رزگاربوانی ئێزیدیی دوو ساڵه‌ چاوه‌ڕێی پارچه‌ زه‌وییه‌ك ده‌كه‌ن

January 25, 2019 at 3:50 pm

لالش، 19-4-2017، مەراسیمی ئاینی ئێزیدییەكان لە بۆنە ی"چوارشەممەی سور"دا فۆتۆ: موهەنەد شەنگالی

عه‌ممار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

رزگاربوانی ئێزیدی ژێر ده‌ستی داعش، دوو ساڵه‌ چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنی پارچه‌یه‌ك زه‌ویی نیشته‌جێبون ده‌كه‌ن به‌پێی بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكی كرده‌یی نه‌نراوه‌.

له‌ ئایاری 2017دا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، بڕیاریدا به‌ تەرخانكردنی پارچە زەوی بەسەر ئەو ئێزیدییانەی لە دەستی داعش رزگاربون، بە ئامانجی ئەوەی شاری موسڵ یان عیراق بەرەو وڵاتانی تر بەجێنەهێڵن.

دوای نزیكه‌ی دوو ساڵ له‌و بڕیاره‌، هیچ واده‌یه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنی دیارنیه‌، سه‌رباری جه‌ختكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن له‌ به‌دواداچونی ئه‌و هه‌نگاوه‌، به‌ڵام شاره‌وانی موسڵ چاوه‌ڕێی ره‌زامه‌ندی كۆتایی حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌كات.

ه‌وه‌ هاوكارییه‌كی باشه‌ بۆ ئێمه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ش بوو به‌ خه‌ون، ته‌نیا قسه‌یه‌ك بوو و جێبه‌جێنه‌كرا

خالید خه‌ڵه‌ف شه‌مۆ (24 ساڵ)، له‌و ساڵه‌دا بڕیاره‌كه‌ ده‌ركرا له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگاری بوو، ئومێدی هه‌بوو به‌پێدانی پارچه‌ك زه‌وییه‌ك كه‌مێك له‌ مه‌ینه‌تییه‌كانی كه‌مبێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا بۆته‌ خه‌ونێك.

“ئه‌و ساڵه‌ی رزگاربووم وتیان بڕیاردراوه‌ پارچه‌ زه‌وی به‌سه‌ر رزگاربوانی ژێر ده‌ستی داعش دابه‌شده‌كرێت، ئه‌وه‌ هاوكارییه‌كی باشه‌ بۆ ئێمه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ش بوو به‌ خه‌ون، ته‌نیا قسه‌یه‌ك بوو و جێبه‌جێنه‌كرا” خالید شه‌مۆ وای وت.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ له‌وه‌ی رزگاری بووه‌، به‌وته‌ی خۆی ته‌نیا 500 هه‌زار دینار هاوكاری كراوه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێت “بێ هیوابوین و باوه‌ڕناكه‌م پارچه‌ زه‌وی وه‌ربگرین، چونكه‌ هه‌موولایه‌ك ئێمه‌ی پشتگوێخستووه‌”.

نه‌ینه‌وا، كانونی یه‌كه‌می 2018، كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌ن

له‌ كۆی زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار ئێزیدیی رفێنراو له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، تائێستا زیاتر له‌ سێ هه‌زار كه‌س به‌ ژن و پیاو و منداڵ رزگاركراون، به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدیی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان.

سه‌یدۆ چه‌تۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا كه‌ له‌ هه‌مان پێكهاته‌یه‌ و ساڵی رابردوو له‌و پۆسته‌دا ده‌ستبه‌كاربوو، ده‌ڵێت بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن دراوه‌ته‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بۆ جێبه‌جێكردن، بۆ (كه‌ركوك ناو) زیاتر رونیكرده‌وه‌ “زه‌وییه‌كان له‌ موسڵ دابه‌شده‌كرێن، به‌جۆرێك له‌ خێزانێكدا سێ تا چوار خوشك پێكه‌وه‌ رزگاركرابن ته‌نیا یه‌ك كه‌س زه‌وی وه‌رده‌گرێت، واته‌ هه‌ر خێزانێك ته‌نیا پارچه‌یه‌ك زه‌وی پێده‌درێت”.

به‌وته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، واده‌ی دابه‌شكردنی زه‌ویی دیارنیه‌، به‌ڵام بریارێكه‌ و پێویسته‌ جێبه‌جێبكرێت، “هه‌موو رزگاركراوه‌كان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ به‌ وردی به‌دواداچون بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌م تا ده‌گه‌مه‌ ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ر”.

تازه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌رچووه‌ و ده‌بێت زه‌ویی هه‌ر دابه‌شبكرێت

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی ‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌ لەلایەن داعشەوە و روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بونەوە دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال (بەدووری 120 لە خۆرئاوای موسڵ) لە 3ی ئابی 2014، كه‌ لە 13ی تشرینی دووەمی 2015دا كۆنتڕۆڵكرایەوە.

به‌ره‌كات شه‌مۆ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “به‌دواداچونمان كردووه‌ له‌گه‌ڵ كارگێڕیی پارێزگای موسڵ و شاره‌وانی بۆ بڕیاره‌كه‌، شاره‌وانی ده‌ڵێت ئێمه‌‌ زه‌وییان نیه‌ و ناتوانن هه‌ر رزگاربویه‌ك زه‌وی پێبده‌ن”.

“شاره‌وانی وتیان ئه‌گه‌ر 10 یان 20 پارچه‌ زه‌وی بێت ده‌توانن به‌ڵام زه‌حمه‌ته‌ هه‌زار یان دوو هه‌زار زه‌وی نیشته‌جێبون ته‌رخانبكه‌ن له‌ ئێستادا و پلانی درێژخایه‌نی ده‌وێت”.

نه‌ینه‌وا، ئه‌یلولی 2018، به‌ری راستی موسڵ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه‌ بڕیاره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌موسڵ زه‌وییه‌كان دابه‌شبكرێن نه‌ك شنگال، تا رزگاربوانی ئێزیدیی بتوانن قازانجێكی زیاتر له‌ زه‌وییه‌كه‌ بكه‌ن، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ “تازه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌رچووه‌ و ده‌بێت زه‌ویی هه‌ر دابه‌شبكرێت”.

جگه‌ له‌ قوربانیانی ئێزیدیی، چه‌ندین چین و توێژی تری زیانلێكه‌وتوی هێرشی داعش و شه‌ڕی هێزه‌ عیراقییه‌كان داوای قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ و پێدانی زه‌ویی ده‌كه‌ن، به‌هۆیی ئه‌و زیانه‌ زۆره‌ی به‌ر موسڵ و نه‌ینه‌وا به‌ گشتی كه‌وت.

عه‌لا حه‌یده‌ری، لێپرسراوی راگه‌یاندنی شاره‌وانی موسڵ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌مێژه‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ ئێمه‌ گه‌یشتوه‌ به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی دابه‌شكردنی زه‌وی له‌ ده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقدایه‌، هه‌ركات ئه‌وان بڕیاربده‌ن بێ دودڵی زه‌وی دابه‌شده‌كه‌ین”.

هه‌ركات حكومه‌تی عیراقی بڕیاربده‌ن بێ دودڵی زه‌وی دابه‌شده‌كه‌ین

وه‌كو ئاماده‌كارییه‌ك تا گه‌یشتنی ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی ناوه‌ندی، شاره‌وانی موسڵ تاوتوێی پلانێك ده‌كات به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن موڵكه‌كانی شاره‌كه‌دا، بۆ دیاریكردنی شوێن و ته‌رخانكردنی زه‌وی نیشته‌جێبون، به‌وته‌ی حه‌یده‌ری.

هه‌روه‌ها وتی “لیژنه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری نیشته‌جێبون له‌ به‌غدا، داوایان له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی كردووه‌ بڕیاری ته‌رخانكردنی زه‌وی نیشته‌جێبون بدات بۆ ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی شایه‌نی رێزلێنانن، رزگاربوانی ئێزیدییش لای ئێمه‌ جێگه‌ی رێز و شایه‌نی باشترین خزمه‌تگوزاریی و هاوكارین”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن