نرخی هه‌رزانه‌، به‌ڵام ته‌ندروست نییه‌
حكومه‌ت ناتوانێت گۆشتی سه‌ر شه‌قامه‌كان بنه‌بڕبكات

February 20, 2019 at 5:25 pm

شه‌قامێكی سه‌ره‌كی كه‌ركوك/شوباتی 2019/ ژماره‌یه‌ك مه‌ڕوماڵات ئاماده‌كراون بۆ سه‌ربڕین و فرۆشتنی گۆشته‌كانیان به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌كان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

هه‌نگاوه‌كانی ئیداره‌ی كه‌ركوك نه‌یتوانیوه‌ فرۆشتنی گۆشت به‌شێوه‌ی نایاسایی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی شاره‌كه‌ و سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ دور له‌ رێنماییه‌كان بنه‌بڕبكات، هه‌رچه‌نده‌ هۆشداریی ده‌درێت كه‌ مه‌رجی ته‌ندروستی تیانییه‌.

بێئه‌نجامی هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت له‌كاتێكدایه‌ به‌هۆی كه‌می نرخی گۆشته‌كه‌وه‌ كڕیاری باشیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ دیار‌ده‌كه‌ روو له‌زیادبون بێت.

فەتحوڵا سالم، یەکێکە لەو کەسانەی کە لەسەر شەقامێكی سه‌ره‌كی كه‌ركوك گۆشت ده‌فرۆشێت، وتی “دەزانم کارەکە نایاساییه‌، بەڵام ئه‌گەر تەنیا من ئەو كاره‌ ده‌كه‌م با دایبخه‌ن”.

دەزانم کارەکە نایاساییه‌، بەڵام ئه‌گەر تەنیا من ئەو كاره‌ ده‌كه‌م با دایبخه‌ن

“کاتێک مەڕوماڵات سەردەبڕم، رەچاوی پاکوخاوێنی دەکەم، گۆشته‌كه‌ پارچەپارچه‌ دەکەم و راستەوخۆ بە نایلۆین دایدەپۆشم، ئه‌گەر من پارەم هەبوایە ئەوا دوکانێکم به‌كرێ ده‌گرت و له‌وێ گۆشتم ده‌فرۆشت”، فه‌تحوڵا جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز كڕیاره‌كانی گله‌ییان لێ نه‌بووه‌.

له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ئه‌و كاره‌ی فه‌تحوڵا، دوجار نایاساییه‌، جارێكیان سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵه‌كانه‌‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌، ئه‌وه‌ی تریش فرۆشتنی گۆشته‌كه‌یه‌تی له‌هه‌مان شوێن.

سەلمان نەعمان، هه‌میشه‌ بۆ كڕینی ئه‌و گۆشته‌ ده‌چێته‌ سه‌ر پردی چواری كه‌ركوك، وتی “راستە ئەم گۆشته‌ هیچ مەرجێکی تەندروستی تیانییە، نازانین ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ نه‌خۆشه‌ یان چییه‌، بەڵام هەرزانی نرخەکەی وایکردووە كه‌ من بیكڕم”.

راستە ئەم گۆشته‌ هیچ مەرجێکی تەندروستی تیانییە، نازانین ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ نه‌خۆشه‌ یان چییه‌، بەڵام هەرزانی نرخەکەی وایکردووە كه‌ من بیكڕم

نرخی كیلۆیه‌ك گۆشتی نه‌رمه‌ له‌ قه‌سابخانه‌كانی كه‌ركوك به‌ 14 هه‌زار دیناره‌، به‌ڵام سه‌لمان ده‌ڵێت ئه‌و دوو كیلۆ گۆشتی شه‌قامه‌كان به‌و نرخه‌ ده‌كڕێت.

“من چەندینجار لێرە گۆشتم کڕیوە، بەڵام دوچاری هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبومەتەوە”، سه‌لمان وایوت.

به‌پێی رێنماییه‌كانی ڤێته‌رنه‌ری كه‌ركوك، ئاژه‌ڵ ده‌بێت له‌ كوشتارگه‌ سه‌رببڕدرێت و مۆری مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی لێبدرێت، دواتر له‌ قه‌سابخانه‌ گۆشته‌كه‌ی بفرۆشرێت.

لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی ئیداره‌ی كه‌ركوك، له‌ نێوان بەڕێوه‌بەرایەتی تەندروستی، قایمقامیەت، ڤێته‌رنەریی و ژینگە پێكهێنراوه‌ به‌مه‌به‌ستی روخاندن و لابردنی ئەو شوێنانەی کە لەسەر شەقامه‌كان ئاژه‌ڵی لێ سه‌رده‌بڕدرێت و گۆشته‌كانیان هه‌ر له‌وێ ساخده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی دکتۆر ئەکرەم کەنعان، به‌ڕێوه‌بەری فەرمانگەی ڤێتەرنەری کەرکوک.

دكتۆر ئه‌كره‌م به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “تائێستا چەندین کەس لەلایەن پۆلیسەوە لەسەر ئەو بابەتە دەسگیرکراون، بەڵام دواتر دادگا بە بڕێکی کەمی پارە ئازادی کردون”.

شه‌قامێكی سه‌ره‌كی كه‌ركوك/شوباتی 2019/ ژماره‌یه‌ك مه‌ڕوماڵات ئاماده‌كراون بۆ سه‌ربڕین و فرۆشتنی گۆشته‌كانیان به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌كان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

وتیشی “ئەو گۆشتەی کە له‌و شوێنانه‌ دەفرۆشرێت هیچ مەرجێکی تەندروستی تیانییە و پشكنینیان بۆ ناكرێت، پێویستە ئەو ئاژەڵانەی سەردەبڕدرێن ببرێنە سەربڕخانەی کەرکوک و لەوێ لیژنەی تەندروستی چاودێری ئەو گۆشتە بكات”.

به‌پێی ئاماره‌كانی ڤێته‌رنه‌ری، ئه‌و كه‌سانه‌ی گۆشت به‌شێوه‌ی نایاسایی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌فرۆشن، روو له‌زیادبونن، بۆیه‌ داواده‌كرێت پۆلیس هێزی زیاتر بۆ چاودێری شه‌قامه‌كان دابنێت.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن