سه‌رباری نه‌مانی گومرگ
شۆفیرانی بارهه‌ڵگر به‌ پاره‌ ده‌چنه‌ كه‌ركوكه‌وه‌

February 21, 2019 at 2:30 pm

كه‌ركوك/16ی شوباتی 2019/ یه‌كه‌م رۆژی هه‌ڵگرتنی خاڵی گومرگی كه‌ركوك – هه‌ولێر فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

شۆفێرانی بارهه‌ڵگر ئاشكرایده‌كه‌ن، له‌ به‌رانبه‌ر پێدانی بڕه‌ پاره‌یه‌كدا رێگه‌یان پێده‌درێت باره‌كانیان ببنه‌ كه‌ركوكه‌وه‌، له‌ كاتێكدا هه‌فته‌یه‌كه‌ گومرگه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ به‌ڕوی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ڵگیراون.

خاڵه‌ گومرگییه‌كانی شێراوه‌ له‌ باكور و له‌یلان له‌ خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك، شه‌ممه‌ 16ی شوبات به‌ ته‌واوی هه‌ڵگیران به‌پێی بڕیاری حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، دوای رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا.

دوابه‌دوای جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ و سه‌رباری نه‌مانی گومرگه‌كان، شۆفێرانی بارهه‌ڵگر كاتێك ویستویانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بچنه‌ كه‌ركوك، له‌ بازگه‌كانی چونه‌ ناو پارێزگایه‌ رێگرییان لێكراوه‌.

سەرکەوت کامەران، شۆفێری بارهه‌ڵگر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بۆ چوار كاتژمێر زیاتر له‌ 100 ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر له‌ بازگه‌ی چونه‌ ناو كه‌ركوك رێگرییمان لێكرا، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێگه‌یان نه‌دا بچینه‌ ناو كه‌ركوك و داوای بڕێك پاره‌یان ده‌كرد”.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو) و وته‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ شۆفێرانی بارهه‌ڵگر، له‌كاتی رێگرییه‌كاندا ناڕه‌زایی دروستبووه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر پاره‌دا، رێگه‌دراوه‌ باره‌كانیان ببنه‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌.

“باری ئۆتۆمبێله‌كه‌ی من كه‌ره‌سته‌ی بیاسازی بوو، دوای چوار كاتژمێر و به‌بڕی 100 هه‌زار دینار رێگه‌درا بچمه‌ كه‌ركوك”، سه‌ركه‌وت كامه‌ران وتیشی “به‌رێگه‌ی نایاسایی گێچه‌ڵی زۆر به‌ شۆفێران ده‌كرێت و رێگریی ده‌كرێت تێبپه‌ڕن”.

خاڵه‌ گومرگییه‌كانی نێوان كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا له‌گه‌ڵ هه‌رێم، له‌ ئه‌یلولی 2018‌ كرانه‌وه‌ و به‌هۆی دانانی باج له‌سه‌ر چه‌ندین شمه‌ك، ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌ و نرخی به‌شێك له‌ پێداویستیه‌كانی خه‌ڵك به‌رزبۆوه.

ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوه‌بەری گشتی خاڵە گومرگییەكانی هەرێمی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “شوفێرێکی زۆر سکاڵای تۆماری کردووە لای ئێمە کە لە بازەگه‌كان رێگرییان لێدەکرێت، نوسراوی فەرمیمان بۆ حکومەتی عێراق ناردوە و نارەزایەتی خۆمان و شوفێرمان پێگه‌یاندوون”.

هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، مانگی رابردوو گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر یه‌كخستنی باج و كاروباری گومرگه‌كان و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، له‌ نێویاندا هه‌ڵگرتنی گومرگی نێوان پارێزگاكان.

به‌وته‌ی‌ ساماڵ ئه‌و رێكارانه‌ی له‌ بازگه‌كاندا هه‌یه‌ سه‌رباری هه‌ڵگرتنی گومرگه‌كان، “پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنی هه‌رێم و عیراقه‌، بۆیه‌ كارده‌كه‌ین بۆ راگرتنی ئه‌و جۆره‌ ره‌فتار و مامه‌ڵه‌یه‌”.

پێشتر په‌رله‌مانی عیراق، چوارشه‌ممه‌ 21ی تشرینی دوه‌می 2018، بڕیاریدا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌ سه‌رده‌می حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ردا به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌ركراون، له‌ نێویاندا دانانی چه‌ند خاڵێكی گومركی له‌ هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركوك و نه‌ینه‌واوه‌ به‌ره‌و ڕوی هه‌رێمی كوردستان.

خاڵه‌ گومرگییه‌كانی كه‌ركوك هه‌ڵگیران

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن