ورده‌كاریی هه‌ڵاتنی زیندانییه‌ك له‌ كه‌ركوك
به‌رێوه‌به‌رێكی پۆلیس له‌گه‌ڵ 22 ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ند ده‌ستگیركراون

January 27, 2019 at 1:47 pm

كه‌ركوك، 26ی كانونی دوه‌می 2019، خۆپیشاندانی كه‌سوكاریی دوو قوربانی له‌به‌رده‌م بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوا دژی هه‌ڵاتنی زیندانییه‌ك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك
تۆمه‌تبارێك به‌ كوشتنی دوو هاوڵاتی، له‌ گرتوخانه‌ی بنكه‌یه‌كی پۆلیسی كه‌ركوك هه‌ڵات، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی كه‌سوكاری قوربانیانی لێكه‌وته‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیشدا، ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندی ئه‌منی ده‌ستگیركران.
به‌یانی شه‌ممه‌ 26ی كانونی دوه‌می 2019، ‌تۆمه‌تبارێك به‌ كوشتن و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر ماڵان و دزیی، له‌ بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوا له‌ باكوری شاری كه‌ركوك له‌ بارودۆخێكی ته‌مومژاویدا هه‌ڵات، تائێستاش ده‌ستگیرنه‌كراوه‌ته‌وه‌.
عه‌قید نه‌وزاد ستار، به‌رێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوا له‌ سه‌روبه‌ندی روداوه‌كه‌دا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی نه‌هێشتنی تاوانی ره‌حیماوادا بووه و ده‌ركردنی له‌ناو زیندانه‌كه‌ به‌ فه‌رمانی ئه‌فسه‌ری ئێشكگر بووه‌”، به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر هه‌ڵاتنه‌كه‌ بدات.

تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌ زیندانه‌كه‌ی براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی توالێتی ژوری ئه‌فسه‌رێك

دوو كاتژمێر دوای هه‌ڵاتنی (ش، ل، ع)ی تۆمه‌تبار‌، ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك به‌ فه‌رمانی نوسینگه‌ی پشكنه‌ری گشتی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ستگیركران، له‌ نێویاندا عه‌قید نه‌وزاد ستار.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی ئاگادار به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “به‌رێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوا، ئه‌فسه‌ری نه‌هێشتنی تاوان له‌و بنكه‌یه‌، دوو ئه‌فسه‌ر و 19 پۆلیسی بنكه‌كه‌ به‌هۆی دۆسیه‌ی هه‌ڵاتنی زیندانیه‌كه‌وه‌ ده‌ستگیركراون”.
چۆنیه‌تی هه‌ڵاتنی زیندانییه‌كه‌، هێشتا به‌ نارونی ماوه‌ته‌وه‌ و پشكنه‌ری گشتی له‌ كه‌ركوك، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ پێكهێناوه‌.
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوا بۆ (كه‌ركوك ناو) “تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌ زیندانه‌كه‌ی براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی توالێتی ژوری ئه‌فسه‌رێك، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای ئه‌فسه‌ری ئێشكگر”.

تۆمه‌تباره‌كه‌ هه‌ڵاتووه‌كه‌، ساڵی رابردوودا به‌ چه‌ندین تۆمه‌تێكی جیاواز ده‌ستگیركرا، له‌ نێویاندا كوشتنی دوو هاوڵاتی له‌ دوو روداو و كاتی جیادا.
عه‌لی سه‌ڵاح، یه‌كێك بوو له‌ كوژراوه‌كان، كه‌ له‌ نیسانی 2018دا كاتێك هه‌وڵیدا روبه‌روبونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری دا له‌ ناوچه‌ی قادسییه‌ی كه‌ركوك بۆ رزگاركردنی دراوسێ كورده‌كه‌ی، له‌لایه‌ن گروپه‌كه‌وه‌ ته‌قه‌ی لێكرا، ئه‌وكات هه‌واڵی روداوه‌كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا له‌ میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
یه‌كێكی تر له‌ دۆسیه‌كانی ئه‌و تۆمه‌تباره‌ هه‌ڵاتووه‌، كوشتنی یونس ستار بوو له‌ گه‌ڕه‌كی حوڕییه‌ی شاری كه‌ركوك، كاتێك ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له‌ 18ی‌ ئه‌یلولی‌ 2018دا هه‌ڵیانكوتایه‌سه‌ر ماڵه‌كه‌یی و دوای كوشتنی، به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتن.
كه‌سوكاری یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كان، په‌یوه‌ندی به‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو)وه‌ كرد به‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت كاتژمێر 3:30 خوله‌كی شه‌ممه‌ 26ی كانونی دوه‌م خۆپشاندان بكه‌ن، دژی هه‌ڵاتنی تۆمه‌تباره‌كه‌.
له‌و واده‌یه‌دا په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌بوو، بینی هاوڵاتیان له‌ بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوا نزیكده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام نزیكنه‌بووه‌وه‌ له‌به‌ر مه‌ترسی كاردانه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، دوای كه‌مێك ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ بوو رویدا، پۆلیس به‌هێز بڵاوه‌ی به‌ خۆپیشانده‌ران كرد، له‌وكاته‌دا په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) توانی له‌ دوره‌وه‌ وێنه‌ بگرێت.
دوای كاتژمێرێك له‌ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران، جارێكیتر كه‌سوكاری قوربانیان په‌یوه‌ندییان كرده‌وه‌ و رایانگه‌یاند به‌ره‌و بنكه‌ی پۆلیس ده‌ڕۆن، تا له‌وێ داوای ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌ی سه‌ره‌كی بكات له‌ دۆسیه‌كانیاندا به‌ زوترین كات.

پۆلیس ناتوانن به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن، ئیتر چۆن به‌رگری له‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن و ده‌مانپارێزن

جه‌لال ستار، كه‌ زیندانه‌ هه‌ڵاتووه‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ تۆمه‌تبارانی كوشتنی براكه‌ی به‌ناوی یونس ستار، له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریی و چه‌ندین كه‌سی تردا له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی به‌رده‌م بنكه‌ی پۆلیس به‌شداربوو، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هه‌موو هه‌وڵێكمان دا بۆ دۆزینه‌وه‌ی بكوژی براكه‌م، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ گه‌یشتین به‌ یه‌كێك له‌و گروپه‌ له‌ پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل له‌ سلێمانی، یه‌كێكی تر له‌ كه‌ربه‌لا و دوو تۆمه‌تباری دیكه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌ستگیركران”.
تشرینی دوه‌می ساڵی رابردوو، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كاندا بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ تێیدا دوو كه‌سی چه‌كدار له‌ پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل له‌ شاری سلێمانی (ناسراو به‌مەعرەزی علوجەکان) هاوڵاتییه‌ك بریندارده‌كه‌ن، كه‌ به‌ تۆمه‌تی كوشتنی یونس ستار فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌بوو.
براكه‌ی یونس ستار وتی “ئێمه‌ تۆمه‌تبارانی دۆسیه‌كه‌مان ده‌ستگیركرد و راده‌ستی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانمان كرد، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا دانیان به‌وه‌شداناوه‌ ئه‌وان هه‌موو ئه‌و هاوڵاتییه‌ عه‌ره‌به‌یان كوشت كه‌ خۆی كرده‌ قوربانی بۆ رزگاركردنی دراوسێ كورده‌كه‌ی”.

حه‌وت چه‌كداری ده‌مامكدار له‌خه‌ودا هاوڵاتییه‌ك ده‌كوژن

له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌دا ماجد ریسان، مامی عه‌لی سه‌ڵاح، ئه‌و هاوڵاتییه‌ی له‌ كاتی رزگاركردنی دراوسێیه‌كیدا كوژرا، ده‌ستی بۆ ئاسمان به‌رزكرده‌وه‌ و به‌ده‌نگی به‌رز وتی “ئێمه‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ین نه‌ك ئه‌وان خزمه‌تی ئێمه‌ بكه‌ن، ئێمه‌ بوین تۆمه‌تباره‌كانمان ده‌ستگیركرد و راده‌ستی بنكه‌ی پۆلیسمان كرد، به‌ڵام تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌وان هه‌ڵات”.
ریسان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پێشتر بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوا و نه‌هێشتنی تاوانمان له‌و بنكه‌یه‌ ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتنێك هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵاتنی تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌به‌رانبه‌ر بڕێك پاره‌دا”.
“بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوا په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردین و وتیان یه‌كێك له‌ گروپه‌ تاوانكارییه‌كه‌ هه‌ڵاتون، كه‌ ئه‌ویش تۆمه‌تباری سه‌ره‌كییه‌ له‌ كوستنی خه‌ڵكی بێتاوان”، جه‌لال ستار واده‌ڵێت.
براكه‌ی یونس ستار وتیشی “سه‌رمانسوڕماوه‌ كه‌ پۆلیس ناتوانن به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن، ئیتر چۆن به‌رگری له‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن و ده‌مانپارێزن، مه‌عقول نیه‌ به‌بێ ئاماده‌بونی به‌رێوه‌به‌ر رێگه‌بدرێت تۆمه‌تبار له‌ زیندانه‌كه‌ی ده‌ربچێت به‌ناوی ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ به‌ر هه‌تاو”.
به‌وته‌ی ئه‌و، دوابه‌دوای روداوه‌كه‌وه‌، كه‌سوكاری تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ستگیركراون، به‌ڵام (كه‌ركوك ناو) نه‌یتوانی له‌ راستی و دروستی ئه‌و زانیارییه‌ دڵنیابێته‌وه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن