زانكۆی كه‌ركوك پاڵێوراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئۆسكاری خوێندنی باڵا

February 21, 2019 at 11:19 am

ده‌روازه‌ی زانكۆی كه‌ركوك

كه‌ركوك ناو

زانكۆی كه‌ركوك، یه‌كێكه‌ له‌و ده‌یان زانكۆیه‌ی ئاسیا كه‌ پاڵێوراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئۆسكاری خوێندنی باڵا، هاوشانی ژماره‌یه‌ك زانكۆی ژاپۆن، مالیزیا، توركیا و سه‌نگافوره‌.

ماڵپه‌ڕی ره‌سمی خه‌ڵاتی ئۆسكاری خوێندنی باڵا، ناوی ته‌واوی ئه‌و زانكۆیانه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ بۆ ساڵی 2019 پاڵێوراون بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته‌، كه‌ ساڵانه‌ ده‌یان زانكۆ و دامه‌زراوه‌یی په‌روه‌رده‌یی به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن و بڕیاره‌ له‌ ئیڤێنتێكدا له‌ 30ی نیسانی ئه‌مساڵ تاوه‌كو 2ی ئایار ناوی براوه‌كان رابگه‌یه‌نرێت.

به‌پێی ماڵپه‌ڕه‌كه‌، ساڵانه‌ له‌ پێنج بواردا ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌سه‌ر زانكۆكاندا دابه‌شده‌كرێت، له‌وانه‌ ئه‌و زانكۆیانه‌ی ستراتیژێكی نێوده‌وڵه‌تییان هه‌بووه‌ له‌ناو زانكۆكه‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تییان په‌یڕه‌وكردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پاڵپشتی خوێندكاران بون و به‌ پاكێجێك یارمه‌تی خوێندكارانیان داوه‌، كه‌ زانكۆی كه‌ركوك بۆ ئه‌مه‌ی دواییاندا پاڵێوراوه‌.

ئه‌و زانكۆیانه‌ی نمونه‌یی بون و كه‌سانی به‌‌توانا به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له‌ڕوی ته‌كنه‌لۆژییه‌وه‌ به‌هێز بون، دوو نمونه‌ی تری ئه‌و زانكۆیانه‌ن كه‌ خه‌ڵاته‌كانیان پێده‌درێت.

عومه‌ر ئینجه‌، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی كه‌ركوك، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌پای ئه‌و هه‌وڵ و ماندوبونه‌ی له‌ ساڵانی رابردودا بۆ خوێندكارانی ئاواره‌ داومانه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌وڵه‌ چڕه‌كانمان كه‌ نه‌مانهێشت خوێندنی لانیكه‌م 50 هه‌زار خوێندكاری زانكۆ بفه‌وتێت، راپۆرتێكی تێروته‌سه‌لمان بۆ لیژنه‌ی دیاریكردنی دابه‌شكردنی ئه‌و خه‌ڵاته‌ نارد و خۆشبه‌ختانه‌ دوای پاڵاوتنمان‌، له‌ ئێستادا ئاگاداركراوینه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی یه‌كێكین له‌ براوه‌كانی خه‌ڵاته‌كه‌”.

دەروازەی زانكۆی كەركوك فۆتۆ: پەیجی زانكۆ لە فەیسبوك

ساڵانه‌ ده‌یان زانكۆ و دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی له‌ 13 ناوچه‌ی جیاوازی ئاسیا به‌شدارده‌بن و خه‌ڵاته‌كه‌ به‌و پێنج زانكۆیه‌ ده‌درێت كه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ی سه‌ره‌وه‌یان تیایه‌.

زانكۆی چین له‌ هۆنگ كۆنگ، كه‌ركوك له‌ عیراق، كۆچ له‌ توركیا، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك زانكۆی به‌ناوبانگی مالیزیا،‌ سه‌نگافوره‌، ئۆكرانیا و ژاپۆن پاڵێوران.

زانكۆی كه‌ركوك له‌ ساڵی 2014 تاوه‌كو 2018 پێشوازی له‌ 50 هه‌زار خوێندكارانی زانكۆكانی موسڵ، تكریت، دیاله و ئه‌نبار‌ كرد، دوای ئه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و نه‌یانتوانی درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن.

بڕیاره‌ ئیڤێنته‌كه‌ له‌ ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌دا له‌ زانكۆی خه‌لیفه‌ له‌ ئه‌بوزه‌بی به‌ڕێوه‌بچێت، ده‌یان كۆمپانیای گه‌وره‌ له‌ نێویاندا هواوی و مایكرۆسۆفت سپۆنسه‌ری ده‌كه‌ن.

زانکۆی که‌رکوک له‌ ساڵی 2003دا دامه‌زراوه‌، سه‌ره‌تا له‌ چوار کۆلێژ پێکهاتبوو، ئێستا زیاتر له‌ 15 کولێژ و به‌شی جیاواز له‌خۆده‌گرێت.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن