كۆسره‌ت ره‌سوڵ: سازش ناكه‌ین
یه‌كێتی بۆ كه‌ركوك داوای سازان ده‌كات

February 20, 2019 at 12:19 pm

سلێمانی، 20ی شوباتی 2019، كۆبونه‌وه‌ی فراوانی لێپرسراوان و كادیرانی باڵای یه‌كێتی فۆتۆ: میدیای یه‌كێتی

كه‌ركوك ناو

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، داوای سازانی لایه‌نه‌كان ده‌كات بۆ دۆسیه‌ی كه‌ركوك و جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌، سازش له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی خه‌ڵك ناكه‌ن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ی شوبات له‌ شاری سلێمانی، لێپرسراوانی باڵای یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ته‌واوی ستافی مه‌ڵبه‌ند و مه‌كته‌به‌كانی حزبه‌كه‌یاندا كۆبونه‌وه‌، بۆ تاوتوێی روداوه‌ سیاسییه‌كان، له‌ نێویاندا ناكۆكی یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ر دۆسیه‌كانی كه‌ركوك و پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وتی “دژی سیاسه‌تی دووبه‌ره‌كین و سازشیش له‌سه‌ر داواكارییه‌ ڕه‌وانی خه‌ڵك ناكه‌ین”، داواشیكرد كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌ی ئه‌نجامبدرێت كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌ واده‌ی خۆی دواكه‌وتوه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی میدیای یه‌كێتی.

كۆبونه‌وه‌كه‌ی یه‌كێتی دوای ئه‌وه‌دێت له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، پارتی و لایه‌نه‌كانی تر به‌بێ ئه‌وان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانیان هه‌ڵبژارد، دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پۆسته‌كان و هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری كه‌ركوك نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن.

حاكم قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ كۆبونه‌وه‌ی كادیره‌كانیاندا وتی “ده‌بێت دۆسیه‌ی كه‌ركوك به‌ سازان چاره‌سه‌ربكرێت و ڤیتۆشمان له‌سه‌ر هیچ كه‌س و لایه‌نێك نییه‌”.

هه‌روه‌ها رونیكردوه‌ “رێكه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك بوو، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌ك یه‌كێتی داوای حوكمڕانییه‌كی راشید ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵی باشتركردنی حكومڕانی له‌ هه‌رێم بده‌ین”.

به‌پێی ره‌شنوسێك پارتی و یه‌كێتی له‌ 5ی شوبات بڕیاریاندا كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجامبدرێت به‌ ئامانجی هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ، به‌ڵام ناكۆكی له‌سه‌ر شوێنی كۆبونه‌وه‌كه ‌و سه‌رۆكایه‌تیكردنی و پرسی به‌شداریكردنی پێكهاته‌كانی تر، كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ بۆ كاتێكی نادیار دواخست.

له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژی یه‌كێتی دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی كادیرانی حزبه‌كه‌ی به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند “ئه‌گه‌ر بڕیاربێت دانوستانی قۆناغی دوه‌م ده‌ستپێبكاته‌وه‌ له‌دوای دانیشتنی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، یه‌كێتی قسه‌یه‌كی جیاوازتری ده‌بێت و له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه‌”.

داواكاری سه‌ره‌كی یه‌كێتی له‌ پارتی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاری كه‌ركوك له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا پارێزگارێكی نوێ له‌ پشكی یه‌كێتی هه‌ڵبژێردرێت و ئه‌وه‌ش له‌ رێككه‌وتنێكی نوسراودا واژۆبكرێت، تا له‌ به‌رانبه‌ردا به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم بكات.

“پارێزگاری كه‌ركوك مافی ئێمه‌یه‌”یه‌كێتی بایكۆتی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كات

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن