هاتوچۆ ده‌كه‌ن، كه دوری نێوانیان نزیکەی 10كم.
عالییه وتی، “خوێندنگه‌كانمان وێرانه‌ن، به‌ر له ساڵی 2014، مامۆستای پێویستمان هه‌بوو، ئه‌وكات فێركردن باشتر بوو و باشتر تێده‌گه‌یشتین، ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا كاریگه‌ری له‌سه‌رمان هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر نمره‌كانمان و بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی وزارییان هه‌یه”.
خوێندنگه‌كانمان وێرانه‌ن، به‌ر له ساڵی 2014، مامۆستای پێویستمان هه‌بوو، ئه‌وكات فێركردن باشتر بوو و باشتر تێده‌گه‌یشتین
له كۆی 169 خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندیی و ئاماده‌یی به‌ر له هێرشی داعش بۆ شنگال، ئێستا ته‌نیا ده‌رگای 29 خوێندنگه كراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێكی په‌روه‌رده‌ی شنگال.
عه‌دنان مهێدی سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكه كه ئاماره‌كه‌ی داوه به (كه‌ركوك ناو)، وتی “له‌سه‌دا 80ی خوێندنگه‌كان كاری نۆژەنكردنهوهی تیاده‌كرێت.
عه‌دنان مهێدی سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكه كه ئاماره‌كه‌ی داوه به (كه‌ركوك ناو)، وتی “له‌سه‌دا 80ی خوێندنگه‌كان كاری نۆژەنكردنهوهی تیاده‌كرێت، ئێستا كێشه‌ی میلاكمان هه‌یه، چونكه مامۆستاكان ئاواره‌ن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ناتوانین ناچاریان بكه‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌توانین ئاسایش و شوێنی نیشته‌جێبون و خزمه‌تگوزاریان بۆ دابینبكه‌ین”.

نه‌ینه‌وا/كانونی یه‌كه‌می 2018/ لانیكه‌م 400 وانه‌بێژی خۆبه‌خش سێ ساڵه له خوێندنگه‌كانی شنگال و ده‌وروبه‌ری وانه ده‌ڵێنه‌وه و به‌هۆیه‌وه نه‌یانهێشت پرۆسه‌ی خوێندن بوه‌ستێت فۆتۆ: كه‌ركوك ناو
له ئێستادا، 105 مامۆستای سه‌ر به وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق له خوێندنگه‌كانی شنگال و ده‌وروبه‌ری وانه به 10 هه‌زار خوێندكار ده‌ڵێنه‌وه، له‌كاتێكدا پێشتر دوو هه‌زار و 850 مامۆستا وانه‌یان به لانیكه‌م 60 هه‌زار خوێندكار ده‌وته‌وه، هه‌ر به‌پێی ئاماری په‌روه‌رده‌ی شنگال.
ناوه‌ڕاستی مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2018، نه‌وفل حه‌مادی، پارێزگاری نه‌ینه‌وا، سه‌ردانی قه‌زای شه‌نگالی كرد و له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا بڕیاریدا مۆڵه‌تێكی كاتی (یه‌ك هه‌فته) بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایانه دیاریبكات كه به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه له 2014ەوه ئاواره‌بون، به‌پێچه‌وانه‌وه ههڕەشهی فهسڵكردنی لێ‌كردن، به‌ڵام دواتر حكومه‌تی عیراق ئه‌و بڕیاره‌ی پارێزگاری نه‌ینه‌وای هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
پۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه له مامۆستا، په‌روه‌رده‌ی شنگال 423 وانه‌بێژی خۆبه‌خشی له خوێندنگه‌كانی سه‌ر به قه‌زاكه هه‌یه.
خه‌ڵه‌ف قاسو سمو، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی سێ ساڵه به خۆبه‌خش له قوتابخانه بلستانی سه‌ره‌تایی كچان له كۆمه‌ڵگه‌ی دهۆڵا وانهبێژە، وتی “له‌وكاته‌وه‌ی شنگال كۆنترۆڵكراوهتهوه – كۆتایی 2015 – هیچ یه‌كێك له خۆبه‌خشه‌كان دانه‌مه‌زرێنراون و بێبه‌رامبه‌ر وانه ده‌ڵێینه‌وه، كێشه‌ی پێداویستی خوێندنگه‌كانمان هه‌یه، هه‌روه‌ها نه‌وت نییه و پۆله‌كان زۆر ساردن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر حه‌ز و وره‌ی خوێندكاران هه‌یه بۆ خوێندن و دۆخیان ناجێگیره”.
كێشه‌ی پێداویستی خوێندنگه‌كانمان هه‌یه، هه‌روه‌ها نه‌وت نییه و پۆله‌كان زۆر ساردن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر حه‌ز و وره‌ی خوێندكاران هه‌یه بۆ خوێندن
ئێستا 48 هه‌زار خوێندكاری شنگال كه زۆرینه‌یان ئێزیدین، له ئاواره‌ییدا ده‌خوێنن، له نێو 21 كه‌مپ له پارێزگای دهۆك یان ناو شاری دهۆك، هه‌روه‌ها له ده‌شتی نه‌ینه‌وا و كه‌مپه‌كانی.
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی شنگال، وتی “نه‌بونی توانای دارایی بۆ پێدانی كرێی وانه‌بێژ و خه‌رجی خوێندنگه‌كان كێشه‌ی بۆ دروستكردوین… هۆكاری نه‌كردنه‌وه‌ی قوتابخانە داخراوه‌كان نه‌بونی میلاكه، ئه‌وانه‌شی كراونه‌ته‌وه له‌ڕێی 423 وانه‌بێژ و 105 مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌ره‌وه بهڕێوهدهبڕین”.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش په‌روه‌رده‌ی شنگال، ناوه‌ندێكی بۆ به‌هێزكردنی توانای خوێندكارانی شه‌شه‌می ئاماده‌یی كردۆته‌وه بۆ ماوه‌ی 45 رۆژ، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوا قۆناغی خوێندنیانه ئه‌مساڵ چاره‌نوسیان له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان دیاریده‌كرێت.
په‌روه‌رده‌ی شنگال، خوێندكاران و كه‌سوكاری خوێندكاران، هه‌مویان داوای چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌كه ده‌كه‌ن كه له‌و قه‌زایه روبه‌ڕوی پرۆسه‌ی خوێندن بۆته‌وه، داواكه له‌كاتێكدایه هێشتا كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت پێكنه‌هێنراوه و وه‌زیری نوێی په‌روه‌رده‌ش ده‌ستیله‌كاركێشاوه‌ته‌وه.
به‌ڵام له‌و نێوه‌نده‌دا، مونیفه ئه‌و خاتونه‌ی رۆژانه چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی دوو منداڵه‌كه‌ی ده‌كات له خوێندنگه‌وه بۆ ماڵەوە، وتی “ئه‌وه‌ی نابێت له‌بیربكرێت هه‌وڵی ئه‌و گه‌نجه خۆبهخشانهمانه كه نایانه‌وێت پرۆسه‌ی خوێندن بكه‌وێت و منداڵه‌كانمان نه‌خوێنده‌واربن”.