نوێترین توێژینه‌وه‌ی ئیداره‌ی كه‌ركوك: نیوه‌ی پارێزگاكه‌ وێران بووه‌

February 20, 2019 at 3:00 pm

به‌‌غدا/17ی شوباتی 2019/ نیشاندانی وێنه‌ی گوندێكی خاپور بوو له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگای كه‌ركوك

كه‌ركوك ناو

لانیكه‌م نیوه‌ی ئیداره‌ی كه‌ركوك به‌هۆی شه‌ڕی چوار ساڵه‌ی داعش-ه‌وه‌ وێران بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی نوێترین توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانی ئیداره‌ی پارێزگاكه‌ كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌ به‌غدا‌ پێشكه‌شكرا.

ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ هه‌ینی رابردوو 17ی شوبات راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق و سه‌رۆكی سندوقی دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتوه‌كان و نوێنه‌ری‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان خرایه‌ڕوو، به‌ ئاماده‌بونی پارێزگای نه‌ینه‌وا و پارێزگا زیانلێكه‌وتووه‌كانی تر.

روبه‌ڕی پارێزگای كه‌ركوك به‌پێی توێژینه‌وه‌كه‌ 9700كم دوجایه‌ و له‌و روبه‌ره‌ش 5500كم دوجای به‌ ناوچه‌ی زیانلێكه‌وتوو و وێران هه‌ژماركراوه‌، ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌ زیاتر له‌ سه‌دا 50ی روبه‌ڕی كه‌ركوك.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌ له‌كۆی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دانیشتوی پارێزگای كه‌ركوك، 600 هه‌زاریان ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ زیانلێكه‌وتوو و كۆنترۆڵكراوه‌كانه‌وه‌ و له‌و زیانانه‌دا زیاتر له‌ 15 هه‌زار خانوو خاپور بون.

هه‌ر به‌پێی توێژینه‌وه‌كه‌ له‌سه‌دا 50ی داموده‌زگا حكومییه‌كان زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ و 116 گوند به ‌ته‌واوی خاپوربون.

له‌سه‌دا 50ی داموده‌زگا حكومییه‌كان زیانیان به‌ركه‌وتووه‌

له‌ 10ی حوزه‌یرانی 2014 داعش نزیكه‌ی شه‌ش یه‌كه‌ی ئیداری پارێزگای كه‌ركوكی به‌ته‌واوی كۆنترۆڵكرد، له‌وانه‌ حه‌ویجه، ریاز، ره‌شاد، عه‌باسی، زاب و مولته‌قا. به‌پێی توێژینه‌وه‌كه‌ مولته‌قا به‌ته‌واوی خاپور بووه‌.

به‌‌غدا/17ی شوباتی 2019/ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پارێزگا زیانلێكه‌وتوه‌كان فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگای كه‌ركوك

هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی دوبز، داقوق و تازه‌ كه‌ سه‌دان گوندیان به‌سه‌ره‌وه‌بوو ئه‌وكات كه‌وتنه‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌پێی توێژینه‌وه‌كه‌.

راكان سه‌عید، له‌كاتی خستنه‌ڕوی توێژینه‌وه‌كه‌دا وتویه‌تی “له‌وكاته‌وه‌ی پلانی سه‌پاندنی یاسا جێبه‌جێكراوه‌، پارێزگاكه‌ به‌ بارودۆخێكی ئارام و سه‌قامگیردا تێده‌په‌ڕێت، پێكه‌وه‌ژیان له‌نێوان پێكهاته‌كاندا هه‌یه‌ سه‌رباری ئه‌و كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییانه‌ی به‌هۆی سیاسه‌تی پێشوو دروستبووه‌”.

ئاوه‌دانكردنه‌وه‌

راكان سه‌عید هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی زیاتر له‌ 300 پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و دوباره‌ بونیاندانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان جێبه‌جێده‌كه‌ن، “به‌ڵام ناتوانین هیچ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ و سه‌ره‌كی ئه‌نجامبده‌ین له ‌نێویاندا دوباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاریی بۆ گونده‌ خاپوربو‌ه‌كان تا خه‌ڵكه‌ ئاواره‌كه‌ی بتوانن ژیان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌”.

پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ توانیویانه‌ له‌‌سه‌دا 70ی ئاواره‌كان بۆ حه‌ویجه ‌و ناوچه‌كان بگه‌ڕێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر راسپارده‌ی ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، هه‌ریه‌ك له‌ كه‌مپه‌كانی له‌یلان 3، نه‌زراوه‌، باوه‌ و داقوق، دابخه‌ن، به‌ڵام هێشتا هه‌زاران ئاواره‌ له‌ سێ كه‌مپی تردا ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌یان خه‌ڵكی پارێزگاكه‌ن.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن