شه‌ریهان به‌دیار سێ ئازاره‌وه ده‌تلێته‌وه
دایكیان به 27 فیشه‌ك كوشت و چاره‌نوسی براكه‌شی نازانێت
February 27, 2019 at 2:21 pm

شه‌ریهان ره‌شۆ (21 ساڵ) كچه رزگاربوی ئێزیدی ده‌ستی داعش
عه‌مار عه‌زیز – دهۆك
شه‌ریهان ره‌شۆ، هێشتا به‌و ئازاره‌وه ده‌تلێته‌وه، كه له‌پێش چاوه‌كانیدا له هاوینێكی گه‌رمی مانگی ئابدا دایكی گولهبارانكرا، ئه‌و كه هێشتا نه‌هامه‌تی 20 جار كڕین و فرۆشتن له بازاڕه‌كانی داعشدا به‌رینه‌داوه، له چاوه‌ڕوانی بینینه‌وه‌ی براكه‌ی شه‌و و رۆژ به‌ڕێده‌كات.
شه‌ریهان كه چوار ساڵه له‌و ئازار و مه‌ینه‌تییانه‌دا به‌رگه‌ی گرتووه، سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه، له‌گه‌ڵ رزگاركردنی هه‌واڵێكی ناخۆشی به كه‌سوكاره‌كه‌ی گه‌یاند، ئه‌ویش له‌ده‌ستدانی دایكی بوو، دوای ئه‌وه‌ی به‌چه‌ك روبه‌ڕوی چه‌كدارانی داعش بۆته‌وه و له‌گه‌ڵ كوشتنی چه‌كدارێك و برینداركردنی یه‌كێكی تر، به 27 گولـله كۆتاییان به‌ژیانی هێناوه.
“دایكم چه‌كێكی له جله‌كانیدا شاردبۆوه، چه‌كه‌كه‌ی ده‌رهێنا و توانی چه‌كدارێكی داعش بكوژێت و یه‌كێتی تر برینداربكات، بۆیه هه‌ر له‌وێ 27 گولـله‌یان پێوه‌نا و شه‌هیدیان كرد” شه‌ریهان ره‌شۆ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و روداوه 3ی ئابی 2014 بوو، چه‌ند كاتژمێرێك دوای گه‌یشتنی داعش به شنگال و ده‌ستگیركردنی شه‌ریهان له‌گه‌ڵ دایكی و برایه‌كیدا له ناحیه‌ی سنونێ، به دیاریكراوی له مه‌فره‌قی ناحیه‌كه‌دا كاتێك وه‌كو دیله له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانه‌وه كۆكرانه‌وه.
به‌یانی ئه‌و رۆژه، هێرشه‌كه بۆ ماڵی شه‌ریهان كتوپڕ بوو وه‌كو زۆربه‌ی ئێزیدییه‌كانی تر، ئه‌وان خێزانێكی گه‌وره بون، هه‌شت خوشك و دوو برا، باوكی به ئۆتۆمبێله بچوكه‌كه‌ی فریانه‌كه‌وت هه‌موویان رزگاربكات.

شه‌ریهان له‌گه‌ڵ براكه‌یدا كه هێشتا چاره‌نوسی دیارنییه
“دوای شه‌هیدكردنی دایكم، من و براكه‌م گواستراینه‌وه بۆ خانه‌سۆر (له شنگال) و چوار رۆژ له‌وێ ماینه‌وه، دواتر ره‌وانه‌ی سوریا كراین، بۆ مانگێك له قوتابخانه‌یه‌ك بوین، به خۆراكێكی كه‌م و له شوێنێكی پیس”.
دوای ئه‌و مانگه، سه‌ره‌تای ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كی تری شه‌ریهان ره‌شۆ-ی ته‌مه‌ن 21 ساڵ ده‌ستپێكرد، كچان و ژنانی ئێزیدی جیاكرانه‌وه؛ به‌شێك له‌وانه‌ی هاوسه‌رگیرییان نه‌كردوو ره‌وانه‌ی ته‌له‌عفه‌ر كرانه‌وه و به‌شێكی دیكه‌ش، دوای ماكیاژ و جوانكاری له بازاڕدا كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌كرا.
“به‌رانبه‌ر به پاره، ئۆتۆمبێل، خانوو، دیاری و كه‌لوپه‌لی ناوماڵ مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنیان به ئێمه‌وه كرد”، شه‌ریهان ده‌ڵێت نه‌یانده‌زانی به بڕی چه‌ند پاره یان چ شمه‌كێك فرۆشراون.
ئەو ئێزیدییانەی لەلایەن داعشەوە ده‌ستبه‌سه‌ركران، شەش هەزارو 417 كەس بوون و زیاتر له هه‌زار هاوڵاتیش به منداڵ و ژن و كچانه‌وه، به ده‌ستی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه له ئابی 2014وه روبه‌روی مه‌رگ كراونه‌ته‌وه.
به‌رانبه‌ر به پاره، ئۆتۆمبێل، خانوو، دیاری و كه‌لوپه‌لی تر مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنیان به ئێمه‌وه كرد
رفێنراوانی ئێزیدی، له ناوچه‌كانی حوكمڕانی داعش، به تایبه‌ت له ره‌ققه‌ی سوریا و شاری موسڵ له عیراق، له نێو خۆیاندا كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌كرا، جگه له ده‌ستدرێژیی و ره‌فتاری توندوتیژانه‌ی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه كه رۆژانه ناچاربون له‌گه‌ڵیدا بژین.
شه‌ریهان نمونه‌یه‌كی زیندوی چوار ساڵه له‌و ئازار و توندوتیژییانه، له‌وكاته‌ی له شنگاله‌وه ره‌وانه‌ی سوریا كراوه تا رزگاربونی، زیاتر له 20 جار كڕین و فرۆشتنی پێوه‌كراوه، وه‌كو خۆی ده‌ڵێت.
“له به‌عاجی نه‌ینه‌وا دوو چه‌كدار به‌ناوه‌كانی ئهبوزیاب كوردی و سه‌عد ته‌لال منیان كڕی، دوای هه‌فته‌یه‌ك فرۆشرامه كه‌سێك له موسڵ به‌ناوی ئه‌بوئه‌حمه‌د جه‌زراوی، ئه‌و زۆر خراپ بوو، سێ مانگ دواتر فرۆشرامه ئه‌بوئیبراهیم عیراقی و پاش دوو رۆژ چه‌كدارێكی تر كه ناوی ئه‌بوناسر شامی بوو منی كڕییه‌وه”.

شه‌ریهان له‌گه‌ڵ باوكی
شه‌ریهان له‌لایه‌ن شامی روبه‌روی گرفتی زیاتر بۆوه، “له‌و دوگیان بوم به‌هۆی ده‌ستدرێژییه‌وه و هه‌وڵی لهباربردنیم دا، بۆیه توشی خوێنبه‌ربون بوم”.
دوای ئه‌و روداوه‌كه چه‌كداره‌كه‌ی داعش شه‌ریهان ده‌فرۆشێته كه‌سێكی تر رێكخراوه‌كه به‌ناوی ئه‌بو سارا عیراقی، “ئه‌و 50 كچی ئێزیدی لابوو، به ئاره‌زوی خۆی كڕین و فرۆشتنی پێوهدهكردن”.
له كۆی رفێنراوانی ئێزیدی، هێشتا زیاتر له سێ هه‌زار له نێویاندا كچان و ژنان بێسه‌روشوێنن، له كاتێكدا داعش له عیراق ده‌سه‌ڵاتی نه‌ماوه و له سوریاش به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات.
ئه‌و پلانه‌ی دامانڕشتووه جیاوازه و هه‌وڵده‌ده‌ین ژماره‌یه‌كی باش له رفێنراوان رزگاربكه‌ین
حسێن قائیدی، لێپرسراوی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدیی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و پلانه‌ی دامانڕشتووه بۆ ساڵی 2019 جیاوازه له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردودا و هه‌وڵده‌ده‌ین ژماره‌یه‌كی باش له رفێنراوان رزگاربكه‌ین”.
له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه ده‌یان ئێزیدی له سوریا رزگار كراون له ده‌ستی داعش، له نێویاندا چه‌ندین كچ و ژنی خه‌ڵكی ناوچه جیاوازه‌كانی شنگال (120 كم خۆرئاوای موسڵ)، به‌وته‌ی قائیدی.
ته‌نیا له 9ی شوباتی ئه‌مساڵدا، 12 هاوڵاتی ئێزیدی، پێنج ژن و كچ له‌گه‌ڵ حه‌وت منداڵ، له سوریاوه گه‌ڕێندرانه‌وه بۆ شنگال و به كه‌سوكاریان شادبونه‌وه، دوای رزگاركردنی له ساڵی رابردودا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌ده‌سه)وه.

ساتی شادبونه‌وه‌ی شه‌ریهان به خێزانه‌كه‌ی له قه‌زای شێخان
شه‌ریهان ره‌شۆ، یه‌كێكه له رزگاركراوانی سوریا، به‌ڵام به پلانی خۆیی و هاوئاینێكی و كه‌سوكاره‌كه‌ی، سه‌ره‌تای ئه‌و هه‌وڵه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وكاته‌ی توانیویه‌تی هه‌رچۆنێك بێت په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی به خێزانه‌كه‌یه‌وه بكات، تا له شوێنی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئاگاداریانبكاتهوه.
“به خێزانه‌كه‌م وت لای چه‌كدارێكی داعشم به‌ناوی ئه‌بوعومه‌ر حه‌قیقی، داوامكرد هه‌وڵی رزگاركردنم بده‌ن، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ هه‌ندێك كه‌سی تر پاره‌یان كۆكرده‌وه و له‌رێی كه‌سێكی ئێزیدییه‌وه، به 13 هه‌زار دۆلار (130 وه‌ره‌قه) رزگاركرام”.
هیچ شتێكم ناوێت ته‌نیا چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی هه‌واڵێكی خۆش ده‌كه‌م به رزگاربونی براكه‌م
هه‌رچه‌نده له مه‌ینه‌تییه‌كانی ژێرده‌ستی داعش رزگاری بوو، به‌ڵام هێشتا شه‌ریهان دوو خه‌می تر به قوڵی ئازاری ده‌كه‌ن، یادی قوربانیدانی دایكی و بێسه‌روشوێنبونی براكه‌ی.
شه‌ریهان و خێزانه‌كه‌ی قه‌رزاری ئه‌و پاره‌یه‌ن له به‌رانبه‌ر ئازادكردنیدا خه‌رجكرا، ئه‌وان له خانویه‌كی ته‌واونه‌كراوی ناحیه‌ی باعه‌درێ له قه‌زای شێخان ده‌ژی، “زۆر بێزارم له ژیان و هیچ شتێكم ناوێت ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی هه‌واڵێكی خۆش ده‌كه‌ن به رزگاربونی براكه‌م”، شه‌ریهان وای وت.