زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانی خانه‌قین بێناز كه‌وتوون

January 25, 2019 at 10:13 pm

دیاله‌، 2018، زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی گوندی مه‌ردان به‌بێ خزمه‌ت ماونه‌ته‌وه‌ فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – دیاله‌

روبه‌رێكی به‌رفراوان له‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانی خانه‌قین به‌بێ به‌رهه‌م و خزمه‌ت ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش‌ به‌ دوو هۆكار، به‌شێكیان په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاواره‌بونی جوتیاران دوای زیادبونی روداوه‌ ئه‌منییه‌كان و كێشه‌یه‌كی تری سه‌ره‌كیش ململانێی خاوه‌ندارێتی ناوچه‌كه‌یه‌، كه‌ مێژویه‌كی دورودرێژی هه‌یه‌ و سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌.

روداوه‌كان ئه‌منییه‌كان، له‌ نێویاندا هێرشی چه‌كداری و بۆمبی چێنراو، له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا بۆته‌ هۆكاری چۆڵبونی چه‌ندین گوند، سه‌رباری به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان و هه‌بونی چه‌ندین هێز له‌و سنوره‌دا.

دوایین روداو شه‌وی رابردوو 24ی كانونی دووه‌مبوو له‌ گوندی چوده‌ له‌ خۆرئاوای خانه‌قین، دوای ده‌ستڕێژ له‌ خاڵێكی سه‌ربازی پۆلیسی فریاكه‌وتن، پێكدادان رویداوه‌ و دواتر كۆتایی به‌ بارگرژییه‌كه‌ هات، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بۆ (كه‌ركوك ناو).

ده‌یان گوندی كشتوكاڵی سنوری خانه‌قین-ی باكوری دیاله‌، بڕیاریانداوه‌ له‌نێو خۆیاندا ئه‌ركی پاسه‌وانی و پاراستنی ناوچه‌كه‌یان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن، به‌ ئامانجی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی جموجۆڵه‌ چه‌كدارییه‌كانی قه‌زاكه‌ و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كاندا.

بژێوی ژیانم لەسەر زەوی كشتوكاڵی و كاری جوتیاری بوو

سالار هەمەوەندی، جوتیارێكی ئاواره‌ی گوندی مەردانه‌ له‌ خانه‌قین، به‌هۆی مه‌ترسی ئه‌منییه‌وه‌ وه‌كو خۆی ده‌ڵێت چه‌ندین مانگه‌ زێدی خۆی جێهێشتووه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بژێوی ژیانم لەسەر زەوی كشتوكاڵی و كاری جوتیاری بوو، بەڵام پاش كوشتنی ژمارەیەك كەس لە گوندەكەمان و هەروەها تەقینەوە و بۆمبی چێنراو ته‌واوی دانیشتوانی مەردان ئاواره‌بون”.

به‌وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییه‌، دوای ئاواره‌بون و به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌ته‌وه‌، ته‌واوی به‌رهه‌می زه‌ویه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان له‌ناوچون.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له‌ سنوری خانه‌قین، دوو گوند به‌ ته‌واوی چۆڵبون له‌ نێویاندا مه‌ردان، یه‌كێكی دیكه‌ش زیاتر له‌ نیوه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌هۆی روداوی ئه‌منیه‌وه‌ رۆیشتون.

رزگار فه‌رمان، سه‌رۆكی هۆزی هه‌مه‌وه‌ند له‌ خانه‌قین یه‌كێكه‌ له‌ زیانلێكه‌وتوانی روداوه‌ ئه‌منییه‌كان له‌و سنوره‌دا و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ته‌نیا بنەماڵەكەی خۆم سێ قوربانیمان هه‌یه‌، برایه‌كه‌م و هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كوڕێكی مامم له‌ گوندی مه‌ردان شه‌هید بون”.

دیاله‌، 2018، گوندی مه‌ردان كه‌ به‌هۆی روداوه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ به‌ته‌واوی چۆڵبون فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ گونده‌كانی خانه‌قینه‌وه‌ ئاواره‌بون، جوتیار بون و له‌ ئێستادا دوور له‌ زێدی خۆیان بێكارن، بۆیه‌ سه‌رۆكی هۆزی هه‌مه‌وه‌ند به‌پێویستیزانی تا زووه‌ هه‌وڵی پاراستنیان بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بگه‌ڕێنه‌وه‌.

گوندی مه‌ردان، به‌دوری 13كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای خانه‌قین له‌ نزیك روباری ئه‌ڵوه‌ن، چه‌ندین روداوه‌ی ئه‌منی له‌ یه‌ك ساڵی رابردودا تێدا تۆماركراوه‌.

به‌وته‌ی رزگار فه‌رمان، كێشه‌كانی ئه‌و سنوره‌ ته‌نیا ئه‌منی نیه‌ و ماوه‌ی ساڵێكه‌، كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانیش سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب به‌پاساوی ئه‌وه‌ی گرێبه‌ستیان هه‌یه‌، داوا ده‌كه‌ن له‌ سنوره‌كه‌دا ده‌ستبكه‌نه‌وه‌ به‌ كشتوكاڵ، به‌ڵام “گوندنشینەكان و جوتیاران زەوییەكانیان ڕادەستی عەرەبە هاوردەكان نەكرد”.

سه‌دان دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی و نیشته‌جێبون له‌ سنوری خانه‌قین، كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، به‌وته‌ی لێپرسراوان و هاوڵاتیانی كورد، له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌عس له‌وان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ و دراوه‌ته‌ به‌و هاوڵاتییه‌ عه‌ره‌بانه‌ی له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌وه‌ ره‌وانه‌ی شاره‌كه‌ كراون.

له‌ دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەره‌وه‌ ژمارەیەك جوتیاری عەرەب داوای زەوییە كشتوكاڵییەكان دەكەن

له‌ دوای روخانی رژێمی به‌عس له‌ 2003، زۆربه‌ی خێزانه‌ كورده‌ راگوێزراوه‌كان گه‌ڕێندرانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان و عه‌ره‌بی هاورده‌ش ره‌وانه‌ی ناوچه‌كانی پێشتریان كرانه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردولا به‌پاره‌ و زه‌وی قه‌ره‌بووكرانه‌وه‌.

سەمیر محه‌مەد، سه‌رۆكی  سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەره‌وه‌ ژمارەیەك جوتیاری عەرەب ناوبەناو دێن بۆ گوندەكان و داوا زەوییە كشتوكاڵییەكان دەكەن كە دوای 2003 جێیانهێشت به‌ڵام تائێستا گرێبه‌سته‌كانیان به‌ناوی ئه‌وانه‌وه‌یه‌”.

له‌ دوای 2003وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌، لێپرسراوانی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی هه‌وڵی جدییان نه‌داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كۆتایی كێشه‌ی زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كان، ئاماژه‌ی به‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یشی كرد له‌ تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردودا، كه‌ تێیدا داوایه‌ك نێردراوه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵیه‌كان بۆ جوتیارانی كورد.

دیاله‌، كانونی دوه‌می 2019، سه‌نگه‌ری هێزه‌كانی پۆلیسی له‌گوندی محه‌مه‌د شیربه‌گی خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

“له‌ دوای ساڵی 1976وه‌ و بۆ گۆڕینی دیموگرافیای خانه‌قین گرێبه‌ستی زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كانی كورد بۆ هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب كراوه‌” سه‌میر محه‌مه‌د واده‌ڵێت.

به‌پێی ئامارێكی به‌شی زه‌ویی كشتوكاڵی له‌ هۆبه‌ی كشتوكاڵی خانه‌قین بۆ (كه‌ركوك ناو)، له‌ ساڵانی 1976 تا 2003 زیاتر له‌ دوو هه‌زار گرێبه‌ستی زه‌ویی كشتوكاڵی بۆ هاوڵاتیان عه‌ره‌ب كراوه‌، دوای پرۆسه‌ی راگواستنی هاوڵاتیانی كورد له‌و سنوره‌دا، ئه‌وه‌ش به‌ تایبه‌ت له‌ خانه‌قین، ناحیه‌كانی مه‌یدان و قۆره‌توو.

هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە (كەركوك ناو)ی وت “له‌سه‌ر ئەو بابەتە دەیان نوسراوی فەرمیمان كردووە بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوه‌ری عیراق و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی كۆمار و بەرێوبەرایەتی كشتوكاڵی دیالە”.

پێشیوایه‌ ته‌نیا چاره‌سه‌ری كۆتایی بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراقه‌.

ساڵی رابردوو، ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عیراق داوای كاراكردنه‌وه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری كرد، ئه‌وه‌ش له‌ نوسراوێكیدا بۆ دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی كه‌ركوك، كه‌ كێشه‌ی زۆرینه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان پێویسته‌ له‌رێی ئه‌و مادده‌یه‌ یه‌كلاییبكرێته‌وه‌.

ته‌نیا چاره‌سه‌ری كۆتایی بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوره‌

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ هۆبه‌ی كشتوكاڵی خانه‌قین كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “فشارێكی زۆر لەسەرمان هەیە بۆ بابه‌تی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە نێوان جوتیارانی عەرەب و كورد، بەڵام لە هەوڵی بەردەوامین كێشەكان گەورە نەبێت و سڕیان بكەین”.

كێشه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان، ته‌نیا له‌ خانه‌قین نیه‌، ساڵی رابردودا له‌ كه‌ركوك و دوزخورماتووش سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ سنوری داقوق ئاڵۆزی و بارگرژیی به‌دوای خۆیدا هێنا.

قه‌زای خانه‌قین له‌ باكوری پارێزگای دیاله‌، یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك و زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن، له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ عه‌ره‌ب و توركمان.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن