هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ كه‌ركوك:
دوو داعش كوژران و دوانی تر برینداربون

February 22, 2019 at 11:56 am

كەركوك، 28-2-2018، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی لە قەزای حەویجە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش كوژران و برینداربون، له‌ نێویاندا سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بۆ (كه‌ركوك ناو).

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری ئه‌منی ئاشكرایكرد دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 21ی شوبات، له‌ گوندی ئه‌لبوشاهر ناحیه‌ی یایچی -12كم له‌ خۆرئاوای پارێزگای كه‌ركوك، پێكدادان له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ژماره‌یه‌ك چه‌كدار رویداوه‌، كه‌ به‌وته‌ی ئه‌وان داعش بون.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌ دوای گه‌یشتنی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و چه‌كدارانه‌، گه‌مارۆی گونده‌كه‌ دراوه‌، له‌ ئه‌نجامدا یه‌كێك له‌ داعشه‌كان كوژراوه‌ و دوانی تر ده‌ستگیركراون، كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ كوشتنی كارمه‌ندێكی پۆلیسی فیدراڵی.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ سه‌رباری تێپه‌ڕینی زیاتر له‌ ساڵێك به‌سه‌ر كۆتایی داعش له‌ عیراق، به‌ڵام هێشتا جموجۆڵی چه‌كداریی و روداوه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك.

راگه‌یاندنی لیوای 16ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ كه‌ركوك بڵاویكرده‌وه‌، هێزه‌كانیان به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزه‌ عیراقییه‌كانی تر توانیویانه‌ له‌ناوشاری كه‌ركوك، مه‌یزه‌ر جه‌والی سه‌ركرده‌ی دیاری داعش بكوژن.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌و هێزه‌دا هاتووه‌، سه‌ركرده‌كه‌ی داعش له‌ گه‌ڕه‌كی 1ی حوزه‌یرانی كه‌ركوك و له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكدا كوژراوه‌.

ئه‌و چه‌كداره‌ی داعش، رۆژی پێشتر و له‌كاتی گه‌مارۆدانی له‌ گه‌ڕه‌كێكی كه‌ركوك توانی هه‌ڵبێت، به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بۆ (كه‌ركوك ناو).

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ پێشتر وتی “كاتژمێر 5ی ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ 20ی شوبات زانیاری هه‌واڵگری هه‌بوو له‌سه‌ر شوێنی مه‌یزه‌ر جه‌والی له‌ گه‌ڕه‌كی حه‌ی واستی كه‌ركوك كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی داعش، دوای گه‌یشتنی هێزه‌كان و چاودێری، ته‌قه‌كردن رویداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ كارمه‌ندێكی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كوژراوه‌ و یه‌كێكی تر برینداربووه‌، به‌ڵام سه‌ركرده‌كه‌ی داعش هه‌ڵات”.

دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك، له‌ژێر ده‌ستی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كاندایه‌ و له‌ناوشار، پۆلیسی ناوخۆیی و لیوایه‌كی سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران هه‌یه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌ش سوپا و پۆلیسی فیدراڵی وحه‌شدی شه‌عبی جێگیركراون.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن